ئازاد رواندزی
دوای خۆسەپاندنی هێڵی راستڕەو و فیوداڵ کورد، بەسەر جوڵانەوەی ئەیلول. برژوازی بچوک و رۆشنبیران بە پێشەنگایەتی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی رێچکەی سیاسیان گۆڕی، بەڵام نەیانتوانی رێچکە هزری و فەلسەفیەکەیان لە بنەچەوە بگۆڕن. بۆیە تا رۆژی ئەمڕۆش چەندین جار ناکۆکی و قەیرانی سیاسی و ئیداری کەوتۆتە نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نەتوانراوە بەتەواوی یەکێتی لە پارتی جیا بکرێتەوە.
کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان لە ١٠-٦-١٩٧٠ لە کوردستان دامەزرا. بەشێک لە دامەزرێنەران و سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە شەهاب شێخ نوری، لەگەڵ هاوڕێیانی ئەنوەر زۆراب و جەعفەر کۆیی، دوای دەسگیرکردنیان لەلایەن ئێران، رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێنەوەو لە ٢١-١٢-١٩٧٧ لە بەغدا لە سێدارەدران.
گرنگە سەرەتا ئەوخاڵە هەڵسەنگێنین، لەکاتێکدا بزووتنەوەی راستڕەو وملیگەرای سەرەتای کورد، بەسەرۆکایەتی پارتی لەوپەڕی بەهێزیدایە، بەڵام لە باشووری کوردستان گەنجان و خوێندکاران و رۆشنبیران، بەپێویست دەبینن رێکخستنێکی چەپی پێشکەوتوخوازی وەک کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان دامەزرێنن؟ هەمانکات سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرانیشی لەنێو خۆی هەڵبژێرن. بۆیە بەتەواوی هەردوو جوڵانەوە فیوادال و برژوازە بچوکەکەی تێپەڕاندوەو رێبازێکی تێکۆشانی تری بەبنەما گرتووە. هەرچەندە جەلال تاڵەبانی تەنها خۆی بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە دادەنێ، بەڵام لە هیچ بەڵگەیەکی کۆمەڵە ناوی وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر نەهێنراوە، پێچەوانە زۆرترین ناکۆکی سکرتێری دووەمی کۆمەڵە، شاسوار جەلال لەگەڵ جەلالیە یەکانە، لەسەر خۆسەپاندنیان بەسەر ئیرادەی کۆمەڵە.ج.تاڵەبانیش لە پەرتوکێکی دوو بەرگی بەناوی دیداری تەمەن، تەنها لەیەک شوێن ناوی ئارامی هێناوە.
کۆمەڵە لەلایەن هەردوو سکرتێری یەکەمی، شەهاب و ئارام بە یەک رێباز و شێوازی تێکۆشان بەڕێوە دەچێ، بەڵام دوای شەهیدبوونی شاسوار جەلال( هاوڕێ ئارام) لە ٣٠-١-١٩٧٨. ناوی کۆمەڵە و رێبازی کۆمەڵە، لەلایەن سکرتێری سێیەمی کۆمەڵە نەوشێروان مستەفا دەگۆڕدرێت، لەلایەک ناوی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەیەک لە ١-٥-١٩٧٩ دەبێت بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، هەمانکات کۆمەڵە لە هێڵە چەپگەریەکەیەوە نزیک دەبێتەوە لە هێڵە برژوازی بچوکەکەی یەکێتی شۆڕشگێران. ئەنجام لەلایەک کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن گروپێک بەناوی ئاڵای شۆڕش پارچە دەبێ، هەمانکات رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی لە ١٩٨٩ هەڵوەشایەوە. لەیەکەم کۆنگرەی یەکێتی لە هەولێر لە ١٩٩٢ بەیەکجاری کۆتایی بەکارەکانی هێنرا.
لە سەردەمی سێیەم سکرتێر، کۆمەڵە سێ کۆنفرانسی لە ماوەی چوار ساڵ بەستووە، یەکەم ١٩٨١ دووەم ١٩٨٢ سێیەم کۆنفرانس ١٩٨٥. ئەگەرچی کۆمەڵە بەهێزترین رێکخراوی رێکخستنی و چەکداری و جەماوەری بوو، بەڵام سەرۆکایەتی و دیبلۆماسیەت و دارای و بڕیارەکانی بەدەست خۆی نەبوون، بۆیە راسترە بڵێین، وەک چۆن راستڕەوی فیواداڵ دەستی بەسەر جوڵانەوەی ئەیلول و پارتی داگرت، ئەوا هێڵی برژوازی بچوکی لیبڕاڵیش دەستی بەسەر کۆمەڵە داگرت، بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
کاتێک کۆمەڵە رێککەوتنێکی بەرەی لەگەڵ جەلالیەکان و بزووتنەوەی سۆسیالیست دەکات، لەپێناو ئەوەی خودی خۆی سەرۆکایەتیەکە بگرێتە دەست، بەڵام هێڵە برژوازی بچوکەکە لە کەسایەتی ج.تاڵەبانی زیاتر خاوەن ئەزمونی سیاسی بوو، بۆیە لەژێر ناوی دیبلۆماسیەت و کەسایەتی ناسراو ودەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای شکستی ١٩٧٥، لە بنەما دێنە سەر حازری رێکخستنەکانی کۆمەڵە و بە توانای رێکخستنەکانی کۆمەڵە دەست بە شەڕی چەکداری و روبەڕوبوونەوەی داگیرکەر دەکرێ. بۆیە یەکێتی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی خاوەن لە رۆژی دامەزراندنی کۆمەڵە دەرناکەوێ و وەک رۆژی دامەزراندنی خۆی نابینێ، هەمانکات یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی توانیان کۆمەڵە بخەنە خزمەت خۆیان، بەتایبەت دوای ئەوەی سکرتێری سێیەمی کۆمەڵە لەلایەن ج.تاڵەبانیەوە دیاری کرا، نەوەک لەلایەن دامەزڕێنەران و کادیرانی کۆمەڵە، واتا سێیەم سکرتێری کۆمەڵە هیچ پەیوەندی چ وەک چەمک، چ وەک هێڵی فیکری و رێبازی تێکۆشان، بە کۆمەڵەوە نییە.
مەرگی کۆمەڵە ئەوکاتە دەستپێدەکات کاتێک کۆمەڵە لە رێباز و ئامانجی خۆی دەرچوو، بۆیە لە دوای ١٩٨٠، کۆمەڵە مەزن بوو لەلایەنی جەماوەری، بەڵام لەلایەن رێبازەوە بەرەو هەڵدێر چوو، ئەمەش هۆکارە لە ماوەی سێ کۆنفرانس، کەمترین گفتوگۆی چەمکەکانی رێباز و هێڵی تێکۆشانی کۆمەڵە کراوە، زۆرتر راوەستە لەسەر ئەوە کراوە کۆمەڵە چۆن لە رێباز و ئامانجەکانی دوور بکەوێتەوە، بۆیە سکرتێری کۆمەڵە بەر لە رووخانی یەکێتی سۆڤیەت کۆمەڵەی هەڵوەشاندەوە.
لە باشووری کوردستان بۆ دووەمینجار رێکخستنێک لەلایەن دامەزرێنەرانیەوە بەڕێوە نەچوو، نمونەی یەکەم پارتیە، مەلا مستەفا هیچ پەیوەندی بە دامەزراندنی پارتیەوە نییە، بەڵام بەناوی کەسایەتی بەناوبانگ و خاوەن عەشیرەت مەلا دێنن دەیکەنە سەرۆک، دواتریش ئەوانەی مەلایان هێنا سەر حوکمڕانیەتی پارتی، مەلا بەدەستی خۆی ئەوانی تەسفیە کرد. بەهەمانشێوە کۆمەڵە تا ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن دامەزرێنەرانی خۆیەوە بەڕێوە دەچوو، بۆیەش ناوەڕۆکی کۆمەڵە دەپارێزرا، پاشان کۆمەڵە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوەچوو، نەک تەنها دامەزرێنەری کۆمەڵە نەبووە، بەڵکو باوەڕیشی بە هێڵی کۆمەڵە و دامەزرێنەرانی نەبووە، ئەمەش هۆکاری پارچە بوون و زۆربەی ئەندامانی دامەزرێنەر بکەونەوە زیندانی کۆمەڵە و بە ناپاک و خائین و عێراقچی بەناو بکرێن.
ئەگەرچی کۆمەڵە لەنێوبردرا، بەڵام کۆمەڵە میراسێکی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستی لە باشووری کوردستان بەرەوپێشەوە برد، لەگەڵ ئەوەی بەساوێلکەیی کەوتنە ژێر هەژموونی چەمکی برژوازی بچوکی لیبڕاڵیست، بەڵام توانی تاوانەکانی پارتی و هێڵە بەکرێگیراوەکەی لە کوردستان باش ئاشکرا بکات.
یەکێتی هەتا هێڵی کۆمەڵەی لەناو بەهێزبوو، بەهێزترین هێزی رێکخستنی، جەماوەری و چەکداری بوو، کاتێک تینی کۆمەڵە لە دوای ١٩٩٣لە گیانی یەکێتی دا هەبوو، یەکێتی دەیتوانی جەماوەرەکەی لەسەر پێبگرێ و هێزە کوردستانیەکان لە دەورەی خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی هیچ جیاوازی لەنێوان یەکێتی وەک ناوەڕۆک لەگەڵ پارتی نەما لە ٢٠٠٧ بەدواوە بەناوی رێککەوتنی ستراتیژی، بۆیە مانەوەی یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی کەوتە گفتوگۆ.
بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای ٢٠٠٧ لەسەر تینی میراسی کۆمەڵەی برژوازی بچوکی لیبڕالیست دەرکەوتبوو، نەوەک کۆمەڵەی شەهاب و ئارام، بۆیەش هەتا جیاوازیەکانی خۆی لەگەڵ هێڵی راستڕەوی بەکرێگیرا پاراست، بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزترین هێزی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لەبەر پشوو کورتی سەرۆکایەتی گۆڕان لە بەردەوامیدان، بۆیە هێڵی لیبڕالیستی راستڕەو باڵی بەسەردا کێشا و پێویستی بەهەبوونی نەما.
باشووری کوردستان ئەمڕۆش پێویستی بەڕۆحی ئارام و شەهاب و هاوڕێنی هەیە، لەگەڵ گۆڕینی سەردەم و قۆناغ، بەڵام بۆ ئەوەی باشووری کوردستان لە چەنگی بنەماڵەگەری و خۆسەپاندنی هێڵی راستڕەوی بەکرێگیراو رزگار بکرێ، ئینجا دەرکەوتنێکی وەک کۆمەڵە ئاسا دەتوانێ سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات.