✍️خۆگر کەمال
لەگەڵ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنی هەتەشە بۆ دەسەڵاتی سوریا، دەوڵەتی ئیسرائیل زمانی سیاسی خۆی لەبەرانبەر کورد گۆڕیوە. لەبەر ئەوەی لە ٧٧ ساڵ تەمەنی ئیسرائیل هەموو تواناکانی بەکارهێنابوو یان هاوپەیمان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، یان گەلی کوردی وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکارهێنا!!
ئێمە لە مێژووی پەنجا ساڵەی رابردوو دوو وێنەی سیاسەتی ئیسرائیلمان هەیە بەرانبەر گەلی کورد؛
١ـ لە سەرەتای ساڵانی حەفتا، پەیوەندی ئیسرائیل وەک دەزگای مۆساد لەگەڵ جوڵانەوەی ئەیلول و خودی مستەفا بارزانییە، چەندین بەڵگە و وێنەی سیخوڕەکانی مۆساد لەگەڵ خودی مستەفا بارزانی و چەکدارەکانی، ئەوەمان زیاتر بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. هەڵبەت ئەو هەڵوێستەی ئەوکاتی ئیسرائیل، هەمان هەڵوێستی ئەمریکایە لە رێگەی دەوڵەتی ئێرانی ئەوکاتەوە، تاکو رێککەوتنی ٦-٣-١٩٧٥، واتا رێککەوتنی جەزائیر. ئەو پەیوەندیەی ئیسرائیل لەگەڵ جوڵانەوەی ئەیلول، تەنها بەکارهێنانی کارتی کورد بوو لەبەرانبەر رژێمی بەعسی عێراقی، چونکە ئیسرائیل عێراقی وەک دوژمن سەیر دەکرد، عێراقیش بەشداربوو لە شەڕە هاوبەشەکانی عەرەب لەدژی ئیسرائیل. بۆیە کاتێک ئەمریکا و ئێران هەڵوێستیان گۆڕا لەبەرانبەر کورد، ئەوانیش پشتیان لەکورد کرد.
٢ـ دەوڵەتی ئیسرائیل لە دامەزراندنیەوە تاکو رۆژی ئەمڕۆ گەورەترین و بەهێزترین هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووە، ئەویش چ لەلایەنی بازرگانی و چ لەلایەنی سەربازی. تورکیاش یەکەمین دەوڵەتی موسڵمانە کە لەساڵی ١٩٥٢ دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلداناوە.لە تەمەنی دەوڵەتبوونی ئیسرائیل، بەردەوام لەگەڵ زاڵم لەدژی مەزلوم جێگەی گرتووە.
گەورەترین دوژمنایەتی ئیسرائیل لەدژی گەلی کورد، ئەویش بەشداربوون لە پیلانگێڕی نێوەدەوڵەتیە بۆ دەسگیرکردنی رێبەر ع.ئۆجالان، ئەنجام بەدانپیانانی خۆیان چۆنیەتی بەشداربوونیان لە پەرتوکی نهێنیەکانی مۆساد روونکردۆتەوە، کە شەفیق حاجی خدر وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە دوژمنایەتی و داگیرکەری بەرانبەر گەلی کورد سەرکەوتووبێ، بەهەموو جۆرێک یارمەتی دەداوە.
ماوەی مانگێکە ئیسرائیل وەک دەوڵەت، لێدوانەکانی لە راگەیاندنەکانی گۆڕیوە، چەند جارێک بەناوی وەزیری دەرەوە لێدوانی پشتگیری بۆ رۆژئاوا نیشانداوە، ئەمڕۆش بەناوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هێشتا زیاتر پێداچووەو دەڵێ پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەردەخەین!! قسە و لێدوانەکان زۆرن، بەڵام هێشتا بەکردەوە هیچ لەگۆڕێ نییە.
بێگومان دەوڵەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دەوڵەتێکی هەژموونگەرا هەڵسوکەوت دەکات، بەتایبەت دوای تێکچوونی بەرەی مەقاوەمی ئێرانی لەناوچەکە.
بەڵام ئیسرائیلیش وەک دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوچەکە، وەک هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو تەنگەژە و قەیران دایە، پێم وایە هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە، دەکرێ لەمیانەی وەرچەرخانی دیموکراتیانەوە خۆ لەو قەیرانەی تێیکەوتوون رزگار بکەن. نەک بە هەژموونگەرایی و خۆباڵادەسەتکردن لەسەر ناوچەکە و گەلان.
لەلایەکیتریش ئیسرائیل بە لۆبییەکانی دەناسرێ لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانی، ئەوکات ئیسرائیل ئەگەر بەڕاستی بخوازێ شتێک بکات دەیکا. بەڵام هێشتا ئەوە نازانرێ، ئایا دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا رێگەیان لەیەک جیابۆتەوە؟؟ یان ترسی ئیسرائیل لە هەژموونی تورکیا هەیە لەسوریا؟ یان بەڕاستی دەیەوێ تورکیا بخاتەوە قاوغی خۆی و نەهێڵێ خەونی عوسمانی نوێ جێبەجێ بکات؟؟
بەتەنها دیدارێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، یان لێدوانێک سەبارەت بە دەرهێنانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر!! سیاسەتەکانی ئیسرائیل نابنە جێگەی باوەڕی…
لەگەڵ ئەوەی گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی هیچ کاتێک مەترسی نەبووە بۆسەر ئیسرائیل، بەڵکو ئەوە ئیسرائیل بوو هەڵوێستی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان یەک بوو. گەلی کورد وەک چۆن پێویستی بە پەیوەندیەکی دۆستانە لەگەڵ سەرجەم گەل و دەوڵەتانی جیهان هەیە بەتایبەت ئەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان پێویستی بە پەیوەندیەکی دۆستانە و هاوسەنگ لەگەڵ ئیسرائیلیش هەیە. واتا پەیوەندیەک کە لەدژی هیچ گەل و نەتەوەیەکیتر نەبێ، بەڵکو لەپێناو چارەسەری کێشە هەڵپەسەردراوەکانی رۆژهەڵاتی و ناوەڕاست، لەسەروویاندا کێشەی کوردبێ. وابزانم ئیسرائیلیش دەزانێ، کورد ئەمڕۆکە لە رۆژئاواو باکوری کوردستان مۆدێلێکی نوێ لە سیاسەت بەڕێوەدەبات، هەمان ئەو کوردە کلاسیکە نییە کە وەک کارتێک بۆ سیاسەتی رۆژانەی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات، چونکە ئەو کوردە سەرەتا باوەڕی بەتواناکانی خۆی و گەلەکەی هەیە، دواتریش پەیوەندی دیبلۆماسی و دۆستایەتی لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوە جیاوازەکان هەیە.
لە ئێستا پێویستە دەوڵەتی ئیسرائیل خۆی یەکلا بکاتەوە، چونکە ئیسرائیل پرۆژەیەکی هەژموونگەرای بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە، ئایا پێگەی کورد لەم پرۆژەیەدا چییە؟ تا ئێستا ئەمە روون نییە، ئایا کورد هێشتا لە ستراتیژی ئیسرائیلدا کارتە یان کارەکتەرێکی سیاسیی ناوچەکەیە؟ هەروەها ئیسرائیل وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئایا رۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت لە بە رۆژەڤکردنی پرسی کورد لە ناوچەکەدا؟ راستییەکی حاشاهەڵنگرە کە کورد وەک چۆن هیچ کێشەیەکی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا نییە، ئەوا هیچ کێشەیەکیشی لەگەڵ گەلی ئیسرائیلی نییە. تەنانەت گەلی جوو یەکێکە لە پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، بۆیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دەکرێ گەلان لەنێوان خۆیاندا ببنە خاوەن پەیوەندییەکی دیموکراتی و بەیەکەوەژیان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بەڵام ناکرێ ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای هەژموونگەرایی بێت. لەسەر ئەم بنەمایانە پەیوەندی کردن و پەیوەندی پێشخستن پێویستیەکی قۆناغەکەیە بۆ هەردوو گەلی کورد و گەلی جوولەکە.