شیکاری ئازا پرێس
دەربارەی ڕوداوەکانی تەرتوس و لازقییەی ئەم هەفتەیە – هەینی خوێناوی – و دواتریش کە تیایدا هەزاران هاوڵاتی عەلەوی مەدەنی کوژران و بریندار بوون، جگەلەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی تر ئاوارەبوون و تا ئێستا لە چیاکانن، بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوان داوایان کردووە هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە ئاسایشی ئەوان بپارێزێت، هەروەها تا ئێستا دیار نیە کە هەتەشە کە خۆی بە سوپا و ئاساییشی سوریای نوێش ناساندووە چەندە لە تاوانی جەنگەوە گلاون، بەڵام ئەوەی پشتڕاستبوتەوە هەموو گروپە چەتەکانی (SMO) ی سەر بە تورکیا لە تاوانە قێزەونەکانەوە گلاون.
بەگوێرە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەیشانی ئێراقی کە ڕۆژی ۸ی ئاداری ۲۰۲٥ ، بەناونیشانی “سەبیکردنی ژنانی عەلەوی و فڕێدانی تەرمەکانیان بۆ ناو دەریا… جولانی بازاڕی کۆیلە لە کەناراوەکانی سوریا دووبارەدەکاتەوە”، دەزگای هەواڵگری قەتەر و بەتایبەتی دەزگای هەواڵگری (میت)ی تورکیا و مانگی سوری تورکی و چەندین کۆمپانیای تر بە نهێنی هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژیانەدا کردووە و دەسبەجێ بەشێک لە تەرمی قوربانییەکانیان شاردوتەوە، ئەوە جگە لەوەی بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەواڵگری ئەو دوو وڵاتە هەماهەنگی گواستنەوەی کچ و ژنە عەلەوییە دەسبەسەرەکانیان کردووە بۆ ناوخۆی تورکیا وەک کۆیلەی جەنگ، هەروەها باس لە گروپە مافیاییەکانی بازرگانی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ دەکرێت کە لە ڕێگەی تورکیاوە ئەندامانی جەستەی قوربانییەکانیان دەرهێناوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
دکتۆر عەلی قەرەداغی، کە سەرۆکی یەکێتی زانایانی موسوڵمانە و بارەگاکەی لە شاری ئەستانبوڵە لە تورکیا، تەنیا ڕۆژێک لەدوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامە و لێکتێگەیشتنەکەی فەرمانداری هەسەدە، مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا، ئەحمەد شەرع ڕووی کردە شاری دیمەشق و بە یاوەری وەفدیکی ئایینی گەورە لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی ئەنجام دا.
گومانی تیانیە کە ئەو ڕێکەوتننامەیە بۆ حکومەتی دیمەشقیش لانی کەم بە هەمان ئەندازەی ئیدارەی خۆسەری گرنگە و دەبێت بە دەسپێکی وەستاندنی تاوانەکانی جەنگ لە کەناراوەکانی سوریا و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان جگە لە ئەفراندنی ڕێوشوێنی بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی جەنگ لە هەموولایەک، هەروەها یەکەمین ڕێکەوتنامەی دوو لایەنی سوری – سوریە لەسەر مێزی دانوستان بەبێ دەستوەردانی دەرەکی ڕاستەوخۆ. وادیارە ئەم ڕێکەوتنامەیە بەدڵی تورکیا نیە و بە دیاریکراوەی حکومەتی ئاکەپە و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش کە بە ئاشکرا و بێپەردە هاوکاری ئەو گروپە چەکدارانەیان دەکرد کە لە قێزەونترین تاوانەکان تێوەگڵاون، وەک گروپەکانی عەمشات و حەمزات و نورەدین زەنکی و سوڵتان موراد و سوڵتان سلێمان شا و ئەوانی تر، کە جگە لە ئاڵای نوێی سوریا ئاڵای تورکیا و داعشیشیان لەسەر سنگ و شانیان داوە و بە ئاشکرا تاوانی جەنگیان لەبەردەم کامێراکان ئەنجام دەدا.
ڕاستەوخۆ لە پاش دەنگۆی هەوڵدان بۆ بوونیادنانی ئاسایش و سوپایەکی فەرمی – پیشەیی و ڕێگری لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و هەوڵدان بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی هەموو پێکهاتە و باوەڕیە جیاوازەکان لە سوریا، د. عەلی قەرەداغی بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع ( ئەبو محەمەد جولانی) و وادیارە ناوبراو نیگەرانە لە سنوردارکردن و لێپێچینەوە لە گروپە تەکفیرییەکان کە نەک تەنیا لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەڵکو ساڵانێکە دەستیان بە خوێنی دەیان هەزار کەسی سیڤیل سورە.