ئازاپرێس
وەک هەموولایەک دەزانن ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەریەکی لەڕادە بەدەریان هەیە لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا و بە باش بێت یان بە خراپ زۆر بەزوویی لەوڕێیەوە خۆیان دەگەیەننە ناو تەلەفونەکانی دەستمان و بەرلە کەناڵە فەرمیەکان ئەوانن کە کاریگەری دادەنێن لەسەر ڕۆژەڤە جیهانیەکان.
نمونەی ئەوەش ناکۆکی نێوان کۆمپانیای فەیسبوک و کۆمپانیای تویتەر (تۆڕی ئێکس) بوو سەبارەت بە هاشتاگەکای ژن ژیان ئازادی و مەهسا ئەمینی ( ژینا ئەمینی) کە لەلایەک کۆمپانیای تویتەر کە ئەودەم تازە ببوو بە موڵکی ( ئیلۆن ماسک) هاوکاری کرد و هەژماری گەیاندە ملیارێک ، بەڵام فەیسبوک کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە و سیاسەتی تاڕادەیەک هاوتەریبی سیاسەتی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکایە، ئەو گرنگیەی پێنەدا.
جگە لەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو هاشتاگی یەکێ لە سەرکردەکانی تەحریر ئەلشامە لە سوریا، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوی کردەوە و وتی هەموو ئەم هاشتاگە بنوسن؛ “نۆرەت دێ ئەی دیکتاتۆر” کە مەبەستی لە عەبدول فەتاح سیسی سەرۆکی میسر بوو، وەک پشتیوانیەک لە ئیخوانیەکانی وڵاتی میسڕ، کاریگەری لە بەرزترین ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی ئەو وڵاتە کرد و لە دواهەمین خولەکدا سەرۆکی میسر پەشێمان بۆوە لەوەی چ بە سەردان و چ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەل ئیدارەکەی ئەبو محەمەد جولانی سوریا بگرێت و بەوەش وڵاتی میسڕ بە فەرمی پاشگەزبۆوە لە داننان بە ئیدارەی نوێی سوریادا و ئەوەش قەیرانێکی مەزنی توشی ئیدارەی نوێی دیمەشق کردووە، چونکە هەژموونی میسر کاریگەری دەبێت لەسەر تەواوی وڵاتانی عەرەبی جگە لە وڵاتی قەتەر.
هاشتاگ کە بۆ پشتیوانی وتارێک یان هەواڵێک بڵاودەبنەوە، وەک باڕکۆدێک وایە و ئەو ڕۆژەڤە بەخێرایی بڵاودەکاتەوە بە هەموو ناوەند و سیستمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهان و بەچەند زمان و چەند دووبارە بکرێتەوە، هێندە هەواڵەکان زووتر دەگەنە جێی مەبەست، بۆیە پێویستە ئەو بانگەوازیانە – بەتایبەتی ئەو هەڵمەتی هاشتاگانەی بۆ پشتیوانی شەڕڤانان و خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان دەکرێن ، کە مژارێکی چارەنوسسازن، تەواوی کورد پشتیوانیان لێ بکات ، چونکە پاراستنی ستاتۆی کورد لە هەر جێیەک بێ و بە هەر ڕەنگێک بێت ، بۆ داهاتووی گەلی کورد چارەنوسسازە و کاریگەری گەورە دادەنێت.