ئا.ئازا پرێس
١٠ ساڵ تێپەڕی بەسەر کۆمەڵکوژی سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی کە لە ٣-٨-٢٠١٤ لەلایەن تیرۆریستانی داعش ئەنجامدرا. داعش کە گرووپێکی توندئاژۆی موسلمانی سوونی پێک دەهات و کۆکراوەی گرووپەکانی ئەلقاعید، بەعسی، سەلەفی، نەخشبەندی…هتد، سوونیەکان دوای رووخانی رژێمی بەعس بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتی نوێی عێراقیان پێ پەسند نەبوو، بۆیە لە هەموو مەیدانەکان رووبەڕووی دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە و کورد لە بەغدا دەبوونەوە.
بەگوێرەی بەڵگەکانی هەواڵگری ئێران لەکاتی خۆیدا ئاشکرای کردن، داعش لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەک لە پایتەختی ئوردن پێکهات و خۆی راگەیاند.
چاودێران باس لەوە دەکەن کە لەم کۆبوونەوەیە مۆسادی ئیسرائیل، میتی تورکی، پاراستنی پارتی و سی ئای ئەی ئەمریکیش ئامادەبوونە، هەر ئەوکات راگەیاندنە ئێرانیەکان ئەوەیان گووت، کە مەسرور بارزانی بەرپرسیاری یەکەمی پاراستن و ئازاد بەرواری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوونە.
یەکەمین هێرشی داعش بۆسەر موسڵ بوو، لەماوەی سێ رۆژ موسڵی داگیرکرد، هەر ئەوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم و سەرۆکی پارتی لە پەرلەمانی هەرێم وتارێکی بە دەم پێکەنین و بزە پێشکەش کردو گووتی، ئیتر دراوسێکی نوێمان هەیە و لە ئێستا بەدواوە لەگەڵ ئەوان کێشەکانمان چارەسەر دەکەین!! دیسان لە ناکۆکیەکانی ئەوکاتی نێوان مەسعود بارزانی و نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، مەسعود گوتبووی دەبێ شتێکی بێنمەسەر لە عەقڵی مرۆڤ بەدووربێ!!
لە سەرەتای مانگی هەشتی ٢٠١٤ داعش رووی خۆی کردە شەنگال و دەشتی نەینەوا، لەبەر ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکانیش لەناو رێکەوتن دابوون، بۆیە کەس پێشی نەدەگرت و بەهەموو ئەو چەک و جبەخانە ئەمریکیەیی لە سوپای عێراقیان دەسکەوتبوو، هێرش و کۆمەڵکوژیان پێ ئەنجام دەدا.
داعش سەرەتا لە قەزا و ناحیە عەرەبیەکانی دەوروبەری شەنگال دەستی بەهێرش کرد، لەماوەی دوو رۆژ گەیشتە دەوروبەری شەنگال و تەلعفەر، هێزە بەزیوەکەی سوپای عێراق وەک پڵنگێکی کارتۆنی ببووە یاری دەستی چەتەکانی داعش.
لەدوای رووخانی بەعس لە ٢٠٠٣ هەرێمەکانی دەشتی نەینەواو شەنگال کەوتنە دەست پارتی و لەلایەن پارتیەوە بەڕێوە دەچوون، لەبەرانبەر هەرێمەکانی گەرمیان و گەرمەسێر و کەرکوک لەلایەن یەکێتیەوە بەڕێوە دەچوون. بۆیە ئەو هێزە چەکدارەی کە لە شەنگال و دەوروبەریشی ئەرکی پاراستنیان پێ سپێدرابوو هەموویان سەربە پارتی بوون بەناوی پێشمەرگەی کوردستان. یەکێتی لەو دەڤەرە کەمتر لە فەوجێک پێشمەرگەی هەبووە، بە فەرمانداریەتی قادر خۆرانی. لایەنەکانیتر هیچ هێزێکی چەکداریان لە شەنگال نەبووە.
خەڵکی شەنگال بەتایبەت ئێزیدیەکان هەست بەوە دەکەن ئیدی مەترسی کۆمەڵکوژی هاتۆتە بەردەم دەرگایان، بۆیە خودی چەکدارە ئێزیدیەکان کە خۆشیان پارتین، داوا لە سەربەست باپیری دەکەن کە هەمانکات بەرپرسیاری لقی شەنگالە کە چەک و جبەخانەیان پێبدا، بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش ببنەوە. بەڵام سەربەست نەک تەنها چەکیان پێنادا، بەڵکو سەرجەم چەکەکانیتریش کۆدەکاتەوە، هەمانکات بۆ چاوترسێنی ئێزیدیەکانیش لە رێگەی چەند چەکدارێکەوە هێرشی سەر ئێزیدیەکان دەکەن و بەگوێرەی زانیاریەکان زیاتر لە دوو هاوڵاتی ئێزیدی بێتاوان دەکوژن، چونکە داوایان کردووە شەڕی داعش بکەن.
رێکخستنەکانی نزیک هزر و بیری ع.ئۆجالان کە لە دوای ٢٠٠٣وە خۆیان لە ژێرناوی تەڤدا (تەڤگەری ئازادی و دیموکراتی ئێزیدیان) بەڕێکخستن کردبوو، بەڵام ئەوانیش بێ چەکبوونە، تەنها خەباتی رۆشنبیری و جەماوەریان کردووە، بەرپرسیاری تەڤدای ئەوکات سەعید حەسەن لە چاوپێکەوتنێکی بۆ راگەیاندنەکانی نزیک لە خۆیان دەڵێت، چەکدارانی پارتی نەک تەنها بەخۆیان شەڕیان نەدەکرد، هەمانکات ئەگەر پێیانبزانیبا ئەو خەڵکانەی خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، ئەوانیشیان دەسگیر دەکردوو راپێچی زیندانیان دەکردن، لە بەردەوامی قسەکانیدا بەرپرسیاری تەڤدا دەڵێت، ئێمە وەک ئەندامان و خەباتکارانی تەڤدا خۆمان گەیاندە چیای شەنگال و لەگەڵ کوڕ و کچە خۆبەخشەکان کە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوە مابوونەوە یەکمان گرت و کەوتینە سەنگەری بەرگری.
بەگوێرەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن رۆژنامەوان بەفرین هێزل و هەروەها بەڵگەکانی رۆژنامەوان سەید ئەڤرەن و خەیری قزل ئەلەر تۆمارکراون، بەئاشکرا دیارە کەوا چەکدارەکانی پارتی زۆر بەخێرای رادەکەن، ئەوەندە خێران دەرفەتی ئەوەیان نییە وەڵامی پرسیاری بەفرین بدەنەوە، کاتێک لێیان پرسیار دەکات بۆ شەنگال ناپارێز بۆ دەچن بۆ زاخۆ؟؟؟
بەگوێرەی ئامارە نافەرمیەکان دەگوترێ کە هێزەکەی پارتی لە شەنگال و زومار و رەبیعە نزیکەی ١٤ هەزار چەکدار بووە، بەڵام بەڵگە فەرمیەکانی پارتی دان بەهەبوونی ١٢ هەزار چەکدار دادەنێن. لێرە کۆمەڵێک پرسیار دێتە پێش کە لە ٢٠١٤وە تا ئێستا لە سەری خەڵکی کوردستان دەزرنگێنەوە، ئەو هەموو هێزە بۆ تەنها رایانکرد و هیچ بەرگریەکیان نەکرد؟؟
لایەنێکیتر کە بەر لە فەرمان و کۆمەڵکوژی سەر ئێزیدیەکان داوای لە سەرۆکی پارتی و حکومەتی هەرێم کردبوو کە بەفەرمی رێگەیان پێبدا بچن بۆ پاراستنی ئێزیدیەکان لە شەنگال، بەڵام مەسعود بارزانی گووتویەتی ئێمە پێویستمان بەکەس نییە، خۆمان دەتوانین شەنگال و سەرجەم ئێزیدیەکان بپارێزین، ئەمە قسەی موراد قەرەیلانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی گەریلایە.
قەرەیلان دەڵێ بۆ تەدبیر دوو گروپمان بەدزی رەوانەی شەنگال کردبوون کە هەر گروپێکیان لە شەش گەریلای بە ئەزموون پێک دەهات، بۆ ئەوەی خۆیان بگەێنە شەنگال و لەگەڵ خۆبەخشەکان خۆیان بەڕێکخستن بکەن و رووبەڕووی هێرشەکانی داعش ببنەوە. لە درێژەی وتەکانی م.قەرەیلان دەڵێ، گرووپی یەکەمان کە لەلایەن هەڤاڵ دڵشێر هەرەکۆڵەوە فەرمانداریەتی دەکرا، دەکەونە دەست چەکدارانی پارتی و ماوەی حەفتەیەک زیندانی دەکرێن، جێی ئاماژەیە فەرماندە دڵشێر هەرەکۆڵ لە بیرەوەریەکانی کە تایبەت بەو بویەرانەی نووسیوە ئەو قسانە پشت راست دەکاتەوە. دیسان م.قەرەیلان دەڵێت، ئێمە لە بەهاوارەوە چوونی کۆمەڵگەی ئێزیدی رانەوەستاین و گرووپی دووەمان بەڕێکرد کە ئەوانیش پێک دەهاتن لە شەش گەریلا و فەرماندە عەگید جڤیان فەرمانداریەتی دەکرد. ئەنجام بەسەرکەوتووی خۆیان دەگەێنە سەر چیای شەنگال و لەگەڵ گرووپی یەکەم یەکدەگرنەوەو لەگەڵ هێزە خۆبەخشەکەی سەعید حەسەن دەبنە یەک و ئیتر دەستبە سەنگەر بەندی دەکەن و تا رزگار کردنی شەنگال بەردەوام دەبن.
هێزی دووەم شەرڤانانی رۆژئاوان کە لە ئانوساتی هێرشەکان خۆی دەگێنێتە رەبیعە و هێزە کەمەکەی یەکێتیش کۆدەکەنەوەو لەگەڵ خۆیان دەیانبەن وەک رێنوێنیکار تاکو پردی پەیوەندی لەنێوان چیای شەنگال و ناوچەی شیمال دروست بکەن، بەگوێرەی لێدوانی فەرماندارای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) گەنجۆ حەسەکە زیاتر لە ٣٠ شەهیدیان داوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەوخەڵکە راکردووەی کە لە دەشت و لاپاڵەکان ماونەتەوە بەسەلامەتی بیانگەێنە رۆژئاوا.
دوای ئەوەی هێزەکان توانیان چیای شەنگال بپارێزن و خۆیان بەجێبکەن، وەک نمایش پارتی و ئەمریکا کۆپتەرێک ئازووقە و ئاویان گەیاندە سەرچیا لەگەڵ پەرلەمانتار ڤیان دەخیل، ئەویشیان بۆ ئەوە بوو شاشەی تیڤیەکانیان پێ گەرم بکەن و خەتووکەی سۆزی خەڵکی پێبدەن، لەمەشدا زیاتر لە چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کاتێک دەیانویست سواری کۆپتەرکە ببن، بەڵام کۆپتەرەکە دەفڕێ و گوێی بەمە نادا ئاخۆ کێ خۆی پێوە هەڵواسیوە.
پارتی کەزانی راکردنەکەی بۆ بەخیانەت دەژمێردرێ، بۆیە لە رێگەی فەرماندارانی گەریلا و شەرڤانانەوە لە رێگەی رۆژئاوا یەکەیەکی خۆی گەیاندەوە چیای شەنگال، لە رێگەی پارەشەوە گرووپی قاسم شەشۆی بۆلای خۆی راکێشا. لەلایەکیتر کەوتە دژە پڕوپاگەندەی هێزی بەرخودانڤانی شەنگال و بەنایاسای بەناوی کردن و لە گەڵ تورکیا رێککەوت بۆ لێدان و لاواز کردنیان، ئەمەشی بۆ ئەوە بوو تاکو هێزە بەرگریکارەکان کە خۆیان لە فۆرمی یەبەشە رێکخستن کردووە، چیای شەنگال چۆڵ بکەن و وەک جاران پارتی کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئیداری و ئەمنی شەنگال بکات.
پرسیارێک کە بێ وەڵامەو دەبێ وەڵام بدرێتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەرشەنگال و کۆمەڵکوژی ئێزیدیان نە مەسعود بارزانی و نە نوری مالکی راپێچی دادگا نەکران؟ پەرلەمانی هەرێم نەیتوانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و وەزیری پێشمەرگە بێنتە بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لێ بکات، هەمانکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانیتریش گوێی خۆیان لە دۆسیەی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزیدی کەڕ کردووە، بەڵام ئایا کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەلی کوردستان ئەو راکردن و رادەستکردنەی ئێزیدیەکان لەلایەن پارتی بە داعش لەبیر دەکات؟؟؟
ئامارەکانی کۆمەڵکوژی شەنگال دوای ١٠ ساڵ:
٦٤١٧ کەس رفێنراون لەگەڵ یەکەم راکردنی چەکدارانی پارتی.
٥٠٠٠ کەس کوژراوەو گیانی لەدەستداوە.
٢٨٤١ بێسەروشوێنکراوان،
٣٥٧٦ ئەوانەی رزگار کراون
١١٩ گۆڕی بەکۆمەڵ
٥٠ گۆڕی هەڵدراوە