ئازاپرێس
لە ڕوانگەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە بێگومان ژمارەی کورسی و سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێمی کوردستان گەلێ گرنگە و هەژموون دەداتە هەر پارتێک بۆ بەجێگەیاندنی ئەجنداکانی خۆی، کە لە ۱۸ سالی ڕابردوو و دوای یەکگرتنەوەی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە زۆنی سەوز و زەرد لەدەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە. بێگومان ئەوانیش قسوریان نەکردووە لە دەستبەسەراگرتنی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی و بازاڕ و موچەی فەرمانبەران، ئەوە جگە لەوەی لە چەندین تاوانی کوشتن و زیندانی و تیرۆرەوە گلاون کە بێگومان باجی خۆیان دەبێت.
ئەوەی لە گۆشەنیگای خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە گرنگە ئەوەیە ئەوانەی کەوا پێیانوایە ئەنکەرە و بەغداد و تەنانەت تارانیش دەستیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بردووە و دیسا پارتیان کردۆتەوە بە بە بەهێزترین پارتی باشوری کوردستان، بێگومان مافی خۆیانە کە نیگەران ببن و ترسی دەستبەسەراگرتنی سەرلەنوێی موچە و سەروەت و ماڵی خۆیان هەبێت، بەتایبەتی لە دواهەمین کابینەی مەسرور مەسعود بارزانیدا نەک هەر قوتی خەڵک وەک چەکی فشار بەکارهێنراوە، بەڵکو تیرۆری حکومیش بەناوی پاراستنی بەناو ئاسایش و یاساوە کراوە و ئەو بنەماڵەیە بۆیان سەرچووە کە هەموو نەیارێکی خودی خۆیان، لە نەیارە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی هەرێمی کوردستانیش وەک دوژمنی هەرێمی کوردستان و دوژمنی حکومەت و پەرلەمانی هەرێم لەقەڵەمد بدەن. بەڵام ئەوەی کە پێویستە شەقامی باشور لەم کاتەدا شرۆڤەی بکات، بریتیە لەو پرسەی ؛ ئاخۆ کێن ئەو لایەنانەی کە ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەیان بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەخشیوە؟
وەک هەموو لە بیرمانە لە ساڵانی ۲۰۱۱ و دوای ۱۷ی شوبات ئیدی وڵاتانی زلهێزی خۆراوایی ، بە تایبەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا دەرگای دپلۆماسیان بۆ بنەماڵەی بارزانی کردەوە و ئەگەر لەبیرمان بێت، هەرچەندە هێزەکانی ئاسایشی هەرێم بە تەقەی ڕاستەوخۆ چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان شەهید دەکرد، وڵاتانی زلهێزی خۆراوایی زیاتر دەرگای خۆیان بۆ واڵادەکردن و سەرکردەکانیان وێنەیان لەگەڵدا دەگرتن.
لەنێوان ساڵانی ۲۰۱۷ – ۲۰۱۸ و دوای بڵاوبوونەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی کە لە بادینان ئۆتۆمبێلی ئار-سی ٤ ی ئەڵمانی کە بۆ هێرشکردنە سەر خانەسور لە شەنگال و بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی بادینان بەکارهاتن، فراکسیۆنی پارتی چەپی ئەڵمانی بە فەرمی داوای ڕونکردنەوەیان لە حکومەتەکەی ئەودەمی ئەنجیلا مێرکل ی سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا کرد، تەنانەت فراکسیۆنی پارتی چەپ نوسیبوویان کە ئەوان زانیاریان هەیە کە تەنیا دوو سوپا لە جیهاندا ئەو چەشنە ئۆتۆمبێلەیان هەیە، ئەوانیش سوپای ئەڵمانیا و هیزە تایبەتەکان و هێزەکانی زێرەڤانی بنەماڵەی بارزانین کە بەحساب بۆ شەڕی داعش وەریانگرتبوو. دواتر چەندین وێنەی چەکی دەستی جۆرەکانی ج ۳ و ج ۳۳ بلاوبوونەوە کە پێدراوی سوپای ئەڵمانیابوون و لەدەستی هێزەکانی ئاسایشدا بوون کە سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان پێدەکرد. بەڵام لەبری بەدواداچوون، ئەودەم ئەنجیلا مێرکل لەماوەی ۱ ڕۆژدا پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەودەمی حکومەتی هەرێم ، کە نێچیروان بارزانی بوو و بەزوویی ئەو وێنانە لە کەنالەکانی ڕاگەیاندندا بڵاوبوونەوە. ئەوە جگە لە پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی مریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و هتد. بێگومان دوابەدوای ئەوە ئیدی فشار لەسەر خۆپیشاندان زیاتر دەبوو و زۆری دەنەبرد کە سەرجەم ناڕەزایەتیەکان بە زەبری هێز دامرکێندرانەوە.
دوابەدوای ئەوە و لە دواهەمین کابینەی حکومەتی هەرێم کە لەدەستی مەسرور مەسعود بارزانیدا بوو، ئیدی دەوڵەتی تورک دارەدارەی بەمیان دەکرد و وزەیەکی بێکۆتای دەدایە بۆ بە پۆلیسیکردنی ئەو کابینەوە و بەجێکردنی سەرجەم دەزگاکانی کابینەی حکومەتەکەی ناوبراو بۆ شەڕی گەریلا. بۆیە مرۆڤ دەبێت لەو کاتەدا ئەو ڕاستیە ببینێت کە ئەوەی هێز و وزەی بە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم بەخشیوە، بەتایبەتی ئەوانەی دوای لەناوچوونی حیزبی بەعس کە سەرجەمیان هی پارتی بوون، کەمترین وزەیان لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی و دەنگدەران وەرگرتووە، بەڵکو دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەوان لە پەیوەندیە ناودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەنکەرەدا وەرگرتووە.
ئەمڕۆ ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی هەنگاو دەنێ و ئەوانەی وا تا ئەمڕۆ وەک زلهێزی هەژمونگەرا خۆیان ناوزەد دەکرد، وا دەستیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتووە کە بانەیبات و توشی زەواڵی خۆیان بوون . بەتایبەتی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپەیە کە لە پلانسازی هیچ زلهێزێکی ناودەوڵەتیدا نیە کە لە داهاتوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. بۆیە ئەوەی کە شێمانە دەکرێت ، لە ئێستادا کابینەی حکومەتی ئەم کاتەی ئێراقە کە خودی خۆشی لەسەر زرێبارێکی بەهارەی تەنک وەستاون و هاکا سەهۆڵەکەی بنپایان تەنکبۆوە و درزی تێبوو. بۆیە شێمانەی ئەوە زۆرە کە ئەو ژمارە کورسیەی پارتی تەنیا فریاگوزای و هەناسەی دەستکردی خێرای بەغدا و ئەنکەرە بێت، نەوەک سەرکەوتن! بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی لە ڕابردوو هەمان پێگەی خۆی بەکارهێناوە تا لەنێوان جیهانی سوننەی ئێراقی و تورکیا ببن بە پردی پەیوەندی و ئاکامەکەی بەدڵی زۆر کەس نەبوو! ئەمڕۆش ئەوان دواهەمین کارتی خۆیان بەکاردەهێنن وهەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ببن بە پردێکی پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەنکەرە و بەغداد، کە دیسا ئاکامەکەی بەدڵی زۆر لایەنی تر نیە! بەتایبەتی نەیاری ئەم جارەیان تەنیا ئێران نیە، بەڵکو هەم وڵاتانی سەرمایەداری دورگەی عەرەبی و خودی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا و بەتایبەتی ئیسرائیل گەلێ نیگەران دەبن لە پرۆژەیەکی لەو ڕەنگە.
بۆیە یەکەم هەنگاو بۆ ئارامی باشوری کوردستان بە دوورکەوتنەوەی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لە داردەستبوونی داگیرکەران و بەتایبەتی دەوڵەتی تورک دەبێت .. کە پێمانوایە وا بە ئاسانیش ناتوانن! بنەماڵەی بارزانی لە ۱٥ ساڵی ڕابردوو بەو هەوایە هەناسەیان داوە کە لە ئەنکەرەوە هاتووە. ئەم جارەش نەک ئەو ژمارە کورسیە نابێت بە باعیسی پاراستنیان لە توڕەی زلهێزە جیهانیەکان لە پەیوەندیە ژێربەژێرەکانی ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەنکەرە، بەڵکو دوور نیە ئەگەر لەگەڵ خۆیان ئەم جارە هەرێمی کوردستان و دواڕۆژی دەزگای حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بە سەرکێشیەکی کاڵفامانە توشی هەڵدێر نەکەنەوە و هەنگاو بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی نەدەن، بەو ڕەنگەی لە ڕابردوو بە شانۆگەریەک بەناوی “ڕیفراندۆم” کردیان. ئەوەش بۆی هەیە بەشێک بێت لە پیلانگێڕیەکی گەورەتر و درێژمەودای ئیقلیمی لەدژی ستاتۆی گەلی کورد لە باشوری کوردستان.
(ج.ئا)