جووتیار ئاسۆس
لە ساڵی ۱۹٥٦ و دوای بەشداربوونی تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆ، وڵاتی ئەڵمانیای خۆراوا ئەودەم بە دایەنی هەمیشەیی دەوڵەتی تورک هەژمارکرا و بناغەی پەیوەندیە ستراتیژیە بازرگانی و ئەمنی و سەربازیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەرلەنوێ داڕێژرانەوە کە سەرەتاکەی بۆ پێش جەنگی جیهانی یەکەم دەگەڕێتەوە، کە ئەودەم هەردوو فەرمانڕەوا ، کایسەر ڤیلهێلم و سوڵتان عەبدولحەمید لەدژی ئینتیدابی بەریتانی و فەرەنسی و هاوپەیمانی عەرەبی و فارسی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست واژۆیان کرد و دواجار بوو بەهۆی دۆڕانی هەردووکیان لە جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشاندنی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ڕایشی دووەمی ئەڵمانی و عوسمانیەکانیش، کە دیارە ئەو پەیوەندیە ستراتیژیەی هەردوو وڵات هەتا ئەمڕۆش هەندێ جار بەنهێنی و هەندێ جاریش بە ئاشکرا ڕوویان لەسەر هەڵدەماڵرێت.
سوپای تورکیا تا ئەم ساڵانەی دوایی و دەیەی دووەمی سەدەی ۲۱ جگە لە هێزی ئاسمانی، بە تێکڕا زیاتر لە ٥۰ لەسەدی چەک و کەرەستە سەربازیەکانی یان دروستکراوی کارخانە ئەڵمانیەکان بووە یاخود کارخانە ئەڵمانیەکان بەشداربوون لە بەرهەمهێنانیدا. بۆیە سوپای تورکیا یەکێکە لە مەزنترین بازاڕەکانی چەکی ئەڵمانی ئەگەر مەزنترینیشیان نەبێت، کە دوای هەناردەکردنی تانکی لیۆپارد -۲ کە بۆ یەکەم جار لە داگیرکردنی عەفرین بەکارهێنرا، ئەڵمانیا دواجار نوێترین تەکنەلۆجیای چەکی کیمیایی و ماددە ژەهراویەکان و چەند جۆرێک لە پێشکەوتووترین ڕاکێتی ئاراستەکراوی لێزەری و کامێرای دووربینی لە درۆنی پەیرەقداردا تاقیکردەوە. ئەمڕۆش ئەڵمانیا کە لەگەڵ وڵاتانی وەک سوید و بەریتانیا لە کێبڕکێدایە و سەرقاڵی سەرلەنوێ چەکدارکردنەوەی سوپای تورکیان، جا مرۆڤ دەبێ بپرسێ؛ ئاخۆ مەبەستی دەوڵەتی ئەڵمانی پاراستنی دواڕۆژی حکومەتەکەی ئەردۆگان و باخچەلیە؟ یاخود ئەوان تەنیا بیر لە فرۆشتن و بازاڕی کارخانەکانی خۆیان دەکەنەوە.
دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە ئەڵمانیا نەک ئاستەنگی ناکات بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی یورۆ-فایتەری جیلی پێنجەم بە تورکیا، بەڵکو ئاسانکاری و لۆبیشی بۆ دەکات و بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی تری بەشدار لە بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکەیە فشاری ئابوری لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات، ئۆلاف شۆلزی سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا ڕۆژانی رابردوو بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتەوە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا و سەرلەنوێ دەستی هاوکاری سەربازی بۆ درێژ دەکاتەوە. لەسەردانەکەیدا ئۆلاف شۆلز باسی لە پرسەکانی ئاسایش و تەکنەلۆژیای سەربازی کردووە، بەتایبەتی گفتوگۆ لەسەر بۆندی فرۆشتنی ڕاکێتی لێزەری بەبەهای زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن دۆلار دەکرێت. بۆیە مرۆڤ شێمانەی ئەوە دەکات کە توڕەیی وڵاتانی خۆراوایی لە تورکیا و بەتایبەتی ئەڵمانیا لە تورکیا لەم ساڵانەی ڕابردوو، تەنیا هۆکارەکەی ئەوەبوو کە تورکیا هەوڵی دەدا یان لە بازاڕی ڕوسی و چینی چەک دابین بکات یاخود چەکی دروستکراوی تورکی کارخانە ناوخۆییەکانی خۆی پێشبخات و هاوردەی چەک و جبەخانەیوڵاتانی خۆراوایی کەمبکاتەوە، نەوەک توڕەیی ئەوان لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئەو چەکانە بووبێت و گوایە لەدژی بۆردومانکردنی خەڵکانی سڤیل ، کە تەنیا گەلی کورد بە ئامانج گیراون.
لە سەردەمی دواهەمین کابینەی ئەنجیلا مێرکل ۲۰۱۷ -۲۰۲۱، کە تیایدا خودی ئۆلاف شۆلز ئەوسا وەزیری دارایی ئەڵمانیا بوو، وەزیرێکی تر هەبوو بەناوی پیتەر ئەلتمایەر – وەزیری پیشەسازی، کە لە خشتەی ساڵانەی بوجەی ساڵی ۲۰۱۹ی وەزارەتەکەی باسی لە پرۆژەیەکی سەرنجڕاکێشی لەدەرەوەی سنوری ئەڵمانیا کرد، کە بریتی بوو لە بوونیادنانی هێڵی شەمەندەفەری ئەستانبوڵ – سلۆپی لە تورکیا ، کە بودجەیەکی زیاتر لە ۲۰۰ ملیار یورۆی بۆ خەمڵێنرابوو. دیارە ئەوسا ڕەخنەی ئەوە لەسەر پرۆژەکەی ناوبراو هەبوو کە ئەو بڕە پارەیە زۆر زیاترە لەوەی پرۆژەیەکی بەو ڕەنگە پێویستی بێت، بەڵام وەک ئەمڕۆ ڕوونتر دەبێتەوە، پیتەر ئەلتمایەر ئەو بەشەی پرۆژەکەی ناوزەد نەکردبوو کە دەکەوتە ناوخۆی ولاتی ئێراق ، کە بریتیبوو لە گەیاندنی هێڵی بازرگانی سلۆپی بە شاری بەسڕەوە. دیارە لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا زۆر باش لەوە حاڵی دەبێت کە بەشداریکردنی فەرمی لە پرۆژەیەکی لەو ڕەنگە ترس و دڵەڕاوکێی بەر لە ۱۰۰ ساڵ و سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم لە ئەجنداکانی ئەو وڵاتە لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست زیندوو دەکاتەوە و چەندین وڵات و زلهێزی تری هەرێمی و جیهانی لەخۆیان دەکەن بە دوژمن و دوورنیە کە کۆمپانیا ئەڵمانیەکان و تەنانەت خودی دەوڵەتی ئەڵمانیاش دوچاری لێپرسینەوە و سزای قورس ببن. هەربۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئەو پرۆژەیە لە میدیا ئەڵمانیەکاندا شوێنبزرکرا و بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی ئەنجیلا مێرکل چیدی کەس باسی لێنەکردەوە.
بە تێڕوانین لە پێگەی پیتەر ئەلتمایەر کە وەک ئەندامێکی سەرەکی تیمەکەی ئەنجیلا مێرکل هەژمار دەکرا و لە کابینەکەی پێشووتریش ڕاوێژکاری گشتی (جێنەراڵ-سکرتێر)ی کابینەکەی پێشووتری ئەنجیلا مێرکل بوو و هەروەها بەرپرسی مەلەفی پرسە ناودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی پرسی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەڵمانیا بوو، مرۆڤ بە ئاسانی لەوە حاڵی دەبێت کە دەوڵەتی ئەڵمانیا پیلانگێڕی زۆر لەوە مەزنتری هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست و پشتیوانی ئەوان لە پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک، تا ئەمڕۆش زۆر لەوە مەزنترە کە میدیاکان باسی لێوە دەکەن و بەو ڕەنگە نیە خۆیان بە زمانی شیرین و وەک دەوڵەتێکی ئاشتیپارێزی ئەوروپی خۆیان لەقەڵەم دەدەن و جاروباریش فرمێسکی تیمساحی بۆ هەنێ دۆسیەی دژ بە مافی مرۆڤ لە تورکیا دەڕژن.
ئەمڕۆش سەردانەکەی ئۆلاف-شۆلز بۆ لای ئەردۆگان شێمانەی مەترسیداری لێدەکرێ و وەک ئەوەی بە تورکەکان بڵێن؛ “ئێوە جل و پۆستاڵی سەربازی دامەنێن و بەردەوامبن لە داگیرکاری و جەنگ، ئێمە دیسا هاوکاری چەک و لۆجستیتان ڕادەست دەکەین” و دیاسە دەیانەوێت دیسا هەوڵ بدەن وزەی نوێ بدەنەوە بە دەوڵەتی تورک بۆ دەستخستنە ناو پرسە هەرێمیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، بەتایبەتی ئەڵمانیا خودی خۆی نایەوێت بچێتە ناو ململانێی ڕێگای بازرگانی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوڕاست، چونکە لە جەنگی جیهانی یەکەم و پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری ئەودەمی بەرلین – بەغداد ئەزمونی زۆر تاڵی چەشتووە و لەوە حاڵی دەبێت کە دەسبردن بۆ پرۆژەیەکی لەو ڕەنگە واتای چیە! بەتایبەتی دژبەری ئەمجارەی ئەو پرۆژەیە ئیسرائیل و هاوپەیمانی ئەنگلۆ-ساکسۆنیە کە نایانەوێت ئەلتەرناتیڤێکی تر بۆ ڕێکەوتننامەی ئیبراهیمی عەرەب-ئیسرائیل دروست ببێت، بۆیە وادەردەکەوێت کە ئەوان دیسا وەک بەر لە ۱۰۰ ساڵ دەوڵەتی تورک وەک مقاشێک بەکار بهێنن و بیانەوێت بەو ڕەنگە پاڵپشتی و قۆنتەراتی پرۆژەیەکی لەو ڕەنگە لەسەر ناوی تورکیا ئەنجام بدەن.
پێوەیستە بیرمان نەچێت کە ئەڵمانیا لە ۱۰ سالی ڕابردووش زیاد لە ۳ جاری تر لەلایەن زهێزانی جیهان و بەتایبەتی هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی خۆی ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سنوربەندی بۆ کراوە و تەنانەت جارێک سزای گەورەی ئابوریشی بەسەردا سەپێنراوە، کە بەهۆی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانیان بوو لەگەڵ وڵاتانی چین – بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی پێشەسازی میکانیکی کارخانەکانی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا و چین، کە ساڵی ۲۰۱٤ و۲۰۱٥ بووە هۆی سزادانی کارخانەی ڤۆلکس-ڤاگن ی ئەڵمانی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە و بەناوی هۆکاری پیسکردنی ژینگە بە ماتۆری گازوایل ئەو کۆمپانیایە بە چەندین ملیار دۆلار سزا درا، هەروەها بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ڕوسیا و خودی ڤلادیمێر پوتین بۆ بەدەستخستنی گازی سروشتی سیبیریا و بوونیادنانی هێڵی نۆرد-ستریم دیسا ئەڵمانیا توشی هەڕەشەی سزادانی ئابوری حکومەتەکەی دۆناڵد تڕامپ بۆوە و لە پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ سەرانی بزوتنەوە لۆکاڵیەکان و بەتایبەتی ڕیکخراوە مەزهەبیەکانی وەک ئیخوانیەکان و خودی ئەردۆگان، کە ئەوەی دوایی پێگەی ئەڵمانیای لەناوخۆی یەکێتی ئەوروپادا لاواز کرد و چیدی وڵاتانی وەک فەڕەنسا و دانیمارک و سوید و پۆلەندا و هەندێ وڵاتی تر چیدی پشتیوانیان لە سیاسەتە نهێنگیریە – پۆستکۆلۆنیاڵیەکانی وڵاتی ئەڵمانیا نەکردەوە کە لە خۆرهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا پەیڕەوی دەکات، چونکە ئەوان پێیانوایە کە ئەوە کێشەی ئەمنی و سنوربەزاندن و شەپۆلی نوێی پەنابەران توشی یەکێتی ئەوروپا دەکات و وڵاتی ئەڵمانیاش کە خۆی پێگەیەکی سێنتراڵی هەیە و لە سنورە ئاویەکانی باشورەوە دوورە، لەسەر حسابی وڵاتانی ئەوروپی سەر دەریای ناوڕاست خەریکی بازرگانی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی