زاهیر باهیر
دوای دەستبەسەراگرتنی حوکم لە لایەن دەستەی تەحریری شامەوە کە وەکو دەڵێن نزیکەی 10 بۆ 13 گروپی جیاوازن . ئەبو موحەمەد جۆلانی کە کەسی دەرکەوتو و سەرکردەی ئەو کۆمەڵانەیە بە زۆر شت تۆمەتبار دەکرێت کە یەکێکیان پەیوەندی گەرم و پتەوی نێوانی ئە و سی ئای ئەی ئەمەریکییە تا ئەو ڕادەیەی کە کوژرانی هەندێك لە سەرانی داعش و خودی ئەبوبەکر بەغدادیش لە کەشفکردنی شوێنەکەی بۆ ئەمەریکییەکان دەخەنە پاڵ ئەو.
گەر تەماشای ڕووداوە سەیر و بەپەلەکان بکەیت ڕەنگە ئەو قسەیە ڕێی تێبچیت بەوەی کە ئەو توانی لە کەمتر لە ماوەی هەفتەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست ، هەروەها شێوەی قسەکردن و ڕێگە چارەی بۆ گرفتەکانی سوریا و پێکهاتەکانی ، گوێنەدان بە هیڕشی ئیسرائیل لە داگیرکردنی بەشێکی سوریا و بڕیاری کردنەوەی کەمپ بۆ جولەکەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان و جەبەل شەیخ و هەروەها پەیوەندی نێوانی وەزیری ئێستای ئەمریکا لەگەڵ جۆلانیدا و قسەکردن لەسەر لابردنی ناوی گروپەکەی لە لیستی تیرۆریستان و لەم لاشەوە دیبلۆماسی بریتانیاش ئەوی بینی، هاوکاتیش بەریتانیا ئامادەی خۆی دەربڕی بە ناردنی 5 ملیۆن پاوەن بۆ هاوکاری سوریا ، کە ئەمە ئاشکرا نییە ئایا بۆ خەڵکەکەیەتی یاخود بۆ دەستەی تەحریرە. لە لایەکی ترەوە بەریتانیا و ئەمەریکا و ئەوروپا هەموویان ئامادەن کە گەمارۆی ئابووری لەسەر سوریا هەڵگرن .
جۆلانیش ڕۆژانە بریاری نوێ دەردەکات کە تازەترینیان یاساغکردنی چەکداربوونی گروپەکانە و کە دەبێت لە سوپای نوێی سوریادا خۆیان بتاوێننەوە. کە ڕەنگە ئەمە داوێك بێت بۆ هەسەدە کە دەیانخاتە هەڵوێستێکی موحریجەوە . گەر ئەوانیش ببنە بەشێك لە سوپا واتە ئازادیی خۆیان و ئامانجی خۆیان لە دەست دەدەن ، ئەگەریش ئەوە ڕەتبکەنەوە ، ئەو کاتە بە گروپێکی یاخیی ناو دەبرێن، بە گوێرەی یاساش دەسگیرکردن و لێدانیان ئاساییە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە گومانی پەیوەندی ئەبو محەمەدی جۆلانی بە ئەمریکاوە تا ڕادەیەکی زۆر دەکاتە ڕاستی.
سوریا بەرەو کوێ دەڕوات؟
بەڕای من دوو ڕێگا لە بەردەم حکومەتی تازەدایە . یەکەم: ئەگەر ئەبو موحەمەدی جۆلانی بە گوێرەی هەڵسوکەوت و قسە و راگەیاندنەکانی ئێستای بڕوات ، ئەوەی کە دەیڵێت دەیکات و پەیوەندی گەرمی دەبێت لەگەڵ ئەمەریکا و ولاتانی دیکە و ئەوروپا ، ئەوە هیچ گومانێک نامێنتەوە کە بەشێکی ئەگەر بەشە زۆرەکەی هێزەکەشی نەبێت بەوە ڕازی نابن و دەبنە موعارەزە و ئەو کاتە شەڕی ئەهلی لەوێ دروست دەبێتەوە .
خۆئەگەر ئەبو موحەمەد هەموو ئەمانەی کە دەیڵێت بۆ خۆگرتنی و ڕێکخستنەوەی گروپەکان و پێکهێنانی حکومەتەکەی بکات، و بە هیچ کام لەوانە کە وتویەتی کردار نەکات ، ئەوە دووبارە جەنگی ئەهلی دروست دەبێتەوە بەڵام لە شێوەیەکی دیکەدا.
لە پاڵ ئەمەی سەرەوەشدا هێشتا هەر نوزەیەك لە سوریادا ماوە وەکو گریمانێکی زۆر لاوازە بەڵام دەبێت حسابی هەر بۆ بکرێت ئەویش کودەتای سەربازییە کە لە لایەن خودی بەعسییەکانەوە کە هێشتا هەمان هێز و پلە و پێگەیان هەر ماوە . ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە هەر ڕاکردنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بووە، بەڵام دەستە و دائیرەی بەعسییەکان هەر هەموویان لەوێ ماون تا ئێستاش زۆرێکیان لە جێگەی خۆیانن.
هاوکاریکردنی کودەتایەکی سەربازیی ئاواش لە لایەن ڕوسیا ، ئەوروپا، ئەمەریکا و بەریتانیاوە شتێك نییە کە لە خانەی ئەگەرەکاندا نەبێت. هەموو شت لە سیاسەتدا ڕەوایە و دەکرێت .