پوختەیەک لە دواهەمین وتاری مایکڵ ڕۆبن
ئازاپرێس
نوسەر و لێکۆڵەری ئەمریکی د. مایکڵ ڕۆبن، پسپۆڕ لە پەیمانگای ئینتەرپرایسی ئەمریکی و بەڕێوبەری بەشی شیکاری سیاسی بۆ خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە دواهەمین وتاری خۆیدا ، کە ڕۆژی ۷ی کانونی دووەمی ۲۰۲٥ بڵاوبۆتەوە ، دەڵێت؛ “کورد بەبێ سەرکردەی مەزن، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت”.
مایکڵ ڕۆبن وێنەی دیدارێکی (مایک پۆمپیۆ و مەسعود بارزانی) بۆ نوسینەکەی هەڵبژاردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دوو سیاسەت مەداری شکستخواردوو و گەندەڵ. کە یەکێکیان وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە لە کابینەی پێشووی دۆناڵد ترامپ و ئەوی تریان مەسعود بارزانیە. مایکڵ ڕۆبن لە ناوەڕۆکی وتارەکەیدا ئاماژەی پێدەکات کە پەیوەندیەکانی ئەمڕۆی سەردارانی هەرێمی کوردستان تەنیا لەگەڵ دپلۆماتکار و بەرپرس و ئەفسەرە خانەنشینەکاندایە لە ئەمریکا و تەنیا خۆیان لە بەرژەوەندی ئابوریدا دەبیننەوە ، و دەڵێت ئەو گەندەڵی و لۆبیە درۆیینەیەش ئابڕووی ئەو بەرپرسە ئەمریکیانەی لە ناوخۆدا بردووە و چیدی ناتوانن دەست بە کاری سیاسی پرۆفیشناڵ ببەنەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ مایک پۆمپیۆ و هاوشێوەکانیان.
لە ناوەڕۆکی نوسینەکەیدا بە توندی ڕەخنە لە بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەتی لە خودی مەلا مستەفای بارزانی دەگرێت و بە داهێنەری کلتوری عەشرەت-پەرستی دادەنێت کە هەلپەرستی و بەرژەوەندی تەسکی عەشرەتی داهێناوە و هەتا دەگات بە مەسعود بارزانی بە گەورەترین ئاستەنگی دادەنێت لە پرسی کوردا، تەنانەت ڕۆبن پێیوایە ئەو هەڵوێستانەی بنەماڵەی بارزانی لە خیانەتی زلهێزە دەرەکیەکانیش مەترسیدارتر بوون بۆ پرسی کورد. هەروەها ئەو پێیوایە ئەوە شەڕی ناوخۆی (یەکێتی و پارتی) لە سەدەی ڕابردوو هەلگیرساند و ئەمڕۆ ئەو پەتایەی پارتی کەوتۆتە ناو یەکێتی و شەڕی نەوەی بنەماڵەیی وەهای کردووە کە لە ناو یەکێتیشدا قەیرانی گەورە دروست ببێت.
دواتر ستایشی بەڕێز مەزڵوم عەبدی دەکات و وەک جێنەڕاڵێکی سەرکەوتوو ناوی دەبات، پێیوایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە و خۆسەری لە ڕۆژاوای کوردستان دەتوانن باشترین ئەڵتەرناتیڤ بن بۆ لایەنە ئەمریکیەکان. جگەلەوەی لە باسکردنی باکوری کوردستانیشدا دەڵێت؛ تورکیا کە بۆخۆی ڕابەر و سپانسۆری تیرۆری جیهانیە، قبوڵی بێت یا نا بەڕێز ئۆجالان سەرکردەی گەلی کوردە، لانی کەم لە تورکیا و ئەمڕۆ خاوەنی پرۆژە و تیۆری دیموکراسیانەی ئاشتی و پێکەوەژیانە. ڕۆبن پێی وایە کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە تورکیا چیدی هێندە بچوک نیە کە سیستمێکی فاشستی وەک ئاکەپە بتوانێت مامەڵەی هەرزانیان پێوە بکات.
لەکۆتاییدا وەک ئاماژەیەک بە وتارێکی بەڕێز کەمال چۆمانی دەڵێت؛ منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی کەمال چۆمانی و ئەگەر ئەمریکا بتوانێت وا بە ئاسانی ئەندامێکی ئەلقاعیدە و داعشی وەک ئەبو محەمەد جولانی لە لیستی قەدەغە دەربهێنێت، کەوابوو بۆ پارتی کرێکاران دەرناهێنێت کە پێش سەربازەکانی ئەوان ڕۆشتن بەهانای ئەو خەڵکە سیڤیلەی کە بارزانیەکان ڕادەستی داعشیان کردن و هەڵهاتن و ئەمڕۆ پارادایمی سیستمێکی دیموکراسیانەی کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکەن.