وه‌ك هه‌مو لایه‌ك ئاگادارن، ماوه‌یه‌كه له په‌رله‌مانی عێراق، كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن “چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌وه”، یاسای باری كه‌سی ژماره (188ی ساڵی 1959) هه‌موار بكرێته‌وه و مۆركێكی تائیفی و مه‌زهه‌بگه‌رایی پێبدرێت و له‌م پێناوه‌شدا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ یاساكه كراوه .
یاسای باری كه‌سیی عێراق، له رۆژی كارپێكردنییه‌وه له ساڵی 1959 تا ئه‌مڕۆ، واته له ته‌مه‌نی 64 ساڵه‌ی خۆیدا، نۆ جار هه‌مواركراوه‌ته‌وه. به‌ڵام هیچ هه‌موارێكیان، وه‌ك ئه‌م هه‌مواره‌ی ئێستا، جێگای ترس و نیگه‌رانی و تۆخكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی مه‌زه‌هه‌بگه‌رایی نه‌بووه. هه‌مواری ئه‌مجاره، ده‌رفه‌ت به پیاوانی ئاینی ده‌دات، به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان، ده‌ستوه‌ردان له مه‌سه‌له‌ی هاوسه‌رگیری و رێكخستنی ژیانی خێزانی نێوان هاوسه‌ره‌كان بكه‌ن، پیاوانی ئاینی له هه‌مواره‌كه‌دا پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان پێده‌به‌خشرێت كه هاوشانه لەگەڵ پێگەی دادوەر و دادگاکان، ئەگەر زیاتر نەبێت.
ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت یاساكه هه‌مواربكه‌نه‌وه، كار ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینی ئه‌و بڕگه و ماددانه‌ی رێگه نادات، له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان، پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبدرێت و كچان تا ته‌مه‌نیان نه‌گاته 18 ساڵ، نابێت هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبده‌ن. به گوێره‌ی یاسا كۆنه‌كه و له هه‌مواری ساڵی 1978ی یاساكه‌دا هاتووه: “هه‌ر پیاوێك له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان، گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبدا، بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانی ده‌كرێت كه له شه‌ش مانگ كه‌متر و له ساڵێك زیاترنه‌بێت، یان به بڕی 300 بۆ هه‌زار دینار غه‌رامه بكرێت”، (بێگومان مه‌به‌ست له‌و بڕه پاره‌یه، پاره ئه‌سڵییه‌كه‌ی جارانه له چاپه سویسرییه كۆنه‌كه‌دا).
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وانه‌ی به‌رگری له هه‌مواره‌كه ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بگۆڕن و له شوێنی‌دا ئه‌مه‌ی خواره‌وه دابنێن: “دادگای باری كه‌سی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی هاوسه‌رگیری بدات، كه تاكی موسڵمانی باڵغبوو، له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوانی ئاینی و دیوانی وه‌قفی سونی و شیعی گرێبه‌سته‌كه‌یان كردووه و واژۆكراوه” به‌مه‌ش به‌رگێكی یاسایی ده‌كه‌ن به به‌ر پیاوانی ئاینیدا، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی سنوری دادگاكانی عێراق، گرێبه‌ستی “شه‌رعی” ئه‌نجامده‌ده‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه مه‌به‌ست له هه‌مواركردنی یاساكه، دابه‌زاندنی ته‌مه‌نی به‌شوودانی كچه له 18 ساڵییه‌وه بۆ 9 ساڵی، به گوێره‌ی ئه‌حكامی ئاینی مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری، هه‌ر خێزانێك به پێی ئه‌و مه‌زهه‌به، ده‌توانێت كچه‌كه‌ی له ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا بدات به شوو.
لێره‌وه ئێمه وه‌ك تیمی په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌م/ رێكخراوی ئازادبوون، پێمانوایه یاسایه‌كی گرنگی وه‌ك یاسای باری كه‌سی عێراقی، كه به گوێره‌ی وته‌ی به‌شێكی زۆر له شاره‌زایان، یه‌كێكه له یاسا هه‌ره باش و پێشكه‌وتووه‌كانی ناوچه‌كه و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به هه‌مواركردنه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێداوه، جێگای نیگه‌رانی و هه‌نگاوێكی هێجگار مه‌ترسیداره، بۆ سه‌ر ئاینده‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگای عێراقی.
هه‌مواره‌كه دیاره به نه‌فه‌سێكی شیعه‌گه‌رایی و زاڵكردنی مه‌زهه‌بێك له مه‌زهه‌به‌كانی شیعه نووسراوه‌ته‌وه و هه‌وڵێكه بۆ خزانی سیستمی حوكمڕانی وڵاته‌كه، به‌ره‌و سیستمی شیعه‌گه‌رایی و پیاوانی ئاینی، به‌مه‌ش گورزێكی كوشنده به‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وته مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییانه ده‌كه‌وێت كه خه‌ڵكی عێراق به درێژایی مێژوو، كاری بۆ كردووه و قوربانی بۆداوه. زاڵكردنی مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو، له یاسایه‌كی له‌و جۆره‌دا، له وڵاتێكی فره ئاینی و فره مه‌زهه‌بی و فره نه‌ته‌وه‌دا، جگه له ناكۆكی و نایه‌كسانی و ڕق و كینه‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بی، هیچی دیكه‌ی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت.
ئاشكرایه بە شوودانی کچی نۆ ساڵ، دەچێتە خانەی پێشێلکردنێکی زه‌ق و تەواوی مافی منداڵەوە، منداڵ لەو تەمەنەدا پێویستی بە چاودێری پەروەردەیی هه‌یه، پێویستی بەوەیە کە بێ بەش نەکرێت لە حەز و ئارەزووە منداڵانییەکەی خۆی. هه‌مواری لەو جۆرە نەک منداڵ بێبەش دەکات لە حەز و ئارەزووەکانی، بەڵکو بێبەشیشی دەکات لە خوێندن و پێگەیشتن. بەم هه‌مواره نوێیه، كچان له ته‌مه‌نێكی زۆر زووه‌وه كه ته‌مه‌نی خوێندن و یاریكردن و خۆپێگه‌یاندنه، ده‌خرێنه به‌ر به‌رپرسیاره‌تییه‌كی هێجگار قورسه‌وه كه بریتییه له دروستكردنی خێزان و خستنه‌وه و به‌خێوكردنی منداڵ. ئه‌وان له‌و ته‌مه‌نه كورته‌دا، نه جه‌سته‌یان و نه بیركردنه‌وه‌یان و نه دونیاكه‌یان، هی ئه‌وه نییه، ئه‌و هه‌نگاوه سه‌خته‌ی بنێن و ئه‌و به‌رپرسیارێتییه قورسه بگرنه ئه‌ستۆ. هه‌مواری له‌و شێوه‌یه وێرانکردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لێره‌وه ئێمە وه‌ك تیمێكی په‌روه‌رده‌یی، ئیدانەی ئەم هه‌مواره و هاوشێوەکانی دەکەین، کە ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات. ئێمه بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە هه‌مواری ئەم پڕۆژە یاسایە، لە خزمەتی کۆمەڵێک کەسی ترسناک و نەخۆش و نابەرپرسدایه و دواجار هەموو کۆمەڵگا باجەکەی دەدات.
ئه‌مه‌یه واده‌كات، به هه‌مو توانای خۆمانه‌وه، داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، له حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دادگا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان، له هه‌رێمی كوردستان به گشتی و ئه‌و به‌رپرسه حیزبی و حكومی و په‌رله‌مانتارانه‌ی له حكومه‌تی فیدراڵ‌دا، پۆست و پله‌یان هه‌یه، شان به شانی یه‌كتر و به یه‌ك ده‌نگ و به شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، كار بكه‌ین بۆ ڕێگری کردن لە جێبەجێ کردنی ئەم كاراساته كه دڵنیاین ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت و هه‌مواره‌كه له په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبێنێت، له ئاینده‌دا وڵات پڕ ده‌بێت له كێشه‌ی خێزانی گه‌وره و رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌كان زۆر زیاد ده‌كات و مافی كچانی ته‌مه‌ن نۆ ساڵ به ته‌واوه‌تی پێشێل ده‌كرێت.
تیمی پەروەردەی سەردەم/ ڕێکخراوی ئازادبوون
١٨/٠٨/٢٠٢٤