ئازاپرێس: راپۆرت
بەیننامەیەکی ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی كە مەسرور بارزانی وەكو “باڵە خۆسەپێنەکەی ناو پارتی و شەڕانگیز” ناودەبات و تۆمەتباری دەكات بە ” رێکنەکەوتنیان لە کەرکوک و خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری سیاسی و میدیای لە هەولێر بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن” هەروەها تاوانبار کردنی سەرۆکی یەکێتی بافل تاڵەبانی بە فرۆشتنی بیرە نەوتەکانی کوڵە جۆ.
وتەبێژی پارتی مەحمود مەحمەد، ئەمڕۆ ٢٧-٨-٢٠٢٤ وەڵامێکی خۆپارێزانەی یەکێتی داوەتەوەو پشتیوانی پارتەکەی بۆ مەسرور بارزانی نیشان دەدات و دەڵێت؛ پارتی یەک پارچەیە، واتا دەیەوێ بڵێ کە باڵباڵێن لەناو پارتیدا نییە.
یەکێتی لە بەیننامەکەی هیچ باسی نێچیروان و مەسعود و گشتی پارتی نەکردبوو، وتەبێژی پارتی کە هەمانکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیە و داکۆکی لە یەکپارچەیی پارتی دەکات و دەڵێت:
ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە کە نوسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.
وتەبێژەکەی پارتی لە کۆتای هەڕەشە لە یەکێتی دەکات و دەڵێت:
ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.
تا ئێستا زۆرتر ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی لێداونی وتەبێژەکانیان لەبەرەم مایکی راگەیاندنەکان بووە، بەڵام بەنزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکان ئیدی بە نوسراو و بەیننامەی فەرمی رەخنە و سەرکۆنەی یەکتری دەکەن.