خەبات کوردە
بەڵێ ڕێک ٥٠ ڕۆژێکی ماوە و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێم حەقی چونە سەر سندوقەکانی دەنگدانیان هەیە و توانای فڕێدان و توانەوەی هەر حیزبێکیشیان هەیە کە ٣٣ ساڵە ئەو گەلە فریو دەدەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن . !
بەڵام ئایا خەڵکی هەرێم گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ئەوانەی گەمە بە قوتی زۆربەی خەڵکی هەرێم دەکەن و موچەکانیان دەدزن بە ناوی پاشەکەوت و برسیان دەکەن و بێبەشیان دەکەن لە هەموو جۆرە خزمەتگوزاریکی تەندروستی و خوێندن و ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و هتدد ، کاتی ئەوە هاتوە فڕێیان بدەنە زبڵدانی مێژووەوە .!
زۆر گرنگە ئەو گەنجە کوڕ وکچە بێکارەی کە خوێندنی تەواو کردوە و کاری ڕۆژانەی نوستن و تیکتۆک و گەڕان و چایخانە و نێرگەلە کێشانە بڕواتە سەر سندوقی دەنگدان دژی نەهامەتیەکان بوەستێتەوە و بۆ دوا ڕۆژی خۆی گۆڕانکاریەک لەو حکومەتە دزێوە بکات و لە سەر کورسیەکانیان بیانهێننە خوارێ . !
بوونی هێزی میلیشیایی حیزبیش بەڵایەکی دیکەی ئەو گەلە بەشمەینەتەیە ، ئەوەش بە هۆی لاواز کردنی هەر یەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و دادگاکان و بە حیزبی کردنیان .!
بەڵایەکی دیکەی ئەو گەلە دابەشکردنیانە بە سەر دوو زۆنەکەدا ، سەرباقی ئەوەی دیاردەی ڕەبایە و خەندەق لێدان لەنێوان ئەو دوو زۆنەدا نەماوە بەڵام بوونی بازگەیەکی زۆری نێوانیان و ڕێگریەکان ، ئێستاش ترس و دڵەڕاوکێ و ئازادیەکانی ڕا دەڕبڕین لە نێو خەڵکی هەرێمەکەدا جێی نیگەرانین .
دەوڵەتانی دوژمن و ناوچەکە و کاریگەریەکانیان لە سەر تاکی کوردیش گومڕاییەکی گەورە دروست دەکات ، هاتنی تورک بۆ ناو هەرێم و هەڕەشەی داگیرکردن و هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم و سوڕانەوەی بەردەوامی دڕۆنەکان و بۆمبا بارانەکانی ئێران و تورکیا و نائارامی ژیان و ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوام وا دەکا کە بێ هیواییەک لە چاوی دەنگدەری کورد بە دی بکرێ .!
بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی ئاینی و هاندانی زیاد لە پێویستی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ ئەو گروپانە خەریکە وەکو سەڕەتان بڵاوە دەکات و داهاتویەکی تاریک لە دوورەوە هەستی پێدەکرێ .!
خاڵی هەرە گرنگی ترس و دڵە ڕاوکێی ئەو خەڵکەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان ئەویش ئەوەیە :
ئایا هەر دوو حیزبی چەکدار و باڵا دەستی هەرێم دوای دۆڕاندنیان لە سەر سندوقەکانی دەنگدان ، دان بە شکستەکەیان دادەنێن و کورسیەکان چۆڵ دەکەن بۆ براوەکان ، یان بە زەبری هێز شکست بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەهێنن .!؟