ئا:ئازا پرێس
هەریەک لە مەحمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم و لیوا عەبدولکەریم خەلەف بەجیا، ناڕەزایەتی توند نیشان دەدەن لەسەر پێدانی تۆپی دوور هاوێژ بە هێزی پێشمەرگە و دەڵێن: سودانی هەڵەیەکی ستراتیژی ئەنجامدەدات کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکات.
پێش چەند رۆژێک یەکێک لە فەرماندە سەربازیەکانی عێراق لیوا عەبدولکەریم خەلەف، لە لێداوانێکدا بۆ راگەیاندنەکان گوتی: سودانی هەڵەیەکی ستراتیژی ئەنجامدا بە رادەستکردنی تۆپی پێشکەوتوو بە پێشمەرگە، کە لەوەی سوپای عێراق خاوەنداریەتی دەکات بەتواناترن، ئەوەشی وەک هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی لێکداوەتەوە.
هەر سەبارەت بە پڕ چەککردنی هێزی پێشمەرگە بە چەکی دوور هاوێژ، مەحمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی لەکار لادرا و سەرۆکی پارتی تەقەدوم لە نوسینێکدا لە پەڕەی ئێکس تایبەت بەخۆی دەڵێت: پێدانی تۆپی دوور هاوێژ و پەشکەوتوو بە پێشمەرگە بەتەواوی رەتدەکەمەوە. چونکە ئەرکی ئەوان تەنها پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیە.
لە درێژەی نوسینەکەیدا سەرۆکی حیزبی تەقەدوم م.حەلبوسی: ئەو کارە رەتکراوەیەو رەنگە ببێتە هۆی لێدانی ئاسایشی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی، بەتایبەت لەهەردوو پارێزگای نەینەواو کەرکوک، ئەگەر خوانەخواستە ئەو چەکانە خراپ بەکاربهێنرێن لە ململانێ نەتەوەیی و حیزبیەکان لە داهاتوودا.
لە بەردەوامی نووسینەکەیدا دەڵێت: ئەو جۆرە چەکانە دەبێت تەنها لە دەستی سوپای عێراقدابێت، کە بەردەوام داوا دەکەین تواناکانیان بەهێز بکرێت.
بەگوێرەی پسپۆرانی بواری دەستوری عێراق دەڵێن: دەبێ بزانرێ هێزی پێشمەرگە لە دەستوری عێراق ناوی وەک هێزی پاراستنی ناوخۆ هاتووە، بۆیە بەگوێرەی ئەو بەندەی دەستور مافی پێدانی چەکی گران و پێشکەوتووی پێنادرێ، چونکە هاوشانی سوپای عێراق نەکراوە. بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە خاوەنی هەموو چەکە پێشکەوتنەکانی کە لەدەستی سوپای عێراقدان، پێویستە هێزی پێشمەرگە لە دەستور یان بەیاسا هاوشانی سوپای عێراقی لێبکرێت.
تائێستا ئەو لێدوانانە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و فەرماندارانی هیچ قسەیەکیان دەربارە نەکراوە.