کەمال چۆمانی
والتەر بێجامین لە وتارێکدا بە ناوی <<سەرمایەداری وەک دین>>، دەڵێ: <<سەرمایەداری سیستەمێکە بێ خەون و بێ ویژدان.>>
واتا سەرمایەداری سیستەمێک نییە خەونێکی یۆتۆپیی\میثالیی هەبێ بۆ چاکەی گشتیی و بەختەوەریی ئینسان و پاراستنی سروشت. هەروەها سیستەمێکی دڵڕەقە هیچ ویژدانێکیشی نییە. باکی بەوە نییە ژینگە وێران دەبێ و زەوی کەڵکی ژیانی نامێنێ. باکی بەوەش نییە ئەوەی بەرهەمیدێنێت منداڵانی کورد یا فەڵەستینی دەکوژێ، یا دەبێتە هۆی بێلانەبونی سەدان هەزار کەس لە هەر کونجێکی دونیا.
جا کە تەماشای سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی دەکەی، بە ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامییەکەیشەوە، بە میدیا و رۆشنبیرییەکەیشیەوە، یەک خەونیان هەیە؛ سەرمایەداری.
واتا، هەمویان دەیانەوێ سامان و دەستەڵات کەڵەکە بکەن لە کاتێکدا هەمویان بە ناوی خۆشبەختیی خەڵکەوە خەڵک دەگەوجێنن. لەم هەڵبژاردنە، کەس ناچێتە هەڵبژاردن بۆ سنوردارکردنی ئەو سیستەمە بێ خەون و بێ ویژدانە، بەڵکو هەمویان دەیانەوێ ببنە بەشێک لێی. بۆیە زۆر ئاسایییە لە هەولێر ئاوی خواردنەوە نەبێ، یان خەڵکەکەی بە هۆی پیسیی ژینگەکەیەوە توشی دەیان نەخۆشیی ببن، گرنگ قازانجی نوخبەیەک نەوەستێ.
ئەو سەرمایەدارییەی لە کوردستان لە گەشە دایە، لەلایەکەوە لەسەر حیسابی سامانی گشتییە، لە لاکەی تریشەوە بێ رێکخستنە. ئەوەی لە دونیای سەرمایەداریی رۆژئاوا هەیە، لە چوارچێوەی رێکخستن دایە بۆ سەرەڕای ئەوەی بێ خەون و بێ ویژدانە، بەڵام لەبەردەم حوکمی قانوندا تا رادەیەکی زۆر رێکخراوە.
دیبێیتی هەڵبژاردن خۆدوبارەکردنە و بەرهەمهێنانەوەی رابردویەکی بۆگەنە تەنها بۆ شاردنەوەی قەیرانە قوڵەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستانە. بەردەوامیدان بەو دیبێیتی جەلالی-مەلایییە، یا لە باشترین حالەتیدا قۆناغی دژایەتیی گەندەڵیی گۆڕان-یەکێتی\پارتی، پشتیوانیکردنی بەردەوامێتیی ئەو قۆناغەیە.