ئا:ئازاپرێس
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەزاران ئامێری پەیوەندی ناسراو بە پەیجەر کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێندرێن، تەقینەوە و بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
فیراس ئەلعەبیاد، وەزیری تەندروستی لوبنان، بڵاویکردەوە، لە تەقینەوەکانی پەیجەردا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە کە کچێکیان تێدایە، هاوکات دوو هەزار و 800 کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا 200 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
حزبوڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند : ژمارەیەك لە ئامێرە بێتەلەكانیان تەقیونەتەوە، كە لای ژمارەیەك لەو كەسانەن لە یەكەو دەزگا جیاوازەكانی حزب كاردەكەن، دوای ئەوەی نامەیەكیان پێگەیشتووە و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی گرووپی حیزبوڵا، “باشە و بریندار نەبووە.
هەروەها موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە لوبنان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بریندار بووە، بەڵام میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: برینەکەی سووکە.
جۆزێف نەسار، شارەزای ستراتیجی و سەربازی، بە كەناڵی سكای نیوزی راگەیاندووە: ئەوەی رویداوە، دزەكردنی ڤایرۆسێك بووە بۆ پرۆگرامی ئامێرەكانی (pagers)، ڤایرۆسەكە وادەكات ئەو پرۆگرامە بەشێوەیەكی بەهێز كاربكات، كە ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی پاترییەكەی.
ئامێرەکانی لاسلکی “پەیجەر”، هەڵگرانی ئەندامەکانی حیزبوڵای لوبنانن، موبایلە ئاساییەکە نییە کە چینی گشتی بەکاریدەهێنن، لەناو پەیجەردا جۆرە پاترییەکە هەیە بەکارهێنراوە ناوی “لیتیۆم”ە، “گومانەکە لەوەدایە ئەو پاترییە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە گەرم کراوە و پاشتر تەقیوەتەوە”.
پەنابردنی حزبوڵا بەم دواییە بۆ بەكارهێنانی ئەو ئامێرە بێتەلە، كە وەك دەوترێت لەپڕ بوون بە بۆمبی چێندراو و بە ئەندامەكانیدا لە ناوخۆی لوبنان و دەرەوەی لوبنان تەقینەوە، لەپێناو بەدورگرتنی سەركردەو ئەندامەكانی بووە لە بەكارهێنانی تەلەفون، كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەیان سەركردەو ئەندامی لەلایەن فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئیسرائیلەوە لەو رێیەوە كرانە ئامانج و لەناوبران.