ئازا پرێس
ملیشیاکانی شیعە لەعێراق کە خۆیان دەناسێنن بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەفەرمه ھێرشکردنە سەر چەند ئامانجێکی ئیسرائیلی راگەیاند و دەڵێن، ھێرشەکانمان بەردەوام دەبێت.
دوێنێ ٢٢-٩-٢٠٢٤ ملیشیا شیعە چەکدارەکان لە عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی ئیسرائیل لە جۆلان و رۆژی یەکشەممە پێنج ھێرشی لەو شێوەیەیان ئەنجامداوە.
جەختیشیانکردووەتەوە ھێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەچەند ناوچەیەکی باشوری جۆلان راگەیاندوە.
ئەمڕۆکەش ٢٣-٩-٢٠٢٤ لەکاتژمێرەکانی نیوەڕۆ سوپای ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆسەر باشووری لوبنان بە تۆپی دوور هاوێژ و فڕۆکە، تائێستا بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ١٠٠کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربووە.
بەگوێرەی دواین لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی کە بانگەواز دەکەن خەڵکی سڤیل لە بنکەو بارەگاکانی حیزبوڵا دوورکەونەوە، پێدەچێ هێرشەکان درێژەی هەبێ.
چاودێران لەو تێوەگلانەی ملیشیا چەکدارەکانی عێراق لەشەڕی ئیسرائیل بەدووری نابینن کە ئیسرائیل بەرەی شەڕی خۆی تاعێراقیش فرەوان بکات و عێراق بکەوێتەوە ناو شەڕێکی ماڵوێرانکەرتر.