شیکاری ئازا پرێس
بەشی دووەم
لەم بەشە راوەستە لەسەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو دەکەین، هەمانکات دروشمەکانیان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو. لە شەش ساڵی رابردوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ یەگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، وەک ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی حکومەت مانەوە. لەبەر ئەوەی ژمارەی کورسیەکانی ئۆپۆزسیۆن کەم بوون، بۆیە دەسەڵات زۆر هەڵوێستەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەهەند وەرنەگرت، تاکو لە دوای کۆتای هاتنی ماوەی چوار ساڵی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان دەرکەوت، ئەوکات پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕانیش چواریان بوونە ئۆپۆزسیۆن و چوار پەرلەمانتاریشیان لەگەڵ حکومەت مانەوە. ئەو سێ لایەنە ئایا دەتوانن لە چوار ساڵی داهاتووش لە ئۆپۆزسیۆن بمێنەوە یان هەڵەکەی گۆڕان دووبارە دەکەنەوە؟
١-جوڵانەوەی نەوەی نوێ: لەم شەش ساڵەی رابردوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پێشەنگایەتی ئۆپۆزسیۆن بوونی دەکرد، بەڵام ئەوانیش چونکە نوێ بوون لە سیاسەت و خەباتی پەرلەمانی، هەمانکات لەبەر باش بەڕێوە نەبردنی فراکسیۆنەکەیان بۆیە هەر زوو لە هەشت ئەندام پەرلەمان بوونە چوار. دیسان ئەو رێککەوتنەی کە نەوەی نوێ لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کردبووی بۆ پەرلەمانی عێراق لە ٢٠١٨، لە ٢٠٢٠ لەژێر فشاری پارتی و تورکیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، بۆیە نیشانی پرسیاری کەوتە سەر.
لەبەر رێگری کردن لە بەشداری پێکردنی تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ و چوونەوەی گۆڕان بۆ ناو دەسەڵات، بۆیە گوتاری سیاسی ئۆپۆزسیۆن زۆر لاواز بوو. لەلایەکیتریش لەبەر ناڕوونی لە کەسایەتی سەرۆکی نەوەی نوێ لە پرسە ئابوری و داهات و شێوازی کارکردنی، بۆیە بەئاسانی ببووە نێچیری رەخنەکانی راگەیاندنەکانی دەسەڵات. ئەمەش هۆکار بوون کە گوتاری نەوەی نوێ لە شەش ساڵی رابردوو لاوازبێ.
نەوەی نوێ لەبەر ئەوەی هەموو کێشەکانی لە پرسی هەبوون و نەبوونی مووچە و هات و نەهاتی مووچە کورت کردبووە، بۆیە نەیتوانی هەموو ئەو لاوازی و کەموکوڕیانەی دەسەڵات رەخنە بکات، زۆر بەتایبەتیش نەوەی نوێ هیچ رەخنە و چالاکیەکی لەسەر داگیرکەری و هێرشەکانیان لەسەر باشوور و خودی سلێمانی نەبوو. هەتا لە هەندێک بابەت وەک هەواڵیش لە تیڤیەکانیان نەیانکرد بە هەواڵ.
تاکە جیاوازیەک کە نەوەی نوێ نیشانیداوە، ئەویش لە هەندێک کێشە لەگەڵ رەخنەکانی هاوکاری خەڵکیشی کردووە، بەتایبەت لە مەسەلەی دابەشکردنی ئاو لەهاوینان و نەوتیش بە نرخێکی هەرزان لە زستانان.
نەوەی نوێ دەتوانێ ئەو رێژەیە لەکورسی بێنێ کە ببێتە دەسەڵات بەتەنها، لە ئێستا سەختە، ئەی دەتوانێ لەگەڵ لایەنەکانیتر هاوپەیمانی و رێککەوتن بکات و پێکەوە حکومەتی هاوبەش پێکبێنن ئەویش زەحمەتە، چونکە وەک دیار دەبێ سەرۆکی نەوەی نوێ ناتوانێ لەگەڵ هیچ لایەنێکیتر بەرە یان هاوپەیمانی پێکبێنێ، لەبەر هەبوونی تایبەتمەندی تاکڕەوی. نەوەی نوێ دروشمی درۆ دەکەنی دیاری کردووە، هەر لەسەرەتاوە ئەو پرسیارە لە نەوەی نوێ دەکرێ ئێوە چۆن دەیسەڵمێنن کە راست دەکەن.
٢-یەکگرتووی ئیسلامی: یەکگرتوو لە دوای ٢٠٠٥ لەناو دەسەڵات و پەرلەمان ئامادەگی هەیە، لە شەش ساڵی رابردوو یەکگرتوو وەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان مایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکانی یەکگرتوو لەگەڵ تورکیا و حکومەتەکەی ئەکەپە و ئەردۆغان ئایدیۆلۆژین لەسەر بنەمای ئیخوانی، بۆیە لەگەڵ ئەوەی هیچ رەخنەیەکی داگیرکەری ناکات، هەمانکات پشتیوانی هەوڵە داگیرکەریەکانیشی دەکات و لەوبارەیەوە لەگەڵ دەسەڵات، بەتایبەت لەگەڵ پارتی هاو سیاسەت و هاوکاری یەکترن. لە پرسی مووچە و بودجە و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە رێگەی راگەیاندن و فراکسۆنەکەی خاوەن هەڵوێستبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی لە پرسی داگیرکەری هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بۆیە لەناو فراکسیۆنی ئەوانیش پارچەبوون دروست بوو.
یەکگرتووی ئیسلامی لەم هەڵبژاردنە دروشمی ئیتر بەسەی دیاری کردووە، بەڵام نەیگوتوە بۆچی ئیتر بەسە، هەموو ئەو پێشێلکاریانەی دەسەڵات کردوویەتی و لەداهاتووش دەیکات، یەکگرتوو بۆ کامەیان دەڵێ ئیتر بەسە، ئەوەی لەئێستاوە دەزانرێ، یەکگرتوو بۆ داگیرکەری ناڵێ ئیتر بەسە، بۆ ئەو سیاسەتانەی پارتیش کە لەگەڵ تورکیا بەڕێوەی دەبات بۆ ئەوانەش هیچ هەڵوێستی نابێ. ئەوەی دیار دەبێ تەنها گوتارە دووبارەکەیەتی کە لە رابردوو هەیبوو هەمان ئەو دروشمەیە دووبارە دەبێتەوە، بۆیەش دەنگدەری خۆی لێی زوێر بووەو زەحمەتە هەمان دەنگی هەڵبژاردنی بەغدا بێنێتەوە.
٣-کۆمەڵی دادگەری: لە دوای ٢٠٠٥ لە پەرلەمان و حکومەت شوێنی هەبووە، بەڵام لەئاستێک وەستاوەو زیاتر بەرەوپێشەوە نەچووە. لە شەش ساڵی رابردوو وەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان ئامادەگی هەبوو، بەڵام لەلایەک بەهۆکاری کەمی ژمارەی پەرلەمانتارانی، لەلایەکیتریش نەیتوانی بەرگری لە هەڵوێستی پەرلەمانتاری خۆی سۆران عومەر بکات لە بەرانبەر دۆسیەی مەسرور بارزانی. بۆیە گوتارەکەی لاواز دەرکەوت.
لە رابردوو کۆمەڵی دادگەری لەبەرەی ئێران دەژمێردرا، بەڵام لەم چەند ساڵەی رابردوو سەنگەری گواستۆتەوە بۆ تورکیا، بەتایبەتش زۆر لە گەڵ کۆنە حیزبوڵا و هوداپار دەردەکەوێ، کە تاوانبارن بەکوشتنی ١٧ هەزار کوردی وڵاتپارێز لە باکوری کوردستان، وەکوتر لە هەموو کۆنگرەکانی ئەکەپە بەشداربووە. ئەو گوتارە نەتەوەیی جارانی کۆمەڵ نەماوەو زیاتر خەریکی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیەتی.
کۆمەڵی دادگەری دروشمی رایاندەگرینی دیاری کردووە، بەڵام نەیگووتوە چی رادەگرێت و کێ رادەگرێت، ئەگەر هەمان گوتاری شەش ساڵی رابردوو لە چوار ساڵی داهاتووشی هەبێ، ئەوا ناتوانین چاوەڕوانی شتێکی زۆر گەورەتربین، چونکە دیاری نەکردووە لەبەرانبەر داگیرکەری چی دەڵێن، وەک لە رابردوو شتێکی ئەوتۆیان نەگوت. لەبەرانبەر ئەو دزی و تاڵانیەیی کە بەردەوام دەکا چی دەڵێن؟ لە شەش ساڵی رابردوو کۆمەڵ نە خۆپیشاندانێک نە رێپێوانێک نە کاردانەوەیەکی مەیدانی هەبووە، تەنها راگەیاندنەکەی وەک سەکۆی فرە لایەنی بۆ هەموو کەس و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کراوەبووە. بۆیە بەو ژمارە پەرلەمانتارەی رابردوو دەتوانن ئەو دروشمەی هەیانە بیکەن بە کردار، لەلایەکیتریش دەتوانن ژمارەی کورسیەکانی زیادکات یان کەمتر دەبنەوە، وەک لە هەڵبژاردنی عێراق تەنها توانی یەک کورسی بەدەستبێنێ.