شیکاری ئازا پرێس
بەشی سێیەم و کۆتایی
لەم بەشە راوەستە دەکەین لەسەر ئەو لیست و قەوارە نوێیانەی کە لەم هەڵبژاردنە دەرکەوتوون. واتا وەک قەوارە خۆیان تۆمار کردووە، هەمانکات وەک لیست بۆ هەڵبژاردن خۆیان ناونوس، لەم هەڵبژاردنە دەکەونە پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران.
لەم هەڵبژاردنە دوو قەوارەی نوێ لیستی خۆیان تۆمار کردووە، لە کایەیی سیاسی دەناسرێن، هەمانکات کۆمەڵگە دوور نییە لە ناسینی قوڵای هزری و سیاسیان. راستە هەوڵدانی نوێن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە کوانوی هێزەکانیتر دەرکەوتون، بۆیە ناتوانرێ بڕوایەکی زۆریان لەسەر هەڵچنرێ، بەڵام راستییەکیش هەیە، دەرکەوتنی هەر هێز و قەوارەیەکی نوێ، ئەگەر کەمیشبێ، بەڵام دیسان گوڕوتینێک دەدا بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، لەم چوارچێوەیەدا؛
١-بەرەی گەل:
لەلایەن لاهور جەنگی بورهانەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، پێکهاتەی بەرەی گەل لە یەکێتیەوە هاتوون، چونکە خودی شێخ لاهور هاوسەرۆکی یەکێتی بووە. بۆیەش روئیا و خوێندنەوەکانی بەرەی گەل و سەرۆکەکەشی بەقەد یەکێتیە، بەهەندێک تێبینی بچووک. چونکە ئەگەر سەرۆکی بەرەی گەل لەیەکێتی بیانهێشتبوایە بەردەوام بکات، وادیارە لیستێکی نوێی بۆ هەڵبژاردن دروست نەدەکرد.
بەرەی گەل دروشمی (بەئێمە دەکرێ)یان هەڵگرتوو، بەڵام ناڵێن چیان پێ دەکرێ و چیان پێناکرێ؟ راستە مرۆڤ لەبەر ئەوەی گەردونێکی بچوکە بۆیە دەتوانێ هەمووشتێک بکات، بەڵام بە چ هزر و بە چ فەلسەفەیەک دەتوانێ بیکات؟ هەموو پێکهاتەی بەرەی گەل ئەو یەکێتیانن کە ئومێدیان لەسەر شێخ لاهور هەڵچنیوە. بۆیە ئەو پرسیارە بکرێ لەوانەیە راستبێ، ئەویش ئایا ئەوەی بە یەکێتی کراوە تائێستا، لەمە زیاتر بە بەرەی گەل دەکرێت؟
وەک پێشبینی دەکرێ بەرەی گەل لەبەر ئەوەی خودی سەرۆکەکەی زوو دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و راگەیاندنێکی باشی دامەزراندوە، ئەمەش وایکردووە کە بەرەی گەل لە سنوری سلێمانی وەک هێزێک دیاربێ، بەڵام هێشتا دیار نییە، هەمان جموجۆڵ سەرۆکی بەرەی گەل لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتیش دەتوانێ بیکات، واتا لە قەزا و ناحیەکانی بسوڕێتەوەو بانگەشە بۆ لیستەکەی بکات؟
لە دەرەوەی قسە کردن و ئەستۆ پاکی دەرخستن، لەماوەی ئەو دوو ساڵەی کە شێخ لاهور لە دەرەوەی یەکێتیە، هیچ چالاکیەکی سیاسی جەماوەری و مەدەنی نەبووە. واتا بەشداری و پێشەنگایەتی بۆ هیچ رێپێوان، ناڕەزایەتی جەماوەری و کۆڕ و سیمیناری نەکردووە، بۆیە نازانرێ لە داهاتووش لە هەمان چوارچێوە دەمێنەوە، یان دەکەونە بەرەی خەڵک؟ ئەوەش هێشتا دیار نییە، ئایا بەرەی گەل تەنها بۆ ئەوەی لاهور شێخ جەنگی قیت کاتەوە دەچێتە پەرلەمان یان دەیەوێ چیبکات؟ نمونە لەگەڵ بەرەی داگیرکەری دەچێتە دەسەڵات؟ بەو چەند کورسیەیی دەیهێنێ، خۆی لەگەڵ کام لا ساغ دەکاتەوە؛ بەرەی داگیرکەر و خیانەت، یان وەک ناوی لەخۆی ناوە بەرەی گەل و ئازادی و دیموکراتی؟ ئەوەیان بۆ داهاتوو لێدەگەڕێین بزانین ئاراستەی رووداوەکان بەرەو کام لا دەچن.
٢-رەوتی هەڵوێست:
لەلایەن عەلی حەمە ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لە بزووتنەوەی گۆڕان جیابوونەتەوە. عەلی حەمە ساڵح وەک بێژەری تیڤی و پەرلەمانتارێکی وریا دەناسرا. بەردەوامیش وەک تاک لە پەرلەمان خاوەن چالاکی بووە، بەڵام نەیتوانی وەک فراکسیۆن ببێتە هێز و ئیرادە، بۆیە لە ئەنجامی ناکۆکیەکانی لەگەڵ فراکسیۆنەکەی و لەوێشەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، جیابۆتەوە.
دەبێ بۆ عەلی سەرۆکایەتی قەوارەیەک و لیستێکی هەڵبژاردن هێشتا زووبێ، چونکە عەلی خاوەن ئەزموونی سیاسی نییە، بۆیە تا ئێستاش کار و چالاکیەکانی وەک کەس دەردەکەوێ، واتا عەلی هێشتا نەبووە بە ڕێکخستنێکی سیاسی.
دروشمی رەوتی هەڵوێست لەم هەڵبژاردنە دەڵێ، هەڵوێست وەردەگرین، ئەوانیش نەیان گووتووە هەڵوێست لە چی وەردەگرن؟ سەبارەت بەچی هەڵوێست وەردەگرن و چۆن هەڵوێست وەردەگرن؟ نە لەسەردەمی گۆڕان و نە لەوەتەی رەوتی هەڵوێستیش دروست بووە عەلی حەمە ساڵح هیچ کات پێشەنگایەتی بۆ هیچ چالاکیەکی جەماوەری و خۆپیشاندان و سەر شەقام نەبووە، واتا تا ئێستا دەسەڵاتی لەخۆی نەتۆراندووە! لە دەرەوەی لێدوانەکانی عەلی حمە ساڵح تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی جەماوەری رەوتی هەڵوێست وەک قەوارە نییە. لەو هەموو زوڵم و زۆرداری و دزی و تاڵانی و فەرهودەی دەسەڵات دەیکات، هیچ هەڵوێستێکی مەیدانیان نەبووە. هەمانکات لە بەرانبەر ئەو داگیرکەریەی لە بادینان و ئەو خیانەتەی لە خاکی کوردستان دەکرێت، هێشتا رەوتی هەڵوێست هیچ هەڵوێستێکی وەرنەگرتووە.
لە رەوتی هەڵوێستیش هێشتا ئەوە نازانرێ، بەو ژمارە دەنگەی دەیهێنێ، چۆن دڵنیایی دەدات کە بەرەی گەل و ئازادی و دیموکراتی هەڵدەبژێرێت و ناچێتە بەرەی داگیرکەر و خیانەتکاران؟ بۆیە لەماوەی ئەو بانگەشەیی کە هەیە و رۆژانی دواتریش پێویستە هەڵوێستی رەوتی هەڵوێست هێشتا روونتربێ، هەمانکات پێویستە هەڕەمی رێکخستنی رەوتی هەڵوێست دیاربێ، ئایا چۆن شێوازێکی حیزبایەتی و سیاسەتێک بەڕێوەدەبن؟ ئەمەش مەرجێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی بزانرێ داهاتووی رەوتی هەڵوێست چۆن دەبێت و دەتوانێ هەڵوێست وەرگرێ؟
هاوپەیمانەکانی هەرێم و سەردەم؛ دوو هاوپەیمانیترن لەم هەڵبژاردنە کە زەحمەتە دەنگێکی ئەوتۆ بێنن. چونکە لەساڵانی رابردوو خۆیان تاقی کردەوە، زۆرتر لە فەلەکی دەسەڵات و پارتی سوڕاونەتەوە. بۆیە چاوەڕێی شتێکی نوێیان لێ ناکرێت.
کاندیدە سەربەخۆکان، تائێستا دیارنییە کەسێکیان بتوانێ دەرچێ، ئەگەر دەریش چێ ئایا بەتەنها دەتوانێ چۆن رۆڵی هەبێ لە گۆڕانکاریەکان. وەک کورد دەڵێ، سوارێک بەتەنها تۆز ناکا.
لیستی کۆتاکانی تورکمان و ئاشوری، کورسیەکانیان بووە بە پێنج کورسی و دابەش بووە بەسەر چوار بازنە، بۆیە وەک جاران کە ١١ کورسی بوون لە ژێر دەستی پارتی بوون، ناتوانن ببنە یاری دەستی پارتی. لەڕابردوو لە دەرەوەی پلە و پۆست بۆ هەندێک کەس، هیچ رۆڵێکیان بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری نەبوو، چونکە بە ئیرادەی خۆیان دەرنەچووبوون و لە پەرلەمانیش خاوەن ئیرادە بڕیاردانی خۆیان نەبوون. لەم هەڵبژاردنە رۆڵیان لە پەرلەمان بچوکتربۆتەوە، بەو پێکهاتە تازەیە دەتوانن چیبکەن و چۆن دەتوانن خاوەن رۆڵبن، ئەوەش بەهێڵین بۆ داهاتوو.
کۆتایی