نیاز برایم
لە زانستدا ، بۆ سەلماندنی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی یا ئەندازەیی، دەرچەیەک هەیە کە رێبازێکە بۆ گەیشتن بەئامانج ، ئەویش بەناوی (Trail & Error) ، لە سیاسەتدا بە ئاڵۆزی کۆنترۆڵکراو یا پۆزەتیڤ(فوضی الخلاقة).
لە عارەبیدا ئیدیۆمێک هەیە دەلێت’گۆتەیکی هەق بەڵام مەبەست لێی ناهەقییە’- کلام حق یراد بە باطل.
بۆچی ئەو پێشەکییە کورتەم نوسی ، تا هەریەکەو لەلای خۆیەوە تێگەیشتنێکی سەرەتای لا دورست بێت کە ئەردۆگان و ئەوانەی ئەردۆگان داژۆن لە ئەرگەنەکۆن ومەهەپە چۆن و بەچ ئامانجێک پیلانی ریفراندۆمیان بە پارتی جێبەجێکرد.
ئەوەی ئێستا سەرانی پارتی نکوڵی لەو پیلانە دەکەن ، تەنها مەشهەدی پێش دوایینی سیناریۆکەیە یا پیلانەکەیە ، بەواتایەکی دیکە خۆدزینەوە لە گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم ، مەشهەدی پێش کۆتاییە ، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەنجام وەربگرێت.
ناوەندی پیلانگێڕیی تورک ، ئەو پیلانەی خستەواری جێبەجێکردنەوە ، دوو شیمانەی بۆ دانا :
– یەکەمیان ئەگەر سەری گرت ، کەواتە بەقوبرسکردنی باشور ، ویلایەتی موسڵ و شارەزوور دەخرێنە سەر تورکیا.بۆیە سەرۆکی پارتی زۆر دڵنیا بوو کە سەر دەگرێت ، تەنانەت لە سەرنەگرتنی سزای بۆخۆشی دانابوو ، بەواتایەکی دیکە سەرۆکی پارتی کە هەڵگری جێبەجێکردنی ئەم پیلانە بوو ، هەرگیز دانی بە فەشەلی نەدەهێنا و دڵنیابوو سەردەکەوێت و بێ ئاگا بوو ، تەنها جێبەجێکار و گوێڕایەڵێکی باشی ناوەندی پیلانەکە بوو.
– شیمانەی دووەم ئەگەر سەری نەگرت ، ئەوا لە رووی مۆڕاڵی و یاسایی زەربەیەکی گەورە دەدرێت لە چەمکی سەربەخۆیی ، ئەو شەڕە سایکلۆژیایەی داگیرکەران کوردستان کە لە بێئاگاییدا لە دژی تاک بەتاکی کۆمەڵگا دەکەن بە بڵابوونەوەی ئەوەی ‘ کورد هیچ نییە ، نابێتە دەوڵەت ، هەر دەبێت لەلایەن داگیرکەرانەوە لێبخوردرێت ، کورد بێ تورکیا وئێران هیچ نییە ، سەرکردەکانی کوردان نەزان و گێل ونەفامن ، سەرۆک خێڵن و دەوڵەمەتدار نین ، دەیەها تێگەیشتنی نێگەتیڤ و ماڵوێرانیکار ‘ ، بە سەرنەگرتنی زیاتر ئەو شەڕە سایکۆلۆژییە لە ناو دەرونی کوردان جێدەگرێت وجێیگرت ، چەمکی خۆگرێدان و پاشکۆیەتی و زەلیل بوونی ئەوەندەی دیکە لە کەسێتی تاکی کوردان، دەڕوێت و ڕوا.
فێدەیەکی دیکەی لەو شیمانە بۆ ناوەندی پیلانگێڕییەکەی تورکان ، زەربەدانە لە رۆژئاڤای کوردستان یا هەر پارچەیەکی دیکە ئەگەر بیەوێت ئازاد بێت ، دەلێن : ئەوەتا لە هەرێمی کوردستان فیدراڵیان هەبوو کەچی نەوەستان داوای ‘جیابوونەوە’ دەکەن ، بۆیە ئەم (Trail & Error) یا پیلانە ، پێگەی یاسایی و سیاسی رۆژئاڤای لە ناو سوریا ودەوڵەتە عارەبییەکان و تەنانەت جیهانیش لاواز کرد بەوەی ئەوانیش لە دوارۆژ جیادەبنەوە ، یا لە بناغەدا پرۆژەی بارۆس پرۆژەی جیابوونەوەیە ، بۆیە پێویست دەکات پێش ئەوەی گەورەببن ، گەرەکە لێیان بدرێت. بە کورتی بەو پیلانە’ گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم ‘ دوژمنیان بۆ رۆژئاڤا زێدەکرد.
دیارە شیمانەی دووەم روویدا ، بە هۆی نارەزایەتی ئەمەریکا بۆ ئەو پیلانەی تورکیا کە دەیویست قوبرسێکی دیکە لە باشوری تورکیاوە چێ بکات، چونکە ئەم گۆڕانکارییە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بوو و ئێستاسی لەگەڵدا بێت دژە.
ئێستا سەرانی پارتی ئەو مەشهەدەشیان جێبەجێکرد ، کە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کارێکی هەڵە بوو ، بەمەش دەیانەوێت بێ شەرمانە وەک مورتەزەقەیەکی ناوەندی پیلانگێڕیی تورکان ،پێمان بڵێن : سەربەخۆیی بڤەیە و کورد بۆی نییە ئازاد بێت و، ئەو مافەشی نییە، بەڵکو تەنها بۆی هەیە وەک مورتزەقە و قروجی تورکیا وئێران بێت .
لای ناوەندی پیلانگێڕیی تورکان ، کوردی ئازاد ئەو کوردەیە لە گۆڕستانەکانن، مرۆڤی زیندووی کوردان نابێت هەبێت و هەناسە بدات.
جا ئەگەر هەر مرۆڤێکی کورد لە بەرزایی ٣٠٠٠ پێەوە ، بە مجەردیی سەیری نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات ، چی دەبینێت؟!..
زۆر بە هاسانی دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەو پیلانە ،کە ناوم ناوە گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم ، دەبینێت.
کێ هەیە بوێر بێت بیەوێت ریفراندۆمێکی دیکە ئەگەر بە درۆش بێت ، ئەنجامی بدات؟!.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی