هاوار تاهیر
خوێندنەوەی ھەرپەڕتوکێک کۆمەڵێک زانیاری مێژووی و ڕۆشنبیرت پێ دەبەخشێ بۆ ئەوەی بتوانی لە بازنەی حیزبە خێڵەکیەکانی باشوور، بچیتە دەرەوە تەنھا چارە گەڕانەوەو و بەدواداچوونە بۆ مێژووێکی ڕاستەقینە.
خوێندنەوەم بۆ دوو پەرتوک کردوە، یەکیان حەمەدی مەولودی، ئەوەیتریان مامۆستا زرار دەرگەڵەی نووسیویەتی، سەبارەت یەک مێژوو قسە دەکەن و دەگێڕنەوە، هەریەک و لە ڕوانگەی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکانی ئەو کاتە دەکات.
وەک قەبارە پەرتوکەکەی مامۆستا زرار سلیمان بەگ دەرگەڵەیی بەناوی(بیرەوەریەکانم) ٥٠٦ لاپەڕەیە، پەرتوکەکەی کاپتان حەمەدی مەولودی بەناوی (کوردبون) ٥٥٢ لاپەڕەیە.
زۆر جار ڕاستیەکان لەبەر دەمتە، بەڵام ھەڵوەستەیان لەسەرناکەی، تەنھا بۆ ئەوەی بڵێی من ڕاستم و حیزبەکەم ڕاستە. بەبێ ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لەوەی کە تۆ چ ژەھرێک ھەڵ دەڕێژی، لەنێوکۆمەڵگە. زۆر بە پەرۆشەوە ئەم دوو پەرتوکەم خوێندەوە، بەدوای لاپەڕە لێکچوەکانیان دا گەڕام بۆ ئەوەی بتوانم ڕاستی گەلێکم بۆ ڕوونبێتەوە کە لەسەرچاوەکانیتر جارجار نوقرچەیان لێ دەدرا.
ھەرچەندە نازانم ئەم پەرتوکەی مامۆستا زرار چاپی چەندەمیەتی؟ بەڵام بەھۆی باسکردنوو وتووێژ لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکم کە زۆر پێشتر، بەدەستیان کەوتبوو خوێندبیانەوە، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکانمان سەبارەت بەم پەرتوکە مێژوییە و ناوەڕۆکی بابەتەکانی، بۆم دەرکەوت کە ئەم چاپەی لە بەردەستی مندایە، زۆر لەوێزگەی ڕووداوە گرنگەکانی بەمەبەستی دیاری کراو، لەبێژینگ دراوەو دەریان هێناوە، بۆ ئەوەی ئێمەی هاوڵاتی، لەڕاستیەکان نەگەین. بەشێوەیەکیتر پەرتوکەکەی کوردبوونیش، زۆر شتی لێ شاردراوەتەوە،زۆریشی لێ سوتێن دراوە.
چەند ھاوڕێیەکیتر ھەندێک زانیاریان لە زاری مامۆستا زرار دەرگەڵەیی بیستبوو، ئەوەیان دەهێڵمەوە بۆ ویژدانی خۆیان، ئایا چەند دەسکاری قسەکانی ئەویان کردوە، کەی رۆژێک دێن بڵاوی دەکەنەوە؟
مامۆستا زرار ڕاشکاوانە ھەڵوەستەی لەسەر وێزگەکانی ژیانی خۆی کردووە، هەروەک حەمەدی مەولودی، لەدوایش وێنەی هەردوو پەرتوکەکە دادەنێم، بۆیە دەڵێم خۆت بێبەش مەکە لە خوێندنەوەی، وەک تاکی کورد،بۆ ئەوەی ڕاستی مێژووت بۆ لە زمانی ئەوان باشتر بزانی. کێن ئەوانەی ڕاستیەکانیان شێواندوە، کێن ئەوانەی پڕۆژەی ئەم گەلیان لەگۆڕ ناوە؟ ئەم وردەکاریانە بۆ خوێنەر لێ دەگەڕێم…
بۆ ئەوەی ڕاستی کەسایەتیەکانت بۆ بەدیارکەوێ، بەتایبەت کەسە خۆبەخشەکان، لەهەمانکات پاوان خوازەکان و خۆپەرستەکانیش!
یەک لەم کەسایەتیە جوانانەی کە بوو بەجێگەی سەرنجم میرحاجی شارۆچکەی ئاکرێیە، کە تا ئێستا بەدواداچوونێکی تەواو بۆ ئەم کەسایەتیە خۆنەویستە نەکراوە.
دەبێ چ کەسایەتیەک بووبێ، لەشاری ئاکرێ و بەپیر کۆماری مەهابادوە چووبێ. لەوسەردەمە بەڕێدەکەوێ، هەموو خۆشیەکی ژیان وەلادەنێ. ئەم مرۆڤە خۆنەویستەی شاری ئاکرێ، بەداخەوەم تەنها ئەم کەمە زانیاریەم لەسەر مێژووی ئەم مرۆڤە کوردە دەست کەوت، لەخوارەوە دای دەنێم. باشووری کوردستان پێویستی بەوەیە دووبارە مێژوەکەی شەن و کەوی بکرێتەوە. نووسەری ئەم دوو پەرتوەکە سەرنج ڕاکێشە،هەردووکیان لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بەشداربوونە، بەبێ ئەوەی ناوی یەکتربهێنن، بۆخۆم گومانم نییە کە یەکتریان نەناسیوە لەسەردەمی کۆمار، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە «باکۆ»یەکتریان ناسیوە؟
حەمەدی مەولودی ناسراو بەکاپتان، باس لە دامەزراندنی کۆمارێک دەکات لە مەنفا لە باکۆ، مامۆستا زرار باس لە مەشقە سەربازیەکانی خۆیان دەکات لەوکات، باس لە هۆکاری کێشەکان دەکات تا وای لێدێ ڕووسەکان لێی ئاگادار دەبنەوە. دەیان کەن بە چەند گروپێک و دەیان نێرنە نێو «کەلخۆزەکان» ئەم وردەکاریانە بۆ خوێنەر لێ دەگەڕێم… وەک کاپتان حەمەدی مەولودی ئاماژەی پێکردوە، زۆربەی نووسەرانی ئەو سەردەمە ئاگاداری ئەم مێژووەن، بەڵام بێدەنگیان لێکردوەو لەئێمەیان شاردۆتە. هەتاکو سیاسیەکانیش هیچ ئاماژەیەکی پێنادەن، خاڵە سەیرەکە لەوەدایە شوێنەواری ئەم دەوڵەتە مەنفایە نایەن بەوردی باسی لێوە بکەن !!
لەباشوور کەسایەتی جوانی وەک میر حاج (ناوی سیانی، میرحاج ئەحمەد تاهیر) زۆریتریش هەن و بەدەیان خەونی ڕەنگاوڕەنگیان هەبووە بۆ ئەم نیشتمانە. بێ ئەوەی هیچ داخوازی و بەرژوەندی تایبەتیان هەبووبێ. پێچەوانە خەونی دەیان پڕۆژەی ئازادبوونی ئەم گەلەیان پێبوەو لەگۆڕیان ناوە، بێ ئەوەی کەس خۆی لەقەری ڕاستی ئەم مێژووە بدات، بەشێوەیەکی زانستی.
میرحاج لەدایک بووی ١٩١١یە لە شارۆچکەی ئاکرێ و لە ساڵی ١٩٣٤ خوێندنی مامۆستایەتی تەواو دەکات، دەبێ بەئەندامی حیزبی هیوا. یەکێکە لەدامەزرێنەرانی حیزبی هیوا لەساڵی ١٩٣٩. دەبێ بە ئەفسەری پلەیەک، لە ساڵی ١٩٤٢. بەنهێنی خۆی گەیاندۆتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی کردووە بە «ژێکاف».دەتوانم بڵێم یەکگرتنێکی تۆکمە دروست دەکات لە خەبات و چالاکیەکانی نێوان ئەم دوو پارتە.
دەبن بە«دووانە» پاشان دەگەڕێتەوە، کار و خەباتی خۆی بەردەوام دەکات، پەیوەندیەکی تۆکمەی دەبێ لە گەڵ هەرچوار ئەفسەرکەی کوردستان، مستەفا خۆشناو، خەیروڵا عەبدولکەریم، مەحمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز، ئەوانیش وەک دەزانرێ بەشدار دەبن لە کۆماری مەهاباد، هەروەک مامۆستا زرار دەرگەڵەیی ئاماژەی پێکردوە، لەبەر هەندێک هۆکار و کێشە ناچن بۆ رووسیا، ئەوەشیان پرسیارێکە؟ دوای رووخانی کۆمار هەرچوار ئەفسەرەکە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، رژێمی پاشایەتی هەرچواریان لەسێدارە دەدات.
بەهۆی پەیوەندیەکانی میر حاج بە خەڵکی ناوچەکە، ئاسان کاریەکی باشیان بۆ دەکرێ لەرووی خواردن و چاوساغی ڕێگا، لەکاتی چوونیان بۆ ڕوسیا،
میرحاج لەساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کوردە ئاوارەکان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.
هەروەک م. زرار دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی لە باکۆ تووشی دەیان کێشە دەبن، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان هەموو بیرۆکەکانی میر حاج هەردەوەرێ.
ساڵی ١٩٨٨ کۆچی دوای دەکات لەبەغدا پاشان تەرمەکەی دەهێنەوە بۆ شارۆچکەی ئاکرێ. من نایەم باسی هۆکارەکان بکەم ئەم دووپەرتوکە بخوێنەوە بۆ ئەوەی خۆت مێژووەکە و هۆکارەکان ببینی، خۆت وەڵامی پرسیارەکانی خۆت بدەیتەوە.
هەروەک دکتۆر شڤان (سەعید قرمزی تۆپراغ) لەباکورەوە ڕادێ بۆ باشوور، چەند شوێنێک دەکات بەقوتابخانە، بۆ پەروەردەکردنی گەنجی کورد بەبێ بەرانبەر و خۆنەویستانە، بەڵام هەموو بیرۆکە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆ سەربەخۆی لەگۆڕ دەندرێ.
بۆیە دەڵێم خۆت مێژوەکە بخوێنەوە، بۆ ئەوەی لەوە بگەی جەردەی و خیانەتی ئەم دەسەڵاتەی باشور، لەکوێوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم دوو پەرتوکە مێژووییە دەتگەێنێتە ئەوەی نووسەرانی ئەو سەردەم چ ئاوێکیان ڕشتوە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، تا ئاستی ئەوەی بەئاشکرا ڕۆژنامەوانانن پێشبڕکێیانە لەجاسوگەرایەتی!!
شاری ئاکرێ ئەگەر بەزیندان دەناسرێتەوە لە ئێستا دا، بەڵام ئەگەر ڕووکەی تری شار ببینی،
وێنەی دەیان کەسی ئازادیخوازی تیادا دەدۆزیەوە. بۆیە مێژووی باشووری وڵات، دەبێ سەر لەنوێ بنوسرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر چەکداریمان بەشۆڕش پێ نەفرۆشنەوە!!