عادل عوسمان
شەڕەکانی دوای ٧ ئۆکتۆبەر پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. ھێرشەکان تەنیا بە کاولکردنی غەززەوە نەوەستاوە، پریشکی ئاگری شەڕەکە لوبنانیشی گرتووەتەوە و پەل بۆ زۆر ناوچە و ووڵاتی تر دەکێشێت و چەند ڕۆژێکە لوبنان بە قورسی بۆردومان دەکرێت. بەھۆی ھێرش و پەلامارەکەنی ئیسرائیلەوە، تورکیاش سوودی لەو باڵادەستیەی ئیسرائیل بینیووە و خۆی وەک،ھێزێکی گەورەی ناوچەیی نیشاندەدات و ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێیدا دەکات و لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا، کۆمەڵکوژی کوردان ڕادەگەیەنێت و ڕەوایەتی پێدەدات و گڵۆپی سەوزی قڕکردنی بۆ وەردەگرێت، سەرکۆنەی ئیسرائیلیش دەکات گوایە کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە بازرگانی گەورە لەگەڵ ئیسرائیلیەکاندا دەکات و خوێنی فەلەستینیەکانیش بۆ ئیسرائیلیەکان ھەرزان دەکات.
شەڕی ئێستا شەڕی جیھانی سێھەمە و لە تەواوی دنیادا کڵپەی سەندووە. ھەندێک خۆیان دەخەڵەتێنن و ھەرزان نزیک دەبنەوە گوایە شەڕی جیھانی سێھەم نییە. ئەی ئەگەر شەڕی جیھانی سێھەم نییە و دابەشکردنەوەی جیھان نییە، ئەو گۆڕەپانە گەورە و فراوانەی شەڕ لە دنیادا واتای چییە؟ ئەی ترسی تورکەکان لەو ئاڵوگۆڕانەدا، ھۆکارەکەی چییە؟ ھەربۆیە تورکەکان بەھۆی لاوازی سەرانی سیاسی ئێراقەوە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی شەرماوەرەوە ھێرشێکی داگیرکاری گەورەیان کردوەتە سەر ئێراق و باشوری کوردستان و لەو ڕێککەوتنەشدا، ھەمیشە لە ناو ترس و دڵەڕاوکەی لەدەستدانی ڕێککەوتنەکەدان.
ھەربۆیە لە پەراوێزی گفتوگۆکانی کۆبونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیۆیۆرک سودانی و ئەردۆغان چاوپێککەوتنیان کردووە و دووپاتی کاری ھاوبەش و پێکەوەوییان کردووەتەوە. کاری ھاوبەش لەسەرچیی؟ لەسەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشە. ڕێگەی گەشە واتای چییە؟ ڕێگەی گەشە پڕۆژەی داگیرکردنی ئێراق و ھێنانە ناوەوەی ئێراقە بۆ شەڕ لەدژی کورد و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. لایەنێکی تریشی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حوزەیرانی ئێراق، پەدەکە، تورکیایە لەدژی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ بۆ لەناوبردنی و لە ھەمانکاتتدا وەستانەوەیە لە دژی پڕۆژەی ڕێگەی بەھارات. کە ئەو شەڕەی غەززە، لوبنان ئامادەکاری ڕێگەخۆشکردنە بۆ خستنە دەوری ئەو ڕێگەیەی ووزە و بازرگانیە. کە ئیسرائیل، ئەمریکا و ھاوکارەکانیان لە جی٢٠ بەڕێوەی دەبەن.
پڕۆژەی ڕێگەی گەشە، نەک پڕۆژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو پڕۆژەی شەڕی دژی کوردان و ئیراقیشە. سەرانی سیاسی ئیراقی پێویستە ئاگادار و ھوشیاربن بە نییەتەکانی دەوڵەتی تورک کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئیراقەوە گەمارۆی تێکۆشانی ئازادی کوردان بدات و کوردان کۆمەڵکوژ بکات و ئەو دەسکەوتانەی لە ئیراقیش ھەیە نەیھێڵێت. ئەگینا ئەگەر ڕێککەوتن کراوە، بۆچی ھەتا ئیستا بەشە ئاوی ئیراق لە دیجلە و فورات بەرناداتەوە و دەیبەستێتەوە بە مەرجە بازرگانیەکانی خۆیەوە. لێرەوەیە دەبێت ئیراقیەکان لەوە تێبگەن کە تورکیا چاکەی بۆ ئیراق ناوێت، بەڵکو دەیەوێت سوود لە لاوازی ئیراق و ئیراقیەکان وەرگرێت بۆ دوو مەبەست:
١-بۆ بەکارھێنانی ئیراق لە دژی کورد. کە ئیراق سوودی لێنابینێت.
٢-بۆ بەدەستھێنانی سوودی ئابوری و بەگژدا کردنی ئیراق لە دژی ئیسرائیل – ئەمریکا بەھۆی ئەو سۆزە ئایینی و عەرەبیەی لە ئیراقدا ھەیە لەگەڵ جیھانی عەرەبی و ئیسلامی و دۆزی فەلەستیندا.
بەڵام لەم ھاوکێشەیەدا، ئێرانیش ھەیە. وادەردەکەوێت، ئێران لە پرسەکاندا لە مەترسی شەڕەکە و کاریگەریەکانی بۆسەر ووڵاتەکەی تێگەیشتووە و وەک زلھێزی ناوچەیی ھاوکێشەکانی لەبەرچاوە و لە بەرامبەر تورکیاشدا خاوەنی پڕۆژە و ڕۆڵە. ئێڕان ووڵاتێکی بچووک و بێھێزنییە، تا بھێڵێت ئیراق بە ئاسانی بکەوێتە ناو گەمە و بەردەستی تورکیاوە. ھەروەھا لە ئیراقیشدا ڕۆڵی ئەمریکا ھەیە. دیارە ھاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاریگەری لە گۆڕانکاریەکانی ناوچە و ھاوسەنگیەکانیدا ھەیە.
ھەڵبژرادنێک لە ھەرێمی کوردستان لە گۆڕێدایە. ئەم ھەڵبژرادنەش کاریگەری ئەو ھاوسەنگییانەی لەسەرە. بۆیە کاتێک سەیری ڕاگەیاندنی یەکەمی بەرپرسە یەکەمەکانی حیزبەکان بە تایبەت پەدەکە، یەنەکە دەکەیت، دەتوانیت لە شێوازی دەربڕین و زمانی جەستەیاندا ھەندێ گۆڕانکاری ھاوسەنگی ببینیتەوە. نیگەرانیەکان لەناوچاوانیاندا دیارە.
ڕۆژانی دادێ دەرھاویشتەی گۆڕانکاریەکان و شەڕەکان زۆرشتمان بۆ ڕۆشن دەکەنەوە و پێدەڵێن.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی