ئازاد رواندزی
ململانێ و کێشمەکێشی هەڵبژاردن تا دەچێ قوڵتر دەبێتەوە، هەموو لایەنەکانیش لە دۆخەکە ناڕازین، هەر لایەنە و دەڵێ ئێمە دەتوانین گۆڕانکاری بکەین؟ بەڵام کاتێک دۆخی ئەو لایەنانە خودی خۆیان سەیر بکەین، حاڵی ئەوە نابینین کە گۆڕانکاری بکرێت. نمونە رەخنەیەکی جدی لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەگەریی و حیزبی بنەماڵەگەرییە! بەڵام کەس ئامادە نییە شوێن بۆ ئەویتر چۆڵبکات، لەوەگەڕێ کە حیزبە کلاسیکەکان دەستبەرداری بنەماڵەگەریبن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیەکەیان گوایە بڕوانامەی دکتۆرا و ماجستێریان هەیە، دەڵێن ئێمە بەو بنەماڵەگەریەتیە رازین ئەوە کەی کێشەیە!! لەولاشەو حیزبێک خۆی بە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکرات دادەنێت و گوایە لە بەرەی چەپە، بەڵام لە دەرەوەی ئەندامانی بنەماڵەکەی ئاگای لە کەسیتر نییە، یان دەبێ خۆی یان براکەی یان کوڕەکەی لە پۆستە یەکەمەکان بن. ئەرێ باشە چۆن بەو شێوەیە گۆڕانکاری دەکرێ؟ لەوەش خۆشتر بەناوی بەرەی چەپ قسە دەکەن!!
سەرجەم بەرپرسە حیزبیەکان لە بچوک تا مەزن، ئەوەی قەڵایەکی بەرز نەکردبێتەوە نییە، گردی داگیرکردوە، دەڵێ دەیگۆڕم، باشە ئەگەر تۆ لە ژێر سەرت گۆڕانکاری نەکەی، چۆن لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری دەکەی؟
لەهەمووی خۆشتر قسەکەی مەسعود بارزانی بوو لەکاتی ناساندنی بەربژێرەکانی بۆ پەرلەمان دەڵێت، پەرلەمانێکی بەهێز ئاوا دەکەین، ئاخر ئەو سەد کەسەی لەپشتی بوون ئیرادەی ئەوەیان نەبوو پێیبڵێن، ئەرێ بەڕێز ئەوە ٣٢ ساڵە کێ دەستی گرتبووی، بۆچ پەرلەمانەکەت نەک بەهێز نەکرد، بۆچی رەزیل و ریسوات کرد. چەندین شەلاتی و سەرسەری مست وەشێن و بۆکس وەشێنت ناردبووە پەرلەمان کە دەیانگوت سواری بابی خەڵکی دەبین!! هەڵبەت کۆیلەی واهەبن بەهەمووشتێک رازی بن و تەنها چەپڵە لێبدەن، چۆن گۆڕانکاری دەکرێ.
سەرەتا پێویستە لەسەر چەمکی گۆڕانکاری قسە بکرێ، تاکو بزانن چی دەگۆڕن و چۆن دەگۆڕن و بۆ دەگۆڕن؟ دیسان گۆڕانی رواڵەت یان گۆڕانی ناوەڕۆک؟ ئەگەر قوڵبوونەوە لە ناوەخنی چەمکی گۆڕانکاری کرا، ئەوکات زۆرێک لەو قەوارە سیاسیانەی ئێستا کەوتوونەتە پێشبڕکێیی هەڵبژاردن، لەتاقیکردنەوەکە دەرناچن و دەبێ ئەوان خودی خۆیان بگۆڕدرێن.
کۆمەڵگەی ئێمە و ئەوانەی خۆشیان هەڵدەبژێرن بە هیوای گۆڕانکاریەوە نیین، بەڵکو دەیەوێ پۆز لێبدا کە دەبێتە پەرلەمانتار و لەو لاشەوە مووچەیەکی گەرەم دەچێتە باخەڵی و لە تەمەنێکی ٣٠ – ٤٠ ساڵیدا بە چەند ملیۆن دینارێکەوە خانەنشین دەبێ، جا چ باکی بە گۆڕانکاری هەیە. بۆیە هاوڵاتیەک جوانی پێکابوو دەیگوت، ئەگەر مووچەی پەرلەمانتار ٥٠٠ هەزار بوایە، خەڵک لە سۆمالیش نەدەهات ببێتە پەرلەمانتار!
هیچ لایەنێک باسی لەناوبردنی داگیرکەری نەکردووە، لە بەرنامەی هەڵبژاردنیان، جا نەک لەناوی نابن، پێچەوانە زۆربەی حیزبەکان پەیوەندی توند و تۆڵیان لەگەڵ داگیرکەر هەیە و فەرشی سووری بۆ رادەخەن، لەسەر سفرەکەی دەلەوەڕێن و باوەشی گەرم گەرم بەیەکتریدا دەکەن، وەک ئاشق و مەشوق لەیەکتری دەئاڵێن. لەولاشەوە باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و ئاڵای کوردستانت بۆ دەکات!!
هەڵبەت باسی زانکۆ و خوێندنیش ناکەم، ئەرێ مناڵێک کەهێشتا بۆنی شیری خاوی لەدەم دێ، بۆتە خاوەن زانکۆی کوردستان، ئەرێ کامە دکتۆر و پرۆفیسۆر لەو زانکۆیە وانە دەڵێنەوە، پێیانبڵێن شەرم بۆ خۆتان. لەولاشەوە ئەمریکای گوایە خاوەن دیموکراسی، بەڵام مناڵێکی شیرە خۆرەش بۆتە خاوەن زانکۆکەی ئەو لە دهۆک، ئەرێ بەکێ بڵێین ئارەقی شەرمەزاری برێژێ، ئەمریکا یان ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن، خاوەن بڕوانامەی بەرزن و بەڵام دێن لەژێر دەستی مناڵێکی شیرە خۆرە وانە دەڵێنەوە!!
کامە لایەن بڕیار دەدا لەم بوارانە گۆڕانکاری بکا، ئەوا هیوا بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە، ئەو %٦٠ی کە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات دەی گەڕێنێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوکات دەتوانین بڵێین، ئاسۆی گۆڕانکاری روونە.