ئازاپرێس
ئەمڕۆ ٢٨-٩-٢٠٢٤ رۆژنامەی ئەلعەرەب راپۆرتێکی لەسەر ریفراندۆمە شکستخواردەکەی پارتی بڵاو کردۆتەوە. لەگەڵ چاوخشاندنێک بە سەردەمی ریفراندۆم لە ٢٠١٧، چاویش خشاندۆتەوە بەو دەرکەوتانەی لەوکاتە دەرکەوتن، بەتایبەت کاردانەوەکانی بەغدا و تورکیا و ئێران.
ئەلعەرەب دەنوسێت، ریفراندۆم گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دروستکرد، هەروەها لەنێوان ئەوان و ئەنقەرە و تاران کە پەیوەندییان بە بەغداوە کرد، کاتێک عێراق گەمارۆی ئاسمانی بەسەر هەرێمدا سەپاند، گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بۆ فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ڕاگرت ، و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی ناوچەکەیان کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا و ئێران.
سەبارەت بەکاریگەریەکانی ئەنجامە خراپەکانی ریفراندۆم بەسەر بانگەشی هەڵبژاردن، ئەلعەرەب وەها راوەستەی لەسەرکردووە، بانگەشەی هەڵبژاردن کە لەنێوان هێزە سیاسییە رکابەرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەڕێوە دەچێت، لە غیابی بەرنامەی ڕاستەقینە و دەستکەوتی ڕاستەقینەدا، پڕوپاگەندەکان لەسەر کەموکوڕی و هەڵەکانی نەیارانیان چڕ بۆتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، حەوتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ڕەهەندێکی ناوازەی وەرگرتوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە دۆخەی کە شکستی ڕیفراندۆم خەسارێکە لە مێژووی حیزبەکەی بارزانیدا، نەیارانی هەوڵدەدەن وەبەرهێنان لە پڕوپاگەندە دا لە دژی بەکاربێنەوە.
لەوبارەیەوە رۆژنامە کە لەگەڵ پەیامەکەی ئەمساڵی سەرۆکی پارتی داناوەتەوە لە پەڕەی ئێکس کە وتەی متەنەبی و میخائیل نیعمە بوون، دیسان وتەی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر سەلام زبێدی بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی وەرگرتووە، سەلام زبێدی ڕایگەیاند، “دەبێت دان بەو هەڵەیەدا بنرێ کە ڕیفراندۆم پێشبینیەکی هەڵەبووە” بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێکهاتەی کوردی “هیچ ئیمتیازێکیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەچنیەوە”. دوای حەوت ساڵ، هێزە سیاسییەکانی رکابەری پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا، گەڕانەوە بۆ تیشک خستنە سەر نەێنییەکانی ڕیفراندۆم، لایەنەکان سەرکردایەتی پارتیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە پەلەیان کردوە لە وەرگرتنی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەبێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی سیاسی و هاوسەنگییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیدا.
لەدرێژەی راپۆرتەکەی ئەلعەرەبدا بەرپرسێکی یەکێتی بەناوی هیوا محەمەد، ڕایدەگەیەنێت، “ریفراندۆم بەجۆرێک شکستخواردوو بوو کە من بەشداریم نەکرد و دەنگم پێی نەدا”. ناوبراو لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ڕایگەیاندووە، “دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لەسەر ئەم جوگرافیایە مومکین نییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ئەنجامە حیساب نەکراوەکان، متمانەی عێراقییەکانمان لەدەست داوە”، جەختیشی لەوە کردەوە کە حیزبەکەی هەوڵدەدات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەرێم بەدەستبهێنێت “بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوودا کردوویەتی”.