شیکاری ئازا پرێس
پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن هەردەچێ گەرمتر دەبێ، لایەنەکان زیاتر کەموکوڕیەکانی یەکتری دەردەخەن و ئەوەی تا ئەمڕۆ لەیەکتریان شاردبویەوە، وەک دەڵێن ئەوەی ژێر بەڕ، دەیهێنە سەر بەڕە. هەڵبەت دەبێ ئەوەش لە بانگەشە ئاسایی بێ، ئەویش لەسەر خستنەڕووی کەموکوڕی و لاوازیەکانی یەکتری پروپاگەندە کردن، هەمانکات بەڵێنی نوێ داین، بەلایەنگران و بەشداربووانی هەڵبژاردن.
لەبەر ئەوەی لەم ٣٢ ساڵەی رابردوو، دەسەڵاتی یەکەم پارتی بووە، دیسان پارتی لە ساڵی ١٩٦١ وەک هێزێکی چەکدار لە گۆڕەپانەکە وجودی هەیە و گەلی کورد زۆرترین زیانی بە هەبوون و دەسەڵاتی پارتی خواردووە، بۆیەش لە باشوور ئەگەر رەخنەی پارتی نەکەی، واتا هاوبەشی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی کە لەم ٦٣ ساڵەی رابردوو، ئەنجامی دەدات.
لەماوەی ئەو ٣٢ ساڵەی دەسەڵاتداریەتی هەرێمی کوردستان، پارتی لەگەڵ دزی و گەندەڵی و تاڵان و فەرهود کردنی سەرو ماڵی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان. لەولاشەوە بەهاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە ١٩٩٢ و ١٩٩٥ و ١٩٩٧ و ٢٠٢١ هێرشی سەر پەکەکەی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٣ بەهاوبەشی لەگەڵ رژێمی بەعس هەولێر داگیرکرد و پێکەوە بەڕێوەیان دەبرد. بۆیە رێگەیان لەهەموو ئەو لایەنانە گرت، لە هەولێر بمێنەوە کە خاوەن ئیرادەی سیاسی و چەکداری بوون.
پارتی هەموو ئەو هێرشە هاوبەشانەی لەگەڵ داگیرکەرانی کردووە، بە کوردایەتی لە قەڵەمی دەدات!! بۆیەش سواری دەبابە بوون و پێشەنگی بۆ جەندرمە و پاسدار و قوەی خاسە، ئەمڕۆکەش زۆر بەسادەیی لەگەڵ میتی تورکی جلیتبازی کردن، ئەوانە لای پارتی مایەی سەر بڵندین!! دەبێ خەڵکی کوردستان ئەو کار و کردەوانەی پارتی بە شانازیەوە سەیر بکات، چونکە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکەکەی بەدەستهاتوون. بەڵام کەموکوڕی خەڵکیتر، گەورەبێ یان بچوکە، ئەوا پارتی بە خیانەتی نەتەوەیی بەناوی دەکات. لە مڕۆوە پارتی بەڕازیلییەکی سووریان هێناوەتە سەر دیواری قەڵای هەولێر و گوایە یەکێتی کاتێک لە هەولێر دەسەڵات بوونە، بەڕازیلی و پیکابیان لە خەڵک دزیون!! چەندە راستی و درۆی ئەو بابەتە هەیە نازانرێ، دەبێ هەڵەیەکی بەوشێوەیەش کرابێ، بەڵام ئەوە لەگەڵ هێنانی دەبابەکانی بەعس و تورکیا چۆن دەبێ هەڵسەنگێنرێ؟؟
ئەگەر تاوان و کەموکوڕی تێکەڵی یەکتربوون دۆخێکی وا دێتە گۆڕێ، کەوتنە پێش دەبابە و سواربوونی دەبابە و بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای داگیرکەر هاتنە سەر هێزە نیشتمانیەکانی باکور و رۆژهەڵات و باشوور تاوانە، دەچێتە چوارچێوەی خیانەتی نیشتمانی و دەبێ لەسەر ئەو تاوانانە پارتی دادگای بکرێ، نەک ئەو بە خەڵکیتر بڵێ کەموکوڕیتان دزینی بەڕازیلی و پیکابە.
تائێستا پارتی چونکە پێوانەکانی لە تاوان و خیانەتی تێکەڵ یەکتری کردووە، وەک دەڵێن، پارتی لە گۆمی شێلو ماسی دەگرێت. بۆیە تەمەنی تائێستا درێژ بۆتەوە. ئێستاش هەڕەش لەلایەنەکانیتر دەکات، کاتێک تەنها دەڵێن هەولێرتان لێوەردەگرینەوە، بینیمان بەڵتەجی و ئاسایش و پاراستنەکانی پارتی چ هێرشێکیان کردە سەر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، بەزەحمەت لەدەستیان رزگاری بوو.
مەسعود و مەسرور بڕیاری دوژمنایەتی یەکێتی و پەکەکەیان داوە، بۆیەش لە هەموو گفتوگۆیەکانیان ئەو دوو لایەنە بە تاوانبار دەزانن و خەڵکیان هانداوە کە تاوانی سووتاندنی بازاڕەکانیان بەسەردا ساغبکەنەوەو پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەوشێوەیە بەڕێوەبەرن. ئەوە تاکتیکی ئەردۆغان و ئەکەپە و مەهەپەیە، بینیمان ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەموو پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی لەسەر رێککەوتنی جەهەپە و پەکەکە دانابوو، لەوەش زیاتر دەنگی فەرمانداری گشتی هەپەگەی بە زیرەکی دەستکرد گۆڕیبوو و لەناوەندی کۆبوونەوەی جەماوەری ئەستەنبۆڵی پیشانی جەماوەرەکەی دەدا. ئەوەی ئێستا پارتی دەیکات هەمان قەوانی سواوی ئەردۆغانە. بەڵام خەڵکی هەولێر و باشووری کوردستان تاوانەکانی پارتیان لەبیر نەکردوون، چونکە خەڵکی هەولێرێ دەبابەکان دەبینێ، هەمانکات ئەوەندەش نمەک حەرام نین کە نەزانن کێبوو شەنگال و مەخمور و کەرکوکی پاراست و ئێستاش کێ سەنگەری لە بادینان لە پێش داگیرکەر گرتووە.