ئازا پرێس
سەبارەت بە سوتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر و لەنگەی دهۆک و بازاڕی چەلێی دهۆک و کەرکوک، ئەنجومەنی ئاسایشی پارتی ئەمڕۆ ١-١٠-٢٠٢٤ دانپیانانی کەسێکی تری بەناوی رەنج حەبیب سۆراب بڵاوکردۆتەوە، ئەو کەسە دانی بەوەداناوە کە ئەوانەی هاوکار و هاوبەشی بوونە ئەندام و بەرپرسیاری دژە تیرۆری یەکێتی بوونە. بەڵام لەکاتی سووتانی قەیسەری هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ راگەیاندنی حیزبەکەی، گوتی؛ لەکاتی لەحیم کردن لە یەکێک لە دوکانەکانی ناو قەیسەری بەهۆی کاری لەحیم کاری لەلایەن کرێکارێکەوە ئاگر لە دوکانێک بەربووەو دواتر تەشەنەی سەندوە. پێشکەشکارەکە لێی دووبارە دەکاتەوەو دەڵێ واتا بەئەنقەست نەبووە، ئومێد خۆشناویش بە دڵنیایی دەڵێت، نەخێر بە مەبەست نەبووە، بەڵکو لەبێ ئاگای بووە.
دوای هاتنی ئەردۆغان لە مانگی نیسان بۆ عێراق و بەڵێن و رێککەوتن و یاداشتنامە واژۆکران و حکومەتی عێراق راستەوخۆ کەوتە ناو ئەو دۆسیە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ یەکێتی پەکەکەشیان لەتاوانەکە گڵاند. بەواتایەکیتر دەبوو قوربانییەک بدەنە ئەردۆغان.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئەنجومەنی ئاسایشی پارتی، تائێستا دانپیانانی هیچ کەسێکیان بڵاونەکردۆتەوە کەوەک پەکەکە دانینابێ بەتاوانەکەی. لە لێدوانی ئەمڕۆکەشیان رەنج حەسیب دەڵێت، دوای ئەوەی بەرپرسێکی پە*کە*کە بەناوی کەمال دەربەندی ئاگاداری کردمەوە کە هونەر فەخرەددین دەستگیرکراوە ، داوای لێکردم هەرێمی کوردستان جێبهێلم!!
لەگەڵ ئەوەی بۆ دووەمین جارە گوایە دانپیانانی تاوانباران بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هیچ وێنە و بەڵگەیەکی دیاریکراو لەسەر ئەو کەسانەی بەناوی پەکەکەوە نییە، هەمانکات لەکاتی سوتانەکان هیچ ئەندام و کادیرێکی پەکەکە دەستی لە رووداوەکە نەبووە. لەلایەکیتر ئەوەی ئەمڕۆش دەگوترێ کەمال دەربەندی پەکەکە بووە، ئەوەش لە ڕاستەوە دوورە چونکە بەگوێرە زانیاریەکانی ئازا پرێس لەقەبی دەربەند لە پەکەکە بوونە نییە. ئەو کەمال دەبەندیە کێیە و چۆن بوویتە پەکەکەیی گومان ناڕاستی زیاتر دەخاتە سەر رووداوەکە.
بەگوێرەی لێدوانەکانی یەکێتی و پەکەکە، یەکێتی لەسەرناوی وتەبێژەکەیان نکوڵی لە ئەندامەکانی نەکردووە، بەڵام نەشی پاراستوون، بەڵام پەکەکە لەسەر ناوی بەرپرسانی حیزبەکەیان بەشێوەیەکی فەرمی زۆر توند نکوڵیان لە رووداوی سوتاندنی بازاڕەکان کردوو، ئەوەشیان گوتوە، ئەمە کاری میت و پاراستنی پارتیە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بۆ دەبێ دامودەزگا هەواڵگری و حیزبیەکانی پارتی لەهەموو رووداوێک یەکێتی و پەکەکە دەکەنە هاوبەشی یەکتری، ئەمەش یان بەئەنقەستە بۆ دووبەرەکی نانەوە، یان نەبوونی زانیاری و لەخۆوە قسە هەڵبەستنە وەک ئەوەی ئومێد خۆشناو و ئەنجومەنی ئاسایشی پارتی.
هەر ئەمشەو کاروان گەزنەی وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی، وەڵامی راگەێنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی دایەوەو گوتی، ئەوانە هەوڵی نەزۆکن لەلایەن دامودەزگا بێ کوالیتەکانی پارتی دەدرێن بۆ لەباربردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەوەشی گوت لە رابردوو سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانی گوتی، یەکێتی دوور و نزیک پەیوەندی بەو سووتاندنی بازاڕانەوە نییە، هەمانکات پارێزگاری هەولێریش گوتی ئەمە کاری لەحیمکاری بووە.