ئازا پرێس
دوێنێ شەو ١-١٠-٢٠٢٤ کوردستان تیڤی لە رۆژی مۆزیکدا هەستابوو بەسازدانی فیستیڤاڵێک. رێکخرانی فیسیڤاڵ تیپی موزیکی ئۆرکێتسرای سەربە کوردستان تیڤی کە لەلایەن سەید ئەحمەد رەواندزی سەرپەرستی دەکرێت پێی هەستابوون.
ئەوگروپانەی دوێنێ شەو بەشداریان پێکراوە پێکهاتوون لە، گروپێکی دەف ژەن لەلایەن رێبوار عەبدوڵاوە سەرپەرستی دەکرێت. دیسان گروپێکی سریانی لەگەل گروپێکی تورکمان.
گروپێکی کوردیش هەبوە، بەڵام ناویان نەزانراوە ، ئەوەی دیاربووە کچێک بەناوی ڤالا سەردار گۆرانی بەکوردی گووتوە.
هونەرمەند ئاری کە خەڵکی هەولێرە و ساز ژەنە، وەک تەماشەڤانێک چۆتە سەیری فیستیڤاڵەکە و ئەو سەرنجانەی تۆمار کردوون و بەچاوێکی هونەری رەخنەی کردووە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردۆتەوەو؛
سەبارەت بە کەمی بەشداربووان و نەبوونی بینەر لەم فیسیڤالەدا ئاری نووسیویەتی؛ ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام نەبوونی بینەر و گوێگر و بەشدارنەبوونی خەڵک بوو، پێم وابوو خەڵکێکی زۆر بۆ ماوەی دووکاتژمێر بە پەرۆشەوە دێن گوێ لە هەندێک پارچە مۆزیک و هەندێک گۆرانی کوردی و سریانی و تورکمانی… هتد رادەگرن، بەڵام بە داخەوە زۆریش بەداخەوە ژمارەی مۆزیکژەن و هێزە ئەمنیەکان و ستافی تیڤیەک و چەند کەسێک لە گەل پارێزگاری هەولێر، زۆر زیاتر بوون لەژمارەی ئەو خەڵکەی کە هاتبون بۆ سەیری ئەو فیستیڤالە.
هونەرمەند ئاری رەخنە و سەرنجەکانی بۆ هونەرمەندەکانی هەولێریشەو دەڵێت؛ هەولێرێک ئەو هەموو مۆزیکژەن و هونەرمەندو رۆشنبیرو نوسەرو شاعیرو شانۆگەر وسینەماکار و شێوەکارو … هتد تێیدا دەژیت، یەک کەست نەدەبینی لەوێبێ. خۆ ئەگەر هونەر دۆستەکان لەوێ بوونایە ئەو کات رەنگە بووترایە ئەو خەڵکەی کەهاتبوون بۆ سەیری فیستیڤاڵ خەڵکە گوێگر و رۆشنبیرەکەیە، بەڵام یەک دانەشت نەدەبینی، جگەلەوەش پێکهاتەی سریانی و تورکمان کەس نەبوو لە ژەنیارو گۆرانبێژە کە زیاتر .
ئاری سەرسوڕمانی خۆی بۆ ئەم جۆرە فیسیڤاڵانە دەردەبڕێت و دەڵێت؛
زۆرم لا سەیرە تۆ دێیت فیستیڤاڵ دەکەی و رەکلام دەکەی بۆ ئەوەی چاندو هونەری خۆت و هەندێک پێکهاتە نمایش بکەی بەڵام کەسی لێ نەبێ!! وەکو ئەوەی دوکانێکت هەبێ پڕ لە کەلوپەلی جۆراو جۆر بەڵام کڕیارت سفر بێ!!
ئاری هونەرمەند بە تەنزەوە دەنوسێ؛ هەولێرێک ملیۆنێک کەسی تێدا دەژی پەنجا کەس بێنە سەیری ڤیستیڤالی مۆزیک و گۆرانی ههههه ئەمە جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە. جگە لەوە ئەگەر ژەنیارو گۆرانیبێژەکان بە کەمە نەتەوەکانیشەوە، تەنها خێزان ومنداڵەکانی خۆیان بهێنابوایە رەنگە قەڵەباڵغییەکە زیاتر بووبا، هیچ نەبوا دەنگی دوو چەپڵە نا بەڵکو زیاتر دەهاتە گوێمان. ئەوە مانای ئەوەیە کە خێزان ومنداڵەکانیشیان حەز بە بەشداری ئەو جۆرە چالاکیە هونەریانە ناکەن و هەتا رەنگە ژەنیارەکە یاخود گۆرانبێژەکە خۆشی حەزنەکا بەشداریان پێ بکاو بێن گوێیان لێ ڕابگرن چونکە دەزانن چ دەژەنن شتێکی نوێ و داهێنانێکی نوێی تێدا نابینن…. کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە خۆشەیستی بۆ هونەر تا ئەو ئاستەیە کە ماڵباتەکەت لە حەزی گوێگرتن لە موزیک دووربەخەیتەوە.
لەسەر سەیر و سەمەرەی بەشداربوانی فیستڤالەکە هونەرمەندەکە زیاتر قسەی لەسەر دەکاو دەڵێت؛
لەوەی کۆمێدێتر ژەنیارەکان کە نمایشی خۆیان تەواو دەکرد یەکسەر ئامێرەکەی کۆدەکردەوە و بە پشتی خۆی دادەداو شوێنەکەی بەجێ دەهێشت نەیدەووت با سەیرێکی نمایشی گروپی دوای خۆم بکەم ،چونکە هەمووی دووبارەنەو روخسارەکانیش هەر دووبارەیە. بۆیە وەکو بڵێ من تەواو پارەکەشم بدەنێ من درەنگمە لە شوێنێکی تر کارم باشترە خەڵک لەوێ چاوەرێم دەکەن با وەختم نەڕوا.
ئاراستەی رەخنەکانی هونەرمەند روو لەو بێسەروبەریەیی لەشێوازی کاری هونەریدا هەیە، بۆیە دەڵێت؛
بەڵام ئەگەر ڤیستیڤالێکی گەعدەو خۆبادان و هێنانی هونەرمەندی تورک و عەرەب و فارس بوایە هەم رەکلامی زیاتری بۆ دەکرا، هەم شوێن و جێی باشتری بۆ دابین دەکرا بۆ دانیشتن، بۆ زانیاریتان (یەک کوورسی نەبوو لەسەری دابنیشی، پێیان گوناح بووە سەد هەزارێک بدەن بۆ کرێی چەند کورسیەکی پلاستیک)،ئەوکات مێزی تایبەت دروست دەکرا بۆ میوانەکان بۆ بەرپرسەکان ،بۆ کاربەدەستانی حیزبی و حکومی.
لەبەشێکیتردا هونەرمەند مەبەستی ئەو فیستڤالانە رووندەکاتەوە کە بۆچی ئەنجامدەدرێ و دەڵێت؛
بەڵام شتی من لێرە تێگەیشتم ئەمە ڤیستڤال نیە، بەڵکو نمایشێکە بەناوی ڤیستڤال، بۆ کۆکردنەوەی خەڵک تا بتوانن لەو رێگەیەوە هەندێک لە ئامانجەکانیان بە خەڵک بڵێن، بەڵام پەنجا کەسێکی لێ بوو، کە ئەوانیش خەڵکی لابەلا دەهاتن سەیرێکیان دەکردوو دەڕۆیشتن. بۆیە لەئامانجی سەرەکی خۆیان هیچیان دەست نەکەوت!!
رەخنەکانی ئەو هونەرمەندە سەبارەت بەگشتی کاری هونەری و بەلاڕیدا بردنی کۆمەڵگە بەوشێوەیە سەرنجی خۆی دەخاتە روو؛
من لێرەوە دەڵێم لە هەولێر ئیتر کاری مۆزیک و گۆرانی بۆ خەڵک کۆتای پێ هاتووە، خەڵک گوێ لەو مۆزیک و لەو ستایل و لەو هەموو دووبارە بوونەوەیە ناگرێ. خەڵک لەرۆحی هونەری دوورکەوتۆتەوە، خەڵک لە رۆحی نەتەوەی و نیشتمانپەروەری خاڵی بۆتەوە. حەز بە دووبارە بوونەوەی روخسارەکان ناکا، خەڵک ئیتر چاوەڕێی موچە دەکا و وایان کرد حەز بە مووچە بکا، حەز بە پارە بکا، حەز بە نمایشێک بکا پارەی لە گەل بێ، دیاری لەگەل بێ. ٣٢ ساڵە خەڵک پەروەردە نەکرا لە هۆڵەکان بێت، گوێ لە مۆزیک بگرێ. پەروەردە نەکرا کە بە خەڵک بڵێن مۆزیک حەرام نیە!! چونکە ئەمە دەریدەخات کە دیندارەکان گەیشتنە ئەو ئامانجەی کە پێیان وابوو مۆزیک حەرامە، نابێ گوێی لێ بگریت … کە ئەمە کارەساتە.
ئاری لەکۆتایدا باس لە هەستی هونەرمەندانیش دەکات، هەمانکات ئامانجی فیستڤالەکانیش بۆ دەڵێت؛
لە کۆتا دەڵێم ڤیستیڤال بۆ هەڵسەنگاندنە، بۆ نمایشی کارەکانە، جا فۆلکلۆری بێ یاخود داهێنانێکی نوێ بێ، بۆ ناساندی نەتەوەی خۆت، یاخود هەرێم وناوچەکەی خۆت. تەنها بۆ ئەوە نیە بڕە پارەیەک وەرگریت، پێت وابێ کارێکی گەورەت یان کە خۆیان دەیانووت شاکارێکی گەروەت ئەنجام داوە، ناوی بنێیت ڤیستڤال ئەمە هەڵەیە.
لە گەل ئەوەشدا من دەستخۆشی لە هەموو ژەنیار و گۆرانیبێژەکان دەکەم، لێرە نامەوێ ناهەقی بکەم کەو بڵێم بێتوانان، بە داخەوە کە دەزانم ئەوانیش هەمان ئازاریان هەیە و حەزیان بەوە دەکرد بە هەزاران خەڵک ئامادەبن بۆ سەیرکردنیان، بەڵام ئیتر لێرەوە دەبێ رەخنە ئاراستەی ئەوانە بکرێ کە ئامادەکاری چالاکی وا دەکەن، پێویستە هومەرمەندان رەخنە لەخۆیان بگرن، بۆچی کەس نەبوو گوێیان لێ بگرێ، چونکە ئەمە ئەنجامێکە کە بە دەیان هۆکاری لەپشت هەن، وایان کردووە پەنجا کەس لە ڤیستڤالێکی بەناوی مۆزیک و گۆرانی بەشدار بن. هونەرمەندان دەبێ بە خۆیان دابچنەوە و هەوڵی ئەوە بدەن کە دەبێ گوێگری کورد دروست بکەنەوە، دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن کە موزیکی کوردی زۆر لە مۆزیکی تورکی وعەرەبی و فارسی و گەلانی تر بۆ ئێمە گرنگترە، کۆلێژ و پەیمانگە هونەریەکان، بەپرۆگرام و کارو پەروەردەی خۆیان دابچنەوە. بۆ ئەوەی ئەو گەنجەی کە دەبێتە مۆزیکژەنێک بۆ داهاتوو با بۆ خزمەتی مۆزیکی کوردی بێ، تەنها بۆ ئەوە نەبێ کە برانامەیەکی پێ بدرێ هیچ ئامانجێکی تر نەبێ.
هونەرمەند ئاری لەکۆتای رەخنەکانی ئاراستەی بەحیزبی کردن و تەسک کردنەوەی ئامانجی هونەری کردووە، دەڵێت هێشتا دەتوانین بەهونەرەکەمان لەمەیدان بمێنینەوە سەرەڕای ئەوەی داگیرکەران بڕیاری کۆمەڵکوژی ئێمەشیان داوە؛
ئیتر هونەر بۆ خزمەتی رێکخراو و حیزب و لایەنێک نەبێ، بەڵکو بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانبێ، بۆ هۆشیاری و پەروەردەی خەڵکبێ، بۆ ژیانەوە و ئاودانی رۆحی مرۆڤبێ.
بڕیار وایە ئەمشەویش فیستڤاڵەکە بە گروپەکە هونەریەکانی سلێمانی و کەرکوک و دهۆک بەردەوامبێ، بەڵام ئاری دەڵێت پاش ئەو ژمارەکەمە بینەرم بینی منیش دڵم ساردبۆتەوەو ناچم بۆ سەیرکردنی فیستیڤالەکە.