شیکاری ئازا پرێس
سەرەڕای ئەو بارودۆخە شەڕانگێزەی لە ناوچەکە هەیە، بەڵام بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆ ئامادەکردن بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنیش تا دێ چڕتر دەبێتەوە. لە هەر هەڵبژاردنێک هەندێک پەیام و بانگەشە خۆیان دەکەنە بابەتی رۆژ و لەسەر زمانی خەڵک دەگوترێنەوە و دەسەڵاتداران هەراسان دەکات. وادیارە لەم هەڵبژاردنەش هەندێک لایەن بە پەیامی یەکتری لە هەراسان زیاتر تووشی شۆکبوون، چونکە چاوەڕێیان نەدەکرد وەها پڕووپاگەندەیەکی توند بکرێ، چونکە هەژموونی دەسەڵاتدار ئەو فشارەی دروست کردووە کە لایەنەکانی بەرانبەر بەئاسانی نەتوانن قسە بکەن.
١-سەرەڕای ئەوەی نەوەی نوێ خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەناو دەکات، بەڵام پەیامەکانی لەم ١٠ رۆژدا شتێکی نوێتری نەهێناوە، لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفرەوانی لە گۆڕەپانەکان نەکردووە، هەمانکات لە رێگەی راگەیاندنیش گوتارێکی نوێ لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەکە یان کاندید و سەرۆک لیستەکان لە چوار بازنەکە نەگوتراوە.
٢-لیستی بەرەی گەل کە ئەویش وەک ئۆپۆزسیۆن هەڵسوکەوت دەکات و دەڵێ چاوم لە دەسەڵاتە، لەگەڵ هەبوونی هەندێک پەیامی نوێ، بەڵام لەو ئاستە دانەبوون کە لایەنەکانی بەرانبەر شۆک بکات، چونکە سەرۆکی قەوارە هەمانکات کاندیدی ژمارە یەکی بازنەی سلێمانیشە، جیاوازتر لە لیستەکانیتر پەیامی لە دژی داگیرکەری روونتر و ئاشکراترە، هەمانکات توانی خودی خۆی ئەو بەربەستەی هەردوو زۆنەکە بشکێنێ و لە هەردوو لادا پڕوپاگەندە بکات، سەرەڕای هەندێک رێگری بچوک لە ئیستفزاز کردنی.
٣-لیستی رەوتی هەڵوێست لەناو هاوسەنگیەک پڕوپاگەندە دەکات، تەنها شتێکی جیاواز بانگی بۆ هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی کردووە، تاکو بەرەیەک دروست بکەن، بەڵام بەگوێرەی ئەزمونی رابردوو ئەمە هەندێک لە مەحاڵ دەچێ، چونکە هێزەکان کەس ئەویتر ناخوێنێتەوە، بەتایبەت تاکو ئەنجامی هەڵبژاردن دەرنەکەوێت.
٤-لیستە ئیسلامیەکان لەگەڵ ئەوەی سەرۆکەکانیان پیربوونەو تائێستاش رێگەیان نەداوە نەوەی تازەیان دەرکەوێ، بۆیە بەهەمان بێتاقەتی و هیلاکیەوە پڕوپاگەندە دەکەن، شتێکی نوێیان دیارنییە، لە گەرمی بانگەشەدا دەڵێن خولی قورئان خوێندمان کردۆتەوە!! هەموولایەک دەزانن کردنەوەی خولی قورئان لەکاتی ئاسای دەکرێتەوە نەک لەناو جەرگەی بانگەشەی هەڵبژاردندا!!
٥-پارتی تائێستا لەسنورێکی تەنگ و بە بانگەشە و پڕوپاگەندەیەکی سواوی ٣٢ ساڵی رابردوو قسە دەکا و زۆرتریش کەوتۆتە بەرگری کردن و خەریکی وەڵامدانەوەی بانگەشەی لایەنەکانیترە، نەوەک خۆی بانگەشەیەکی تایبەتی هەبێ. تائێستا تەنها مەسرور بارزانی بانگەشە بۆ پارتی دەکات، بەڵام ئەویش لەبەر ئەوەی زۆر دۆگما و کلاسیکە، بۆیە هیچ گەرمایەکی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردن دروست نەکردووە. دیسان تائێستا سەرۆکی قەوارە مەسعود و سەرۆکی هەرێم نێچیروان هیچ قسەیەکیان لە ١٠ رۆژی رابروودا نەبوو. گومان دەکرێ لەترسی پەرەنەسەندنی زیاتری ناکۆکیەکانی نێوانیان، تائێستا نێچیروان خۆی پەڕگیرکردووە. دیسان هیچ فیگوڕێکی پارتی هەبوونی لە هەرێمی یەکێتی نییە، واتا تا ئێستا بەقەد شاڵاو کۆسرەت کەسێک لەپارتی بوێری ئەوەی نەبووە لە شەقامەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بسوڕێتەوەو بانگەشە بۆ لیستەکەی بکات.
٦-لیستی یەکێتی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانیتر ئەمجارە جیاواز دەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەی لایەنی بەرانبەری شۆککردووە، هەمانکات ئەوەی لە ٢٠١٢وە لە دڵی خۆیان گرتبوو لە بەرانبەر پارتی پێیان گووت، ئەوەی بەفەرمی نەیتوانیبوو لەم بانگەشەیەدا قسەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و ئامۆزاکەیان و هەموو ئەوەی وەک بەرهەڵستکار و کۆسپ دەبینی پێیانگووتن. لەهەمووی سەیرتر، خودی سەرۆکی یەکێتی بەو وتارە زبرە هاتۆتە مەیدان. ئەو دەرکەوتنانەی سەرۆکی یەکێتی هەندێک بە بێ ئەتێکێت بەناوی دەکەن، هەندێکیش بەناوی نوێبوونەوە، بەڵام ئەنجام زۆر بەسادەی دەچێتە ناو دڵی لایەنگر و دەنگدەری خۆی، واتا قسەی دڵی دەکا و بەهەمان تۆنی دەنگی ئەو هاوار دەکات، ئەمەش وەک ئەزمونێکی نوێ دەکرێ بخوێنرێتەوە، هەرچەندە ئەگەر زۆر کەس بەدڵیشیان نەبێ.
لە ئێستا پارتی لەهەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری سەرۆکی یەکێتی، رووبەڕووی شۆکیتر دەبێتەوە، هێشتا خاکفرۆش و دیڕوخێنین تەواو نەببوو، پارێزگار بوونی بارزان و بانگکردنی مەسرور بارزانی بۆ دیبەیتی هاتە سەر، ئەوەش هێشتا تەواو نەبووە، غاز دزین و هەژماری مەسرور و حوشتریشی تێکەوت. بەگوێرەی ئەو کەشوهەوایەبێ کە بافڵ تاڵەبانی دروستی کردووە، وادیارە شۆکی زیاتریش هەیە.
چاوەڕوانی ١٠ رۆژی داهاتووین، بزانین ئاستی بانگەشەی هەڵبژاردن دەگاتە کوێو کێ زیاتر شۆکهێنەرتر دەبێ…