ئازا پرێس
پاسەوانی سنوری عێراق، زیاتر لە ٢٠ بنكەی نوێی سەربازیی لەسەر سنوری نێوان عێراق و تورکیا دەکاتەوە و بۆ یەکەمجاریش لەچەند ناوچەیەک خاڵی سەربازی دادەنێت.
فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق، دوێنێ ١٠-١٠-٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە، فەریق محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەكانیان، ٢٢خاڵی نوێی سەربازی لەسەر هێڵی سفر لەگەڵ توركیا كردەوە و دەڵێت” بۆ یەکەمجارە سوپای عیراق بچێتە هەندێك لەو ناوچانە”.
راشیگەیاندوە”مەبەست لە کردنەوەی ئەو بنکە سەربازیانە، پاراستنی سنوری نێوان هەردو وڵات و ڕێگریكردنە لە دزەكرن و كاری قاچاغچێتی”.
دروستکردنی ئەو بنکانە لە کاتێکدایە، کە ماوەی دوو ساڵە سوپای تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی و تا ئێستا بەدەیان بنکەو بارەگای دامەزراندوون و رێگەی قیرتاوی بۆ هێناون، بەگوێرەی زانیاریەکان لە هەندێک شوێن بە درێژای ٤٠ کم هاتۆتە ناو خاکی عێراق. لەمانگی ئابی ئەمساڵیش، بەغداد و ئەنقەرە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی هاوكاریی سەربازی و ئەمنییان واژۆ كردوە، دیار نییە ئەو خاڵە سنوریانە چ سودێکیان هەیە کاتێک سوپای تورکیا بەو قوڵایە لەناو خاکی عێراق دابێ؟؟