شیکاری ئازا پرێس
دوو رۆژ ماوە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. لەماوەی رابردوو زۆرترین قسە لەسەر شێواز و نمایشەکانی گردبوونەوەی جەماوەری بافڵ تاڵەبانی کران. لەگەڵ رەخنە زۆرەکانیش لەسەر جموجۆڵەکانی بەردەم جەماوەرەکەی، بەڵام بەشێوازێکی زۆر ئاسایی و سروشتیانە ئەو قاڵبە کلاسیکیەی لە بانگەشە کردن دووبارە نەکردەوە، بەتایبەتیش بە قات و بۆینباغێکەوە دەرنەکەوت، وتارەکانی لەسەر لاپەڕەی کاغەزێک نەبوو. تا ئەوپەڕی سادەی کە مناڵە کرێکارێک و حەماڵێکیش حەسودی پێ نەبا. چونکە تیشێت و پانتۆڵێکی رەش، لەگەڵ ئەوەی زۆر سادەن، هەمانکات رەمزێکیش بۆ گەنجێکی یاخی، وەک نمونەی گەنجە جل رەشەکانی کەلار!! مایک فڕێدان و جوڵە کۆمێدیەکان و راستەوخۆ دواندنی خەڵکی ناو کۆبوونەوەکان، کە ژمارەی هەرە زۆری گەنجانن، ئەمەش زۆرتر سەرنجی بۆ لای خۆی کۆ کردەوە.
پەیامەکانی ئەم بانگەشەیە زۆر ئاگروایبوون، یان بڵێین حەق و رەقبوون، بەڵام پێویست بوون بگوترێن. چونکە ئەوانە قسەی دڵی هەمووان بوون، بەتایبەت ئەوانەی دەستیان بە خەباتی سیاسی و مەدەنی کردووە لە دژی دەسەڵاتداریەتی هەرێمی کوردستان و شێوازی بەڕێوەچوونی حکومەت و سیاسەتە فاشیلەکانی. دەبێ بەشێک وەک سیناریۆیی نێوان دەسەڵاتداران تێبگەن، بەڵام لێدوان و کۆبوونەوە جەماوەریەکانی بافڵ دەریخست کە چەندە لەیەکتری داخدارن و لە زۆر بابەتیش جیاواز لەیەکتری بیردەکەنەوە. هەڵبەت دەبێ لەبیریش نەکرێ شەڕی دەسەڵاتداران، بەشێکی گرنگی بۆ هەبوونی زۆرترین فەرمانڕەوای و بەدەستخستنی زۆرترین سەرمایەیە.
تائێستا لە دەسەڵاتدارانی ماڵی بارزانی، کەسیان گردبوونەوەی جەماوەری لە دەڤەری سلێمانی نەکردووە، دیاریش نییە ئایا دەیکەن یان نا!! گەورەترین نمایشی جووت ئامۆزاش لە دهۆک بوو، نازانرێ گردبوونەوەو نمایشی پارتی لە هەولێر چۆن دەبێ؟
لەم هەڵبژاردنە مەسعود بارزانی وەک گەشتیار دەرکەوتووەو قەڵاو شوێنە مێژوویەکانی بەسەر کردۆتەوەو چاودێری مەسرور و کوڕەکانی کردوە تا چەند دەتوانن هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەبەرن. مەسعود نایەوێ شکانی ١٠-١٥ کورسی پارتی ببینێ، ئەو بەردەوام ئەو سیاسەتە دەکات، ئەگەر سەرکەوتووبوو بڵێ سیاسەتی حەکیمانەی جەنابیان بووە، ئەگەر شکستیش بوو ئۆباڵ بخاتە ئەستۆی هەندێکیتر.
پارتی رێگە دەدەن بافڵ لە دهۆک و هەولێر گردبوونەوەی جەماوەری بکات؟ دەهێڵن هەمان وتار و بانگەشەی دەڤەری سلێمانی پێشکەش بکات؟ یان بافڵ بەهەمان شێوە لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتیش بانگەشە ئاگراویەکانی بەڕێوە دەبات؟
دهۆک پێویستی بەڕاچڵکینە، ئەگەر بافڵ ئەو سەرکێشیە بکات، ئەوە دهۆک لای کەم دێنێتە ریزی هەولێر و ئیرادە بۆ بادینیەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەگەرنا بادینیەکان لە پارتی ئەگەر دەریشکەون، ئەوا لە تەڵەی یەکگرتوو گیردەبن. وەک ئێستا تا ئاستێک ئەوە دەبینرێ، لەژێر ناوی خەتوکەدانی ئاینی و رێککەوتن لەگەڵ تورکیا، یەکگرتووی ئیسلامی پێگەی خۆی لە بادینان دروست کردووە.
خەڵکی بادینان دەبێ بزانن، گۆڕانکاری بەرەو یەکگرتووی ئیسلامی شتێکی نوێ لەگەڵ خۆی نایێنێ، بەڵکو هەمان ئەزموونی کۆن عەشیرەتەکان خۆی دووبارە دەکاتەوە، خۆیان رادەستی پارتی نەکرد، چوون خۆیان رادەستی رژێمی عێراق کرد. راستە پارتیان رەتکردوە، بەڵام شتێکی نوێی لەگەڵ خۆی نەهێنا. هەر گۆڕانکاریەک لە بادینان کاریگەری لەسەر گشتی باشووری کوردستان دەبێ.