ئازا پرێس
راپۆرتێکی پڕ زانیاری کە رۆژنامە نووس و چاودێری سیاسی نیاز برایم حامد لە پەڕەی خۆی بڵاو کردۆتەوە، لەگەڵ هەڵسەنگاندن بۆ چوونی نێچیروان بارزانی بۆ تورکیا، هەمانکات ئەو دیزاینەی ئیسرائیل بەنیازە لە ناوچەکە بیکات و کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و دەنگۆی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی سەرۆکی پەکە.کە لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەکەی.
لەکۆتایشدا بێچارەی سوپا و دەزگای میت لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرانبەر گەریلاکانی پەکە.کە!!
درێژەی راپۆرتەکەی نیاز برایم وەکو خۆی؛
– وەزیری شەڕی تورکیا چی بە ئەردۆگان گووت؟
– کەمینەیەک لە قەلەم بەدەستی دەزگای جاسوسی میت، بە رێنماییەکانی ئەو دەزگایە، ناوە ناوە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکی بابەتی دەکەونە وێزەی تەڤگەری ئازادی بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا و هێلی خیانەت، باس لە نەمانی پەکە.کە دەکەن یا چەکدانانی گەر.یلا دەکەن. تەنانەت بەوەندە ناوەستن بەڵکو تەڤگەرێکی بەرخۆدەر و ئازادیخوازی سەرتاسەریی ٧٠ ملیۆن کورد بە حزبوڵای ئێران و حەماسی ئێران و تورکیا دەشوبهێنن. ئەوان ریسوان وەک چۆن پێشتر زەلامی دەزگای هەواڵگری بەعسی عێراق بوون، بەهەمان شێوە ئیمڕۆ زەلامی دەزگای جاسوسی میتن.
ئەم پێشەکییەم بۆیە نوسی چونکە پەیوەندی بە سەردێرەکانی ئەم راپۆرتە هەیە.
– رەوشی ناوچەکە لە سەرەتای گۆڕانکاریی گەورەدایە، تورکیا لەو گۆڕانکارییە دەترسێت، ماوەی مانگێک زیاترە لە میدیاکانیان جەنەڕاڵە خانەنشینکراوەکانیان و بەناو نوسەر و روناکبیرەکانیان باس لەوە دەکەن کە پێویستە تورکیا بەرەی ناوخۆ یەکبخات و کێشەی کورد نەهێڵێت، یا بە فرتوفێڵ رایبگرێت و سڕی بکات بۆ ئەوەی بتوانن بەر بەو گۆڕانکارییە بگرن کە خەریکە دورست دەبێت. ئەو دەنگۆیەی ئەلمۆنیتەر و میدیاکانی تورکیا و تەوقەکەی باخچەلی لەگەڵ ‘دەم پارتی’، هەموو دەچێتە چوارچێوەی ئەو تەکتیکە بۆ خاپاندنی کوردان بەناوی پرۆسەی ئاشتی!
رایەدارانی تەڤگەری ئازادی هەر زوو بەو فێڵەیان زانی و رێگەیان گرت لە تەشەنەسەندنی درۆیەکی ئاوا و خاپاندنی رای گشتی، ئاشکرایان کرد کە نەخێر هیچ پرۆسەیەکی وا لە گۆڕێدا نییە. دەمپارتی دوێنێ ئاشکرایکرد کە ئەو پڕووپاگەندانە بەبوونی پرۆسەیەک بەناوی پرۆسەی ئاشتی بوونی نییە و ئەوان ئاگایان لێی نییە. دوابەدوای ئەم لێدوانە فەرمییە، دەوڵەت باخچەلی گوتی: ئێمە لەگەل (تیرۆریستان) دانانشین. هەر دوێنێ ٢٦٩ کەس لە تەواوی باکوری کوردستان و تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە بە فەرمانی ئەردۆگان دەستگیرکران. هەر دوێنێ نێچیروان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بەپەلە پەلکێشی سەرای ئەردۆگان کرا!
– ئەردۆگان و دارودەستەکەی لە لاوازبوونی حکومەتی سوریا و دەرکردنی ئێران لە سوریا دەترسێت. ئیسرائیل بۆ مانەوەی خۆی دەبێت حکومەتی سوریا لەوەی هەیە لاوازتر بکات و هەندێ ناوچەی دیکە بە بیانوی بوونی ئێران داگیربکات و سوریا دابەش ببێت. تاکە هێزێک لە سوریا ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لەو دابەشبوونە جوگرافیایە هێزەکانی سوریای دیموکراتە. هیچ دەمایەک هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی بارۆس لەگەڵ دابەشبوونی سوریا نەبوونە، بەڵام لە نەبوونی حکومەتی ناوەند و بوونی ئیسرائیل لە ناوخودی سوریا، بێ سێ و دوو پارچەبوون دروست دەبێت. کورد و تەڤگەرەکەی بۆ ئەوە ئامادەیە.
– تورکیا مەترسییە گەورەکەی لەوەدا دەبینێت کە کورد و تەڤگەرەکەی ببن بە ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ناوچەکە، بەتایبەتی سوریا.
– تورکیا ناتوانێت چیدیکە هێرشی بارۆس بکات و ئەمەریکا بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل رێگەی پێنادات، چونکە ئەمەریکا تورکیای لە هاوکێشەکانی ناوچەکە بەدوور گرتوە. هێلی کۆریدۆری ئابوری کە لە هندستان بۆ ئیمارات و سعودیە و ئیسرائیل و ئینجا بۆ ئەوروپا دەچێت، تورکیا بوونی نییە. بۆیە دەیەوێت ئەو شەڕە دژوارەی لەگەڵ کوردان رابگرێت و، دەست بە مەرایی بۆ کورد بکات و، دووبارە بیخاپێنێت وەک لە مێژوودا زۆرجار خاپێنراوە، تا دەستی دەبێتەوە و جارێکی دیکە دەست بەقڕکردنی کوردان بکات. تەڤگەری ئازادی ئەو راستیە دەزانێت، جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کورد بێ خاوەن نییە، زەمەنی لۆزان بەسەرچوو.
– راوێژکاری دەزگای میت ئیبراهیم قالن لە یەکێتی ئەوروپا- کۆمیتەی ئاسایش دانی ناوە بەوەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەستەمە و ناتوانێت پەکە.کە لەناو ببات. ئەم دانپیانانە سەرچاوەیەکی ئاگادار پێیراگەیاندم، تەکەسی کردەوە کە سەرانی دەوڵەتی تورکیا گەیشتونەتە ئەو باوەڕییە بە شەڕ ناتوانن گەر.یلا و پەکە.کە لەناو ببەن. هەمان سەرچاوە دیسان پێیراگەیاندم کە یەشار گولەر وەزیری شەڕ و کیمیاوی تورکیا لە جڤینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە ئاشکرا بە ئەردۆگانی گووتووە کە ناتوانن پەکەکە بە رێگای سەربازی لەناو ببەن. بەرێز قەرەیلان بۆ رادیۆی گەل ئاشکرایکرد؛ ئۆپەراسیۆنێکیان کرد گوایە ئەم مانگە گە. ریلا قفل دەکەن و لەناوی دەبەن، لێ ئەوەتا بۆ خۆیان قفڵ بوونە. سوپای بەزیوی تورکیا بۆ تەعویزی خەسارەتەکانیان لە سەرباز پەنایان بردووە بۆ داعش و چەکدارانی پارتی و چەکدارانی رۆژ و نوسرە.
– لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم تەڤگەری ئازادی کە نوێنەرایەتی هێلی سێیەم لە ستراتیژیی ناوچەکە دەکات، بە ئیرادەی سەربەخۆ و بەرخۆدانی سەردەم و تەکتیکی گونجاو گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە دەپارێزێت.