شیکاری ئازا پرێس
لە دوای ئەوەی هێزە کوردستانیەکان پێکەوە شەڕی داعشیان کرد، توانرا لە عەفرین تاکو جەلەولا بپارێزرێ، بەڵام ئەنجامی شەڕەکە وەک چاوەڕێ دەکرا بۆ گەلی کوردستان بەرهەمهێن نەبوو. تێکشکانی سوپای عێراق لە دژی تیرۆریستانی داعش دەرفەتی دروست کرد هێزی پێشمەرگە بەهاوکاری گەریلا و شەرڤان خۆیان بگەێنەوە سنورەکانی مادەی ١٤٠، واتا گەیشتن بە سنوری حەمرین.
لەگەڵ ئەوەی سەرجەم باشووری کوردستان لەژێر ئیدارەی حکومەت هەرێم دابوو، بەڵام چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو دەسکەوتە، سیاسەتێکی کورتبین هەبوو. چونکە وەک دەزانرێ سەرۆکی هەرێم و بڕیار بەدەست مەسعود بارزانی بوو وەک سەرۆک، بەڵام خراپترین تایبەتمەندی مەسعود ئەوەیە کە گوێ لەکەس ناگرێ تەنها خۆی نەبێ!!
بۆ ئەوەی بەرهەمی شەڕی داعش کۆبکرێتەوە مەسعود بارزانی بڕیاری دەوڵەتبوونیدا بە ریفراندۆمێک لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧. سەرەڕای ناڕەزای دەوڵەتانی جیهانی و هەرێمی، بەڵام وەک خۆی گووتەنی، سواری سەری خۆی بوو، سەری خۆیی و میللەتەکەشی خوارد.
لەبەر ئەوەی هیچ دەوڵەتێکی هەژموونگەرایی جیهانی و هەرێمی رازی نەببوون، بۆیە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونە هاومەبەست و هاوسیاسەت لە دژی ئەنجامەکانی ریفراندۆم. سەرەتا عەرەبی شیعە بەپاڵپشتی ئێران و تورکیا، توانیان ئابڵۆقە بخەنە سەر هەرێم، دواتر لە سنورەکانی تورکیا پێکەوە مانۆری سەربازی بکرد. ئەمریکا و ئەوروپا هەموویان چوونە پاڵ جموجۆڵەکانی حکومەتی عێراق. م.بارزانی و بەرەی ریفراندۆم بەتەنها مایەوە، نەیتوانی رای ناوخۆ بکاتە یەک، لەلایەنی چەکداریش ئیرادەی سەنگەر گرتنی نەبوو لەبەرانبەر حەشدی شەعبی کە سێ ساڵبوو دامەزرابوو.
رۆژانی ١٤ و ١٥ی ئۆکتۆبەر سەرۆکایەتی پارتی و یەکێتی و بەرەی ریفراندۆم، چەندین کۆبوونەوەیان لە شارۆچکەی دوکان ئەنجامدا. سەرۆککۆماری ئەوکات فواد مەعسوم. پەیامی دەوڵەتی عێراقی بۆ هێنان، قاسم سلێمانی پەیامی ئێرانی پێدان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تلرسن و نوێنەری ئەمریکای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مەگکرۆک پەیامی دووبارەی ئەمریکا هێنا… بەڵام مەسعود و بەرەی ریفراندۆم، گوێیان لە هیچ یەک لەوانە نەگرت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت؛ ئێوارەی ١٥ی ئۆکتۆبەر لەسەر راسپاردەی سەرۆکی هەرێمی ئەوکات و دەستەی کارگێڕی یەکێتی، چوومە خوار کەرکوک قەزای تازە، تاکو ئەبو مەهدی موهەندیس ببینم و پێیان بڵێم، هێرش نەکەن تاکو بڕیار دەدەن، بەڵام دەڵێ چوونەکەی من زۆر درەنگ بوو، ئەوان هێزەکانیان هێنابووە سەر رێگەی کەرکوک- موسڵ.
سەرۆکی هەرێمی ئەوکات مەسعود بارزانی ئیرادەی بڕیاردانی شەڕی لەدژی داگیرکەر نییە؛
لەم مێژووە تازەیەدا باشووری کوردستان پێویستی بە دووبڕیاری رووبەڕووبوونەوەی چەکداری هەبوو لە دژی داگیرکەرانی سەر کوردستان، بەڵام مەسعود بارزانی ئیرادەی بڕیاردانی نەبوو، لە ٣-٨-٢٠١٤ دەبوو سەرۆکی هەرێم کە سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەرێمیش بوو، بڕیاری شەڕی لە دژی داعش بەدابووایە، تاکو ئێزیدیەکان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبوونەوە، بەڵام لەجیاتی بڕیاری رووبەڕووبوونەوەو شەڕ لەدژی داگیرکەر، بڕیاری کشانەوەو راکردنی ١٢-١٤ هەزار چەکدار لە شەنگال و دەوروبەری دا.
دووەم بڕیار کە مەسعود بارزانی نەیتوانی بیدا ئەویش؛ پاراستنی ریفراندۆم و کەرکوک بوو، ئەو بڕایارە مێژووەیی پێنەدرا کە شەڕبوو لە دژی حشدی شەعبی لە ١٦-١٠-٢٠١٧، لەهەموو کاتە هەستیارەکانیش م.بارزانی هەرجارەو باسی نابەرابەری هێز دەکات!! بەڵام لەڕاستیدا مەسعود بارزانی ئەو ئیرادەیی نیشان نەداوە کە لە دژی داگیرکەران بەجەنگێ و شەڕبباتەوە.
چاودێران باس لەوە دەکەن، مەسعود بارزانی لەوەتەی بۆتە سەرۆکی پارتی لە ساڵی ١٩٧٩ شەڕی هەموو لایەنە سیاسیەکانی باشوور و پارچەکانیتری کوردستانی کردووە، واتا لە شەڕی دژی براکانی زۆر بەبڕیارە، هەتا ئامادەیە لەگەڵ داگیرکەرانی وەک ئێران و عێراق و تورکیاش هێرشی براکانی بکات، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە لە دژی هیچ داگیرکەرێک، بەتایبەتیش نەیتوانی لەدژی دووهێزی فشۆڵی تازە هەڵتۆقیوی وەک داعش و حەشدی شەعبیش شەڕ بکات.
دوێنێش م.بارزانی لەبەردەم دەنگدەرانی باسی قارەمانیەتی شەڕی پردێ و سەحێلای کرد، بەڵام نەیگووت لە شکستی ریفڕاندۆم و لەدەستدانی %٥١ خاکی کوردستان تاوانبار من بووم.
تاوانبارانی لەدەستدانی %٥١ خاکی باشووری کوردستان بە کەرکوکیشەوە، بەشداربووانی کۆبوونەوەی دوکانن بەگشتی، بەڵام بەپلەی یەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری کەرکوکی ئەوکاتن. نابێ هەرساڵ موزایدەی سیاسی بەو رۆژە بکرێ، پێویستە بەرپرسیارەکانی ئەوکاتی هەرێم و کەرکوک بدرێنە دادگا و تاوانباران بەسازی خۆیان بگەن.
چەقی تاوانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکوکە، بەڵام لە شەنگال تا خانەقین هەمووی بەیەک پلان لەدەست دەرکەوتوە، ئەوکات پێویستە لێپرسینەوە لەهەموو ئەوانە بکرێ کە ئەوکات بەقسەی کێ سەنگەریان چۆڵکردوە، بۆچی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان خۆی بۆ دۆخێکی بەوشێوەیە ئامادە نەکردوەو نەیتوانی بڕیار بدات. ئەگەر شەنگالیش هێزەکانی گەریلا و شەرڤانانی یەبەشەی لێ نەبووایە، بەهەمان دەردی کەرکوک و ناوچەکانیتر دەچوو.
ئەنجام:
کەرکوک لەدەستچوو، بەڵام دوای حەوت ساڵ لاوازیش بێ، جارێکیتر پارێزگارێکی کوردی بەهەڵوێست بوو بە پارێزگار. شەنگال لەدەست نەچوو، سەرەڕای هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و بەغدا و پارتی.
ئەوەی لە دۆخێکی خراپدایە ئەویش، دوز خورماتوو، سەعدیە و جەلەولا و خانەقین و مەندەلین.
هێزە کوردستانییە دیموکراتخوازەکان لەگەڵ لایەنە دیموکرات و ئازادیخوازەکان لەعێراق بەرەو پێشەوە نەچن، بێگومان ناوچە جێناکۆکەکان بە یەکجاری دەبن بە ناوچە دابڕاوەکان، بۆیە تاکو ئەقڵیەتی نەتەوەپەرستی شۆڤێنی کوردی و عەرەبی و تورکمانی هەبێ، کێشەی ماددەی ١٤٠ و هیچ کێشەیەکی هەڵپەسێردراو لە کوردستان و عێراق چارەسەر نابێ.