ئازاپرێس
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق ئەمرۆ نزیکەی (۲۱۰،۳٦۰) كەس مافی بەشداری كردنی هەیە لەدەنگدانی تایبەت. بەم ڕێژانەی لای خوارەوە؛
پارێزگای هەولێر: ۸۹،۷۹۱ دەنگ.
پارێزگای سلێمانی: ۷۸،٦٦۱ دەنگ
پارێزگای دهۆك: ٤۰،۹٥٦ دەنگ
پارێزگای هەڵبجە:۹٥۲ دەنگ.
ئەیسەر یاسین، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “رێژەی بەشداری تاوەکو کاژێر ۱۲:۰۰ـی نیوەڕۆ لە دهۆک ۷۷%، هەولێر ۷۰%، سلێمانی ٦۷% و هەڵەبجە ٦٤% بووە” ، بۆیە تێکڕای ڕێژەی دەنگدانی تایبەت بە %۷۰ دەخەملێنرێت. هەروەها ڕاشی گەیاند کە دەنگدان هەتا کاتژمێر (٦) ی ئێوارە بەردەوامدەبێت و دواتر سندوقەکان دادەخرێن.
بە هەژمارکردنی ڕاژەی خەمڵێنراو بۆ هەر کورسیەکی پەرلەمان، کە لە نێوان ۱٤ هەزار بۆ ۱۸ هەزار دەنگە ، ئەمڕۆ چارەنوسی ۱۲ تا ۱۸ کورسی پەرلەمانی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ڕاژەی کۆتایی دواتر بە هەژمارکردنی ڕێژەی بەشداربوونی کۆتایی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستاندیاری دەکات بۆ هەر کوردسیەک.