ئازاپرێس
بەگوێرەی پەیامی چالاکوانان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێنەوە، پارتی چەندڕۆژێکە ئامادەیی بۆ باندۆرکردن و ترساندنی دەنگەدارن پەیڕەو دەکات. هەندێ لەو پەیامانە بە وێنە و گرتەی ڤیدیۆییەوە بڵاودەکرێنەوە.
لەلایەک دەنگۆی ئەوە هەیە کە کادرانی حیزبی لەنزیکی ناوەندەکانی دەنگدان خێمەیان داناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگدەرانی تایبەت، کە دەبێت بە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی مۆبایل بیسەلمێنێت کە دەنگی داوە بەکێ و وەک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت لە ناحیەی باعەدرێ ، پارتی خێمەی داناوە و کارتی دەنگدانی لە هـێزە ئەمنییەکان وەردەگرێت و بارکودێكیان دەدەنێ و پـێیان دەڵـێن بەم بارکۆدە ئەزانـین دەنگتان بە کـێ داوە. هەروەها لەلایەکی تر باس لە لێدان و سوکایەتیکردن بە پێشمەرگە دەکرێت لەبەر ئەوەی وێنەی فۆرمی دەنگدانەکەی نەکردووە لەسەر سندوقی دەنگدان.
لەلایەکی تر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەتی چالاکوانانی دەڤەری هەولێر و بادینان کە لە ئەوروپا دەژین باس لە ڕێکەوتنی نهێنی پارتی دەکەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ دەرچاندنی سیاسەتمەدارانی تورکومان و نزیک لە تورکیا. بەتایبەتی دەنگۆی هەڕەشەکردنی کادرانی پارتی و پاراستن لە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بە مونا قەهقەچی و ئایدن مەعروف بدەن. ئەوەش بە ڕێکەوتنی نێچیروان بارزانی و ئەردۆگانەوە گرێدراوە کە بەر لە دوو ڕۆژ بەسەردانێکی لەناکاو و گوماناوی لە ئەنکەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاو بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری میتی تورک کۆبوونەوە.