ئازاد رواندزی
له دوای ئاشبه‌تاڵ ساڵی ١٩٧٧، به ناوی لێژنه‌ی ئامادەکار – پارتی دیموکراتی کوردستان، دكتۆر مه‌حمود عوسمان كتێبێكی ١٦٠لاپه‌ڕەیی کە لە سویسرا – جنێف چاپکراوە، بە زمانی عەرەبی بڵاو ده‌كاته‌وه، به ناوی (تقییم مسیرة الثورة الكردية وانهیارها والدرس والعبر المستخلصة منها ١٩٦١-١٩٧٥) – هه‌ڵسه‌نگاندی کاروانی شۆڕشی كورد و هەرەسەکەی و ئه‌و وانه و په‌ندانه‌ی لێی وەردەگیردرێ.
لە بەشێکی پەرتوکەکەی ناوبراو، باسی بودجه‌ی جوڵانەوەکە ده‌كات، كه دەڵێت؛ ٤٨ ملیۆن دیناری ئه‌وكات بووە، له كاتێكدا كه پاره‌ی عێراقی سێ به‌رانبه‌ری دۆلاری ئه‌مریكی بوو، واته دەکاتە ٤٨x٣= ١٤٤ملیۆن دۆلار. ئه‌مه بێجگه له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و لۆجستیک و داهاتی دامه‌زراوه‌ی فرۆشگا كه دوو ملیۆن دینار بوو، تایبه‌ت بوون به شۆڕش.
دوای ئاشبه‌تاڵی ١٩٧٥، مه‌لا مسته‌فا به شێوه‌یه‌كی نهێنی، هەموو ئه‌و پارانە ئاودیوی ئێران ده‌كات و به میزاجی خۆی و دوو كوڕه‌کەی هه‌ڵسوكه‌وتی پێده‌كه‌ن. له كاتێكدا ئه‌وه داهاتی شۆڕشێكی ١٤ ساڵی بوو، ده‌بوایه له كۆنگره قسه‌ی له سه‌ركرابوایه، نه‌ك بۆ مه‌رامی شه‌خسی به‌كارهێنرابووایه!
دكتۆر مه‌حمود عوسمان، بێجگه له وورده‌كاری تری ته‌خشانی داهاتی شۆڕش، باسی كاڵفامی سه‌رانی شۆڕش و هۆكاره‌كانی ئاشبه‌تاڵی زۆر به راشكاوانه له كتێبه‌كه‌ی ده‌كات.
دکتۆر مەحمود دانبه‌وه‌دادە‌نێت كه سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا و كوڕه‌كانی، سه‌ركرده‌ی شۆڕش نه‌بوون، به‌ڵكو به زهنیه‌تی بنه‌ماڵه‌یی، وەک ئاغای عه‌شیره‌ت سیاسه‌تیان ده‌كرد. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو، بووه هۆكاری پێكدادانی چینی رۆشنبیر له ناو شۆڕش و چینی خێڵه‌كی به رابه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا.
دكتۆر مه‌حمود عوسمان نمونەیەک دێنێته‌وه و ده‌ڵێ؛ لێكدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی لای مه‌لا مسته‌فا لێكدانه‌وه‌یه‌كی بازرگانی بوو، سه‌رانی شۆڕش له جیاتی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی بوون، ئەوان كران به چینێكی فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌مه‌ند، له سه‌ر حیسابی شۆڕش و میلله‌ت.
وهه‌رگیز شۆڕش سه‌رنه‌ده‌كه‌وت، ماده‌م ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ته‌نها به‌وه ده‌نازی كه خاوه‌نی چه‌ك و پاره و پێگه‌ی عه‌شیره‌ت و ئاینی بێت!
ناوبراو ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه بڕیاری ئاشبه‌تاڵ و تێكدانی به‌رگری نیشتمانی، تاكلایه‌نه له لایه‌ن مه‌لا مسته‌فاوه درابوو. به‌ر له وه‌ی ئێمه له حاجی ئومه‌ران دانوستاندنی له سه‌ر بكه‌ین له‌١٦-٣-١٩٧٥ كه زۆرینه‌مان له گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وه‌بووین، به‌رگری بكه‌ین و خۆمان بەدەستەوە نه‌ده‌ین، دوای رێكکه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر. به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا كه له ئێران هاته‌وه هه‌ستمان پێكرد كه له گه‌ڵ شاه رێككه‌وتووه كه ئاشبه‌تاڵ بكات!
ئه‌مه له كاتێكدابوو كه بێجگه له ٤٨ ملیۆن دیناره‌كه‌ی بودجه‌ی شۆڕش، نزیكه‌ی ١٥ ملیۆن فیشه‌كی بڕنۆ و ره‌شاش ٥ هه‌زار گولە تۆپ و هاون و موشه‌كی بازوكامان هه‌بوون!
له گه‌ڵ٦٠ هه‌زار چه‌كداری رێكخراو، لەگەل ٤٠٠٠٠ چل هەزار کم، خاكی ئازاد كه به ده‌ست شۆڕشه‌وه بوو، لەگەڵ ئه‌رزاقی ٨ مانگی هەموو شۆڕشیشمان هه‌بوو.
واته ئاماده‌كاری گه‌وره‌مان هه‌بوو كه به‌رخودان بكه‌ین و ئاشبه‌تاڵ نه‌كه‌ین. كه‌چی له پشت ئێمه و به‌بێ راوێژ، مه‌لا مسته‌فا بڕیاری ئاشبه‌تاڵی دابوو. له‌و ماوه‌یه كورته‌ش بواری ئه‌وه نه‌بوو، خۆمان رێكبخه‌ین و گوێ نه‌ده‌ینه بریاری مه‌لا مسته‌فا. چونكه هه‌موو شتێكی مۆنۆپۆڵ كردبوو، به بریاری خۆی و هەردوو كوڕه‌كه‌ی (ئیدریس و مه‌سعود).
ته‌نانه‌ت له‌و هه‌فته‌یه واته لە ١٦-٣-١٩٧٥ تاوه‌كو ٢١-٣-١٩٧٥، هه‌رچی چه‌ك هه‌یه به گه‌وره و بچوك درایه ده‌ست رژێم و به‌شێكی سووتێنران، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س شۆڕش ده‌ستپێنه‌كاته‌وه. لەگەڵ ئەوەش هه‌رچی نه‌یاری خۆی بوو، له ناو زیندانی دەزگای پاراستن لە رایات، گوله‌بارانی كردن، به ماڵی حه‌مه‌د ئاغای مێرگه‌سۆریشه‌وه، له ترسی ئه‌وه‌ی له سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان شۆڕش هه‌ڵنه‌گیرسێته‌وه!
لە درێژەی نووسینەکەیدا دکتۆر مەحمود دەڵێت: ته‌نانه‌ت ٣٠٠ زیندانی تری ناو رایاتیش به رێككه‌وتن له گه‌ل شای ئێران رادەست به ئێران كران. له كاتێكدا رێكخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی داوای كرد رادەستی ئێرانیان نه‌كه‌ن، ئه‌وه پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تییه، كه‌چی مه‌لا مسته‌فا ئه‌وه‌شی كرد – كه پێ ده‌چێت پاره‌ی پێ وه‌رگرتبێت!
دوای گواستنه‌وه‌ی بودجه‌ی شۆڕش به شێوه‌یه‌كی نهێنی بۆ ئێران، هەمانکات گوله‌باران كردنی نه‌یاره‌كانی. خۆشی له گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ١٠٠ خانووی له شای ئێران وه‌رگرت، له كه‌ره‌ج كه خۆشترین ناوچه‌ی تاران بوو. نزیكه‌ی ١٧٠٠٠٠ سەد و حەفتا هەزار کەسی كوردیش په‌نابه‌ربوون و له ناخۆشترین ژیاندا له كامپه‌كانی ئێران په‌رتكران و ره‌زیل كران.
به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، به‌بێ هۆ له میدیاكانی ئێران كه‌وته پیاهه‌ڵدان به شای ئێران، ته‌نانه‌ت به شای ئێرانی ووتبوو “ئێمه گه‌لی تۆین، مادام تو رازیت به رێکكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر، گره‌نتی به‌رژه‌وه‌ندی ئێران له‌و رێكکه‌وتننامەیە ده‌بینی، ئێمه‌ش رازین به‌مه. ئێران وڵاتی دایكه بۆ ئێمه، هه‌رگیز له دژی ناوه‌ستین. ئێمه له ژێر فه‌رمانی تۆین، پێمان بڵێ بمره ده‌مرین، پێمان بڵێ بژین ده‌ژین …”!!
دكتۆر مه‌حمود عوسمان له لاپه‌ره‌كانی ٩٠ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات و دەڵێت؛ بارزانی هیچ له خه‌می ئه‌و میلله‌تهدا نه‌بوو، ئه‌وان خۆیان له ژیانێكی شاهانه ده‌ژیان، میلله‌تیش له ئه‌وپه‌ڕی ناخۆشی و ده‌رده‌سه‌ری دابوو. ته‌نانه‌ت له كامپی كرمانشا (انزلی) سوپای ئێران ٨ ڕۆڵه‌ی كوردیان گوڵه باران كرد، بارزانی ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌كی ناڕازی دەربڕین و پەیامێکی سەرخۆشیشی بۆ نەناردن!
ته‌نانه‌ت كاتێک عێراق داوای ٣٠ په‌نابه‌ری كوردی كرد لە دەوڵەتی ئێران لەبەر ئەوەی تاوانبار کرابوون. ئێران هه‌ر ٣٠ كورده‌كه‌ی رادەستی عێراق کرد و له ناوبران، كه‌چی مه‌لا مسته‌فا و كوڕه‌كانی زمانیان نه بزواند!!
تا ره‌وشه‌كه وایلێهات چه‌ندین هه‌ڤاڵی مه‌كته‌ب سیاسی، داوای به‌ستنی گونگره‌ی كرد له بارزانی، بۆ ئاشكراكردنی هۆكاره‌كانی ئاشبه‌تاڵ و خیانەت، بۆ خه‌ڵكی په‌ناهه‌نده، هەمانکات چاره‌نووسی بودجه‌ی شۆڕش، كه‌چی به بیانووی لاواز خۆی له وەڵامه‌كه ده‌زییه‌وه!!
دوای ئه‌وەی عێراق لێبوردنی گشتی – عفو عام -ی دەرخست، بەو بۆنەویەوە نزیكه‌ی ٦٠ هه‌زار كورد گه‌ڕانه‌وه، له عێراقیش وەک سزایەک دوورخرانەوە بۆ باشوور. به‌شێكی تریشی له دوای دوو ساڵ گه‌ڕانه‌وه، تووشی ده‌رده‌سه‌ری و گرتن و لێدان و كوشتنی رژێم بوونه‌وه، له به‌رچاوی سه‌رانی شۆڕش كه له كه‌ره‌ج ژیانی شاهانه‌یان به‌رێ ده‌كرد!
ته‌نانه‌ت پێیان خۆش نه‌بوو، كوردانی په‌ناهه‌نده بچنه ده‌ره‌وه و ئه‌وروپاش. له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان دابوو، خه‌ڵكه‌كه ره‌زیل و بێ ده‌سه‌ڵات و ناهۆشیار بێ. ئێمه داوامان كرد به‌و بودجه‌یه، هه‌ندێك كادیر بنێرینه ده‌ره‌وه، بۆ کۆرسی خوێندن، یه‌كسه‌ر ره‌تكرایه‌وه. به‌شێك له كوڕانی خانه‌واده‌كه‌شیان به‌و پاره‌یه نارده ئه‌وروپا و ئه‌مریكا!
ئه‌مه‌و جگه له سیاسه‌تی چه‌وتی سه‌رانی شۆڕش، به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی نه‌یاری خۆی و باڵی مه‌كته‌بی سیاسی. تیرۆركردنی هه‌ریه‌ك له سكرتێرانی پارتی چه‌پی كوردانی باكور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات به‌ر له ئاشبه‌تاڵ، هەروەها به‌كارهێنانی پێشمه‌رگه بو لێدانی خه‌باتی چه‌كداری سیاسی كوردانی روژهه‌ڵات له دوای ئاشبه‌تاڵ.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی