شیکاری ئازا پرێس
دوای ململانێکی دوو ساڵی و ٢٠ رۆژ پڕوپاگەندەیەکی چڕ و رادیکاڵ، ئەنجام ٢٠-١٠-٢٠٢٤ خولی شەشەمی هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەسەلامەتی بەڕێوەچوو. بێگومان چاوێکی زۆر لەسەر شێوازی بەڕێوەچوون و گۆڕانکاری بوو لە دەسەڵات، چونکە ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانیتر هەندێک لیست و قەوارەی تر دەرکەوتن داواکاری زۆریان هەبوو، هەمانکات تائاستێکیش کاریگەریان لەسەر شەقام هەبوو.
وەک ئازا پرێس لەسەرەتای بڕیاردان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردن، باوەڕمان نەبوو کە لەم هەڵبژاردنەش گۆڕانکاریەکی ریشەی دروست ببێ، چونکە هەبوونی سوپای تورکیا لە زۆربەی خاکی بادینان و رەزامەندی پارتی وەک هێزی یەکەمی دەسەڵات لەسەر ئەم داگیرکاریە، وادەکات بڵێین گۆڕانکاری لە هەولێر بە گۆڕان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان زەحمەتە بتوانێ گۆڕانکاری ریشەی دروست بکات، وەک زۆرێک لە لیست و قەوارەکان چاوەڕێیان دەکرد. ئەمەشمان بینی جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی چوار رۆژ بەر لە هەڵبژاردن چووە تورکیا و لەگەڵ دامودەزگا ئەمنی و دەسەڵاتی ناوەندی کۆبوونەوە، وادیارە لەسەر دواین ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قسەیان کردووە، یان راستر بگوترێ پارتی رازیکراوە بەو ئەنجامانەی لە سندوقەکان دەرکەون!!
لەم هەڵبژاردنە لەگەڵ ئەوەی هەوڵدرا زۆرترین متمانە بۆ هاوڵاتی بگەڕێنرێتەوە، بەتایبەتیش سەبارەت بە رێگری کردن لە سەختەکاری و گەیشتنی دەنگ بە لیستی داخواز، هەروەها ئەوەش گوترا کە لەم هەڵبژاردنە دەسەڵاتی ٣٢ ساڵە سنوردار دەکرێ، بەتایبەت ئەمە زۆرتر بۆ پارتی گووترا، بەڵام پارتی جارێکیتر وەک سەرکەوتووی یەکەم دەرکەوت.
لە دەرەوەی پارتی و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، سەرجەم لایەنەکانیتر هەموویان کەم و زۆر داگیرکەریان رەخنە کرد و هەتا دەستەواژەی خاکفرۆس بۆ دەرەوە بەکارهات. ئەمەو ئاشکرا کردنی دزی و گەندەڵیەکانی دەسەڵاتداران زۆرترین راوەستەی لەسەر کرا.
خاڵێک کە زۆر جێگەی سەرنج بوو لەم هەڵبژاردنەش سەنگەر گواستنەوە بوو، ئەمە لە پارتیەوە دەستی پێکرد، بەتایبەت بەرپرسیارە سەربازیەکانی، لە کاتی بانگەشەش زۆرترین کاندید و ئەندام لە بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی گەل گەڕانەوە ناو یەکێتی. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو سەنگەر گواستنەوەی کاندید بوو کە دەبوو لە هەر کەس رشتربێ بۆ سەرخستنی لیستەکەی، بەڵام هێشتا دەستی پێنەکردبوو وازی هێنا.
براوەی هەڵبژاردن وەک هەر کات و سەردەمێک بێ دەنگە لەسەر ساختەکاری و تەزویرات، بەگوێرەی زانیاریەکان لەم هەڵبژاردنەش بەشێوەیەکی رێکخستنکراو تەزویرات کراوە، لە بەرژەوەندی لیستە سەرکەوتوەکان. لیستی رەوتی هەڵوێست یەکەم لیستە کە بەئاشکرا رای دەگەێنێ کە ئەو دەنگانەی دڵنیان پێیاندراون، بەڵام بۆیان نەگەڕاوەتەوە. ئەمەش جارێکیتر گومان دەخاتەوە سەر پاکی پرۆسەی هەڵبژاردن.
لیستە براوەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردن، پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ، رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، هاوپەیمانی هەرێم، گۆڕان، لەگەڵ پێکهاتەکانی تورکمان و ئاشووری.
لەگەڵ ئەوەی بەغدا و ئەمریکا پەلەیانە کە پەرلەمانی هەرێم دابنیشێ و هەرێمی کوردستان لە بۆشای یاسای رزگاربێ و حکومەتی نوێ پێکبەهێنرێ. هەرچی هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیشە دەیەوێ زوو بزانێ دەسەڵاتی نوێ پابەندی بەڵێنەکانیان دەبن یان نا، هەمانکات دەتوانن هەموو ئەو پرۆژانەی باسیان کرد و ئەو بەردی بناغانەی داینان دەیخەنە بواری جێبەجێکردن؟ لەلایەکیتریش هاوڵاتیان دەیانەوێ بزانن پەرلەمان و حکومەتی نوێ، دەتوانێ سنورێک بۆ داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا دانێ و بیانگەڕێنێتەوە بۆ پشت سنور؟
کێن ئەوانەی حکومەت پێکدێنن؟
وەک دەزانرێ پارتی و یەکێتی لە حکومەت دوور ناکەونەوە، بەڵام ئەوەش دەزانرێ کە پارتی وەک رابردوو ناتوانێ هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستدا بمێنێتەوە، چونکە یەکێتیش بەڵێنی زۆری داوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکم. وەک دەگوترێ نەوەی نوێ وەک براوەی سێیەم لەگەڵ یەکگرتوو و گۆڕان خۆیان یەکلا کردۆتەوە کە لە ئۆپۆزسیۆن دابن. بەگوێرەی وتاری ئەمڕۆی بڕیاردارانی رەوتی هەڵوێست، ئەوانیش مەیلیان زیاتر بەرەو ئۆپۆزسیۆنە. بەرەی گەل بانگەشەی دەسەڵاتی دەکرد، بەڵام بەو ژمارە کورسیە کەمە چی دەکا دیارنییە. وەک هەرجار کاکە حەمە لەبەرەی دەسەڵاتدایە. ئەو تابلۆیە پێمان دەڵێ کە کورسی دەسەڵات زۆرە، بەڵام کەسیان یەکەمی زاڵ نیین، هەروەها نزیکەی ٣٠ کورسیەک لە ئۆپۆزسیۆن دا دەمێنێتەوە، ئەوەش ژمارەیەکی کەم نییە، بەڵام دیار نییە وەک خولی رابردوو بە قەتیسی و پارچە پارچە دەمێنەوە، یان دەبنە خاوەن یەک گوتار کە ئەوەیان زەحمەتە.