ئازاپرێس
دوانیوەڕۆی دوێنێ کاتژمێر ٣:٣٠ لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کارخانەی (توساش) بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ,کە بووە هۆی ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداری و بەرپابوونی شەڕ، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا و بە گوێرەی میدیاکانی ناوخۆی تورکیا تا ئێستا ٥ کوژراون و ٢٢ کەسیش برینداربوون.
دەست بەجێ دوڵەتی تورک باسی لە وەڵام دانەوە کرد و درەنگانی شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲٤ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٤ سوپای تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی هێرشی ئاسمانی لە چەندین ناوچەی باشور و ڕۆژاوای کوردستان – باکور و خۆرهەڵاتی سوریا دەست پێکرد.
لەو بارەیەوە کامەران حەسەن، قایمقامی شارۆچکەی ماوەت ڕاگەیاند، کە ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە سنووری شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە نزیک گوندی گەڵاڵە چیای ئاسۆسیان بە چڕی بۆردوومان کردووە ، هەروەها قەزای ماوەت و دەوروبەری چوارتا و بناری قەندیل و شەنگالیش بە ئامانج گیراوەن.
لەلایەکی تر و لە هەرێمەکانی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانیش قامیشلۆ، دیرک، شەهبا، ناوەندی شاری کۆبانێ، تەل رەفعەت، عامودا، و گوندەکانی ناوچەی گرێسپی و زرگان بەچڕی بۆردومان کراوەن. بەپێی بەدواداچوونی سەرەتایی ١٣ هاوڵاتی شەهید بوون، و ٢٥ بریندارن کە منداڵیشیان تێدایە.
زۆرینەی ئەو خاڵانەی بۆردومانکراون ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ماڵی هاوڵاتیان و کارخانە و جێی مەدەنین. هەتا ئێستاش فڕۆکەی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
لە باشوری کوردستانیش ئێستا پێش چەند خولەکێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکی داگیرکەر خاڵێکی مەدەنی لە باشوری چیای شەنگال لەسەر ڕێگای ڕەبیعە بۆمباران کرد، کە تا ئێستا نەزانراوە کە زیانەکانی چین.