ئازا پرێس
دەستەی دەستپاکی عێراق (هيئة النزاهة) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤-١٠-٢٠٢٤ ڕایگەیاند محەمەد عەلی ئەللامی وەک سەرۆکی نوێی دەزگاکە دەستبەکاربووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا حەیدەر حەنون سەرۆکی پێشوو لەسەر داخوازی خۆی لە پۆستەکەی لادرا. ڕۆژی چوارشەممە ٢٣-١٠-٢٠٢٤ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند محەمەد شییاع سودانی، محەمەد عەلی ئەللامی ڕاسپارد ببێتە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، تاوەکو شوێنی حەیدەر حەنون بگرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانیش دەنگی داوە سەرۆکی پێشوو وەک ڕاوێژکار بە پلەی تایبەت لە وەزارەتی داد دابمەزرێت. نووسینگەی سودانی دەشڵێت سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی حەیدەر حەنونی بەرز نرخاند لە نەهێشتنی گەندەڵیدا.
جێگای ئاماژەیە لە ماوەکانی پێشوودا لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەنگێک بڵاوبویەوە کەوا کەسێک بەرتیل وەردەگرێ و سەرۆکی ئەو کاتەی دەستەی دەستپاکی حەیدەرحەنونی پێتاوەنبارکرا، ئەم گۆرانکاریانەیش لەدوای ئەو بابەتە هات.