ئازا پرێس
ئەنجامە چاوەڕوان نەکراو و شۆکهێنەرەکانی هەڵبژاردنی گشتی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنانەی لەیەکتر کۆکردۆتەوە، وەک خۆیان دەڵێن زوڵمیان لێکراوە، هەمانکات هەندێک توندتر هەڵوێستیان وەرگرتوو سەرۆکەکەشیان لە ئەرک دوور خستۆتەوە وەک هاوپەیمانی نیشتمانی وەک خۆیان دەڵێن ئەوان بڕیاری وازهێنانیان بە ئارام قادر داوە.
رەوتی هەڵوێست وەک یەکەم لیست لە دوو رۆژی رابردوو هەڵوێستی خۆی لەبەرانبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نیشاندا، لەدوای ئەویش چوار لایەنەکەیتر هاتن.
بەگوێرەی ئەو کەش و هەوایەیی کاتی بانگەشە هەبوو، لایەنەکان لە دەرەوەی پارتی هەموویان چاویان لەوەبوو کە بەژمارێک دەنگی زۆر دەتوانن پاشەکەشە بەدەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی بەهێنن و وەک خۆشیان دەیانگوت ئۆپۆزسیۆنی ساختەش رووی دەرخەن و ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی نیشانی کۆمەڵگە دەدەن.
تەنها سێ لایەن بەئەنجامەکان رازین، نەوەی نوێ کە ئەنجامەکانی دووقات کردۆتەوە، دوێنێ سەرۆکەکەی ناڕاستەوخۆ پەلاماری رەوتی هەڵوێستیدا و وەک پاڕانەوە بەناوی کردن، ئەمڕۆش کەسە دیارەکانی رەوتی هەڵوێست بە زمانێکی زبر وڵامیان دایەوەو بە سووخۆر و ساختەچیان بەناوکرد.
لە درێژەی ناڕەزای و هەڵوێستە توندەکان بەرانبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کەوەک پێشوەختە دیزاینکراوی بەناو دەکەن، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵاى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ههڵوێستى توندی نیشانداو و ڕایگهیاند، وەک کۆمەڵی دادگەری نەک لەحکومەت بەشدارنابین، بەڵکو لەڕاوێژو باسو خواستی ئەوەداین لەپەرلەمانێکی دیزاینکراو کە پێکهاتەکەی بەدەرە لەخواستی هاوڵاتیان بەشداری نەکەین.
دهشڵێن: پێچهوانهى چاوهڕوانییهكان نەک ڕێگریی لەساختەکاری نەکرا، بەڵکو ساختەکاریەکان جۆریی و ڕێکخراو كرا، بەشێوەیەک هەموو کەس درکی پێنەکا.
بەرەی ناڕازی فرەوانە، بەڵام لەئێستاوە دیارە پارچە پارچەیە و هەریەکە و بەڕەنگێک دەیەوێ ئەسپی خۆی تاوادات.
تادێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن فرەوانتر دەبێ