جوتیار ئاسۆس
جۆزێف گۆبڵزی وزیری پڕوپاگەندەی نازیەکان، کە بەو تێزە بەناوبانگ بوو کە دەیوت؛ “درۆ بکە، درۆ بکە هەتا باوەڕت پێدەکەن”، هەتا ئەودەمەی کە چیدی منداڵەکانی خۆشی باوەڕیان پێنەکرد و چەند کاتژمێرێک دوای کۆتا درۆکانی کە؛ گوایە سوپای ئەڵمانی ڕوسەکانی تێکشکاندووە و ڕاوەدوویان دەنێن و ھتد. ناچار بوو دوای وتارەکەی خۆی و خێزانەکەی دەرمانخوارد بکات و بیانکوژێ، هەتا نەکەونە دەستی سەربازانی سوپای سوری سۆڤیەت کە لەو کاتەدا لەودیو دیواری حەوشەی ماڵەکەی بوون.
دوابەدوای ئەوەی دەوڵەتی تورک کە چەندین مانگە تەواوی سوپاکەی خۆی خستۆتە ئامادەباشی ئاستی جەنگ و بە هەموو هێزی سەربازی خۆی بنبەرد و شار و گوندی ڕۆژاوا و باشوری کوردستان نەماوە کە بۆمبای لێنەدابێت، هێرشەکەی ٢٣ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ی ئەنکەرەی کرد بەبیانوو بۆ دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ڕۆژاوا و باشوری کوردستان کە تا هەنوکەش بەردەوامە. بێگومان ھێرشی لەو ڕەنگە بەبێ ئامادەکاری پێشوەختە ئەنجام نادرێ و ئەوەی یەک شارەزایی و ئەزمونی سەربازی ھەبێت، دەزانێت کە ئەو ھێرشە چەندین مانگە ئامادەکاری بۆکراوە و سوپای دەوڵەتی تورک وەک ھەمیشە ،ئامادەکاری ھێرشی زستانەی کردووە و هەمیشەش لە کەرتەکانی بەرھەمھێنانی وزە و نەخۆشخانە و ژێرخانی ئابوری دەدات بۆ سەختکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا.
جگە لەوەی ماڵپەڕی ئاژانسی ئەنها (ANHA) بە وێنە و ناو بەشێک لە شەھید و بریندارەکانیان بڵاو کردەوە ، کە بە ئاشکرا وێنەی منداڵان لە لاپەڕەی کەناڵەکاندا دەبینرێن. ئامارەکانی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەریەوە بڵاوکرانەوە، لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۲٥ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٤ گەیشتبووە هێتش و پەلامار بۆ سەر ٦۳ گوند و ٤ گەڕەکی ناوەندی شارەکان، جگە لە دەیان ناوچەی جیاوازی تر کە سۆرترینیان کەرتی خزمەتگوزاری مەدەنین، هێرشەکان کە بووە هۆی شەهیدبوونی ۱٤ کەس و برینداربوونی ٤۰ کەسی تر کە بەشێکیان منداڵن. ئەمە جگە لە ناوەندی شاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری، هەروەها لە بادینان و شارباژێر و ناوچەکانی دەوروبەری چیای ئاسۆس لە پارێزگای سلێمانی.
ڕۆژی ۲٥ی ئۆکتۆبەر ماڵپەڕی دژەتیرۆرە درۆزنەکەی مەسرور مەسعود بارزانی وەک سوپاسگوزاریەک بۆ پشتیوانی سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر، بۆ بەجێگەیاندنی ئەجندای حکومەتە پۆلیسیەکەی مەسرور و بە هەمان زمانی ڕابردوو، دوور لە هەموو پرەنسیپ و پێوەرێکی ئەخلاقی لە ماڵپەڕی فەیسبووکی بەناو دژەتیرۆری ھەرێم نوسیوێتی کە گوایە “لە هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر ۱٦ چەکداری پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان و شەنگال و قەندیل کراون بە ئامانج”. بەو مەرجەی وەک دواڕۆژەکانی ژیانی گۆبلز و قۆناغی بەرلە لەناوچوونی نازیەکان، گۆبلز خودی خۆی دەیزانی کە تاقە یەک کەس نیە بڕوا بە درۆ و چەواشەکاریەکانی ئەو بکات، چونکە خەڵکی ئەودەم بۆخۆیان تانکەکانی سوپای سوری سۆڤیەتیان بینیبوو کە لە قەراغشاری بەرلین جێگیرکرابوون ، ئەمڕۆش خەڵکی بۆ خۆیان چاویان هەیە و هەواڵ و وێنەی ئەو ناوچانە و شەهید و بریندارەکانیش دەبین، بۆیە بەیاننامەکەی ئەم جارەیان نەک هەر بێزارکەر نیە و نابێت بەهۆی بارگرانی دەروونی لەسەر وڵاتپارێزان، بەڵکو دەیانکات بە جێگای بەزەیی وکۆمێدیا و مەسخەرەی سەردەم.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی