ئازا پرێس
دوێنێ ٢٤-١٠-٢٠٢٤ هەواڵی مردنی رۆژنامەنووس و وەرگێڕ و نوسەر و رۆشنبیر ستیڤان شەمزینی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەنەخۆشی شێرپەنجە بڵاوکرایەوە، ئەو کەساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئەو نەخۆشیە کوشندەیە شەڕی کرد، وەک خۆی دەڵێ بە چەکی خۆشەویستی لەدژی سەرەتان شەڕ دەکەم و پزیشکانم سەرسام کردووە، چونکە تائێستا سێجار وادەی مردنیان بۆ داناوم.
بەداخەوە ستیڤان کە سەرجەم ژیانی بۆ خزمەتی وشەی کوردی دانابوو، دوێنێ بەجێی هێشتین. ئەمەی خوارەوە وتاری خۆیەتی کە سەبارەت بە نەخۆشیەکەی نووسیویەتی، پێدەچێ دواین وتاربێ…
چیرۆکەکەم لەگەڵ نەخۆشی سەرەتان
ستیڤان شەمزینی
– هیچ کات بیرم لەوە نەدەکردەوە لە سییەکانی تەمەندا تووشی نەخۆشییەک دەبم سەرلەبەر ژیان و بیرکردنەوەم لەگەڵیدا دەگۆڕێت. پێموابوو ئەم ژیانە بە گوڵ و رووداوە خۆشەکانییەوە چاوەڕوانمە.
– ئێوارەیەکی باراناویی زستان بوو، دروست ئێوارەی ١٢-٢-٢٠١٢ لە ناکاو هەموو شتەکان گۆڕان. هەرچەند ئەو هەواڵەی پێمدرا کە تووشی ترسناکترین جۆری سەرەتان بووم، نەیلەرزاندم. ئێشی هەر ئەوەندە هەبوو وەک ئەوەی دەرزییەک بکەیت بە کێوێکدا. ئەزموونی نەخۆشی سەیرە. هەندێک وا تێگەیشتوون نەخۆشی مرۆڤ لاوازتر دەکات، لای من ئەمە تەواو پێچەوانەوەیە و نەخۆشی مرۆڤ فێری خۆڕاگریی دەکات. بیرم دەکردەوە نەخۆشی درێژخایەن ژیان تاڵ دەکات، ئێستا دەزانم دەکرێت بە نەخۆشی درێژخایانیشەوە ژیان هەر هەنگوین بێت. ئەوە خۆمانین بڕیار لەسەر شێوەی ژیانمان دەدەین.
– لای من مردن وەهێمکە مرۆڤ دروستی کردووە و خۆی پێ تۆقاندووە، ئەگەرنا جیاوازیی نێوان ژیان و مردن شتێکی ئەوتۆ نییە، مرۆڤ لە مردندا تەنیا دیوە فیزیکییەکەی ون دەبێت، تەنانەت ئەو خانە زیندووانە هەر دەمێننەوە و شێوەیان دەگۆڕێت. ئەمەش مانای ئەوەیە مەرگ تەنها گۆڕانکارییەکی فیزیاییە و هیچی تر. باوەڕم بە خودایەک هەیە هەریەک لە ئێمەش خۆمان بەشێکین لێی، تۆ دەتوانیت لە رێگەی ئەو خودایەوە کە خۆت بەشێکیت لەو خۆت زیندوو بهێڵیتەوە. جارێک هاوڕێیەکم وتی سروشت خۆی خودایە!! ئەمن ئەودەم لە قووڵایی ئەو دەربڕینە تێنەگەیشتم، بەڵام هەنووکە دەزانم ئەو هێزەی لەناو گەردووندایە نەک لە پشتی گەردوونەوە خودایە، ئێمەش هەریەک بەشێوەی خۆمان جەستەی ئەو خودایە پێکدەهێنین. واتە خودا هێزێکی میتافیزیکیی نییە بەڵکو ئەو وزە چاکەیە لە ناو سروشت و لەناو خودی خۆماندایە. کەواتە ئەو سروشتە ئیلاهییەی مرۆڤ مومکین نییە بمرێت.
– پێموانییە سەرەتان هێندە مەترسیدار بێت. کێ بیری لە جەنگەکان کردۆتەوە چەند مەترسیدارترن؟. کێ بیری لە هەژاریی کردۆتەوە چەندە سامناکە؟. تۆقین لە شێرپەنجە تراومایەکی ساختەیە و هیچ کات لە جێگەی خۆیدا نییە. من وەک خۆم نەشتەرگەرییم کردووە، هەردوو چارەسەری کیمیایی و رادیۆلۆجیم وەرگرتووە و بەردەوامیشم لەسەریان. بەڵام لەسەروو هەموو ئەمانەوە دەرمانێکی گرنگتر هەیە، ئەویش بڕوابوونە بە مانەوە لە رێگەی ئەو ویستەی بۆ ژیان هەتە.
– ئەوە سێهەم جارە کات بۆ مردنم دادەنرێت، کەچی ئەوە منم بڕیار نادەم بمرم! زانستی پزیشکیم تووشی ئیحراجی کردووە. مردن ئەو کاتەیە تۆ بڕیار بدەیت بمریت. لەوانەشە زۆرجار هەناسەدان بە تەنیا مانای زیندووبوون نەگەیەنێت.
– ئەوەی من کردوومە لەگەڵ کەنسەر، شتێکی سەیرە، خودی سەرەتانم تووشی سەرەتان کردووە، چوونکە ئەو چەند شاڵاو بهێنێت بۆ من، ئەز بە چەکی ژیاندۆستی و عیشق سەر دڵی داخ دەکەم. خۆشەویستی دەرمانی راستەقینەی شێرپەنجەیە. خۆشەویستی ئەو هێزەیە دوای مردنە فیزیکییەکەش هەر بە زیندوویی دەتهێڵێتەوە.
– رەنگە خەڵکانێک هەبن پێیان سەیر بێت دوای یەک دوو رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی یان پاش چەند کاتژمێرێک لە رادیۆ تێراپی، بە “شیکی” خۆم دەگۆڕم و دەچمە رێستۆرانت و وێنەی سێڵفی خۆم بە زەردەخەنەوە دەگرم!، یان شیعر دەنووسم و کار دەکەم لە بواری هۆبییەکانی خۆمدا، دەخوێنمەوە و دەنووسم، بەڵام ئەگەر تۆ بڕیارت دابێت سەرەتان بکوژیت نەک ئەو تۆ بکوژێت، دەبێت ئەوە بکەیت من دەیکەم. وەنەبێ کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسمەوە هیچ ئازار و ژانێکم نەبێت، بەڵام هەموو ئەو ژانانە لەناو ئەم نووسینەدا دەمرن، لەگەڵ تایپکردنی هەر وشەیەکدا جۆرێک لە هەڵوەرینی ئازارەکانم هەست پێدەکەم. دەرزییەکی کیمیایی رەنگە بتوانێت سەدان هەزار گەردیلەی سەرەتانیی لە لەشماندا بکوژێت، بەڵام یەک جار وتنی “خۆشم ئەوێی” بەو کەسەی دڵت هەڵیبژاردووە هێندەی سەد دەرزی کیمیایی کاریگەریی هەیە. نووسینی یەک شیعر لای من لە دەیان دەرزی کیمیایی زیاتر گورز لە خەلایا سەرەتانییەکان دەوەشێنێت.
– کەواتە ئێوەش وەک من بکەن. عیشق و موزیک و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ وەک ئاگربەردان لە پووش سەرەتان دەسووتێنێت. تۆش تاقی بکەرەوە پێش ئەوەی سەرەتان ببێتە میوانێکی چارەگران.