شیکاری ئازا پرێس
ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ رادەگەێنرێ، پێناچێ جیاوازێکی ئەوتۆی هەبێ لەگەڵ ئەنجامە بەرایەکان. بۆیە ئیتر هەنگاو بەرەو حکومەتی نوێ دەنرێ، هەموو لایەنەکانی دەرەوەی هەرێمیش بە ئەمریکاشەوە دەیانەوێ کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێ.
هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی باڵای سەربەخۆی عێراق بەڕێوەچوو و سەرپەرشتی دەکرا، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا هیوایەکی زۆری بەخشی، بەڵام لەکۆتایی نیشانی زۆری سەختەکاری و تەزویری لەسەرخۆی دانا. دەسەڵاتداران لە هەرێم و جیهانیش، لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات، فێڵ لە هەمووشتێک دەکەن، ئەوەی پێیان بکرێ بەهێزی چەک، ئەگەر نەبوو بەهێزی پارە و بەرتیل دان، ئەنجام خۆیان بەسەرکەوتو رادەگەێنن. تائێستا هەڵبژاردنەکانی جیهان بەگشتی پێشینە دیزاینی هەیە و دەوڵەتی قوڵ پلانی بۆ دادەنێت، بەوانەی ئەمریکاشەوە. لە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی دەوڵەتی قوڵ نییە، چونکە حیزب و بنەماڵە دەسەڵات بەڕێوەدەبن، بۆیە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمی و هێزە هەژموونگەرا جیهانیەکان دیزاینی بۆ دادەنێنن. نمونە مانەوەی چەند حیزبێکی هەرێم ماوەی ٣٢ ساڵە بە یەک کورسی لە پەرلەمان، مانەوەی ئیسلامی سیاسی بە شەش – حەوت کورسی، یەکەمەکانیش کە ٣٢ ساڵە بەردەوامن ئەوانیش بەو دیزاینە پێشوەختە لە دەسەڵات بەردەوامن. هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی عێراق گوتیان ئامێرەکان لە ئیماراتەوە دیزاینیان پێدراوە، ئەوەی ئەمجارەش باس لە ئێران و تورکیا دەکرێ. چوونی نێچیروان بارزانیش دوو رۆژ بەر لە رۆژی هەڵبژاردن بۆ تورکیا ئەو گومانە نزیک دەکاتەوە لە راستی.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بە سەرکەوتووی پارتی و بە هاوبەشی یەکێتی و وردەکانیتر، شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕدراو زەحمەتیشە شتێکی زۆر بگۆڕدرێت، ئەوەی گۆڕدراوە کەمی کورسیەکانی پارتیە لە پەرلەمان، واتا ناتوانێ ڤیتۆی پەرلەمان بکات. یەکێتی دەڵێ بەشدارنابم، بەڵکو هاوبەش دەبم، گۆڕانیش کاتی خۆی گوتی وەزیرنا وەزارەت، بەڵام ئەنجام گۆڕان سفر هیچ بەدەست دەرکەوتوو و حیزبەکەشیان لەناوبرد.
یەکێتی خاوەن ئەزمونی زیاترە لە بەڕێوەبەردن و حکومەت، بەڵام هەبوونی بڕیاری یەکەم لەلای پارتی، هێزی یەکێتی لە بەڕێوەبردندا شلۆق کردووە. بۆیەش یەکێتی نەیتوانیوە ماوەی ٢٠ ساڵە رێگەی نێوان رانیە و دوکانی تەواو بکات، دیسان رێگەی نێوان دەربەندیخان و کەلاری پێتەواو نەبووە، هەمانکات نەیتوانیوە سەرجەم داهاتەکانی بگەڕێنێتەوەو خزمەتی سلێمانی پێبکات. لە پێنج ساڵی رابردوو زۆر باسی بەهەرێم کردنی سلێمانیان کرد، بەڵام لەکۆتای لێی پەشێمان بوونەوە. ئێستا زۆر باسی تەوتین و سەربەخۆی مووچە دەکەن لە رێی بەغداوە، بەڵام هێشتا دیارنییە بەکوێ دەگات!!
پارتی بۆ ئەم کابینەیەش کەسایەتی پۆلیسی و سەرکوتکاری مەسرور بارزانی، دەیانەوێ ببێتەوە بەسەرۆکی حکومەت، چونکە مەسرور چاوی لەسەرۆکی پارتیە و مەسعودیش ئەو ڕێگەیەیی بۆ خۆش دەکات. مەسرور لە کابینەی رابردوو زۆرترین رەخنەی لەسەر هەبوو، چونکە بەئاشکرا دوژمنایەتی خەڵکی ناڕازیی بادینان و هەرێمی سلێمانی بوو، زۆرترین سەرکوتکاریشی لە هەولێر بەڕێوەبرد، زۆرترین رێگەشی لەبەردەم سوپای داگیرکەری تورکیا کردەوەو دەزگای پاراستن و میتیشی کردنە هاوبەشی تیرۆری شۆرشگێڕانی باکوور. لەلایەکیتر کەمترین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری و کۆڕوکۆبوونەوە کراوە بەڕێوەچوونە، تەنها ئەوەی لە خزمەت پارتی دابووە رێی پێدراوە. بۆیە لەکابینەی نۆ چۆن هیچ چالاکوان و راگەیاندنکارێک لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبوو، لەم کابینەیەش سەرکوتکاری زیاتر دەبێ.
پارتی وەزیرەکانی خۆی بەتەواوی دەخاتە خزمەت هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆیە وەزیرەکانی پارتیش تەنها بەبۆنە سەردانی سلێمانی دەکەن و خزمەتکردن لە سلێمانی وەک لە وڵاتێکی دراوسێ بیکەن وان. وەزیرەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی کەم دەسەڵاتن، هەمانکات بەناوی ناوەند و پایتەخت زۆربەی کاتیان لە هەولێرە، بۆ ئەوەی خۆیان لە سەرکۆنەی سەرۆکوەزیرانیش بپارێزن بۆیە کەمتر لە سلێمانی دیاردەبن و خزمەتکردنیشیان سنوردارە. لەم کابینەیە پێویستە وەزیرەکانی یەکێتی لای کەم هەفتانە نیوەی دەوامەکەیان لە سلێمانی رای بکەن، واتا لقێکی وەزارەتەکەیان لە سلێمانی بێ، چونکە لاسەنگی دەسەڵات بەشێک بەوە هاوسەنگ دەبێتەوە کە هەمووی لە هەولێر کۆنەبێتەوە. یەکێتی دەڵێ دروشمەکانمان دەکەینە بڕیار و جێبەجێی دەکەین، چاوەڕێین بزانین چۆن لە حوکمی خۆسەپێن رزگارمان دەبێ و چۆن هاوسەنگی بەڕێوەبردن دروست دەبێتەوە؟؟