ئازا پرێس\تایبەت
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا بدەینەوە، لە مێژوودا ئەوا دەتوانین بڵێین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان. رێکخراوی YILDIZ لە نێوان ساڵەکانی ١٨٨٨-١٩٠٨ ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە هەواڵگری ئەنجام داوە. لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و پاشانیش لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی، دەزگاکە ناوی گۆڕا بۆ Teşkilat Mahsusa کە ئەنوەر پاشا بەڕێوەی دەبرد.
سەردەمی شەڕی سارد، لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، هەلێکی گونجاو بوو بۆ دەزگای هەواڵگری تورکی کە گەشە بسەنێت. هەروەها بوون بە ئەندام لە ناتۆ، کۆمەڵێک دەرگای نوێی بەڕووی تورکیادا کردەوە، ئەوەش بوو بە یەکێک لە هۆکارەکان کە دەزگاکە گەشەی زیاتر بکات.
پاش دروستبوونی میت، ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانیان لە دژی بولگاریا و قوبرس و یۆنان دەستی پێکرد. لە چاوپێکەوتنێکدا، Sabri Yirmobesoglu کە پێشتر ژەنەڕاڵ بووە لە سوپای تورکیا، رایگەیاند کە میت بەرپرس بووە لە پڕچەککردنی دانیشتوانە تورکیەکەی قوبرس. هەروەها ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە تەنانەت لەدژی پێگە تورکیەکان لەناو قوبرسدا، بەمەبەستی خوڵقاندنی دۆخێکی ناسەقامگیر لەناو قوبرسدا، پاشان بیانوو هێنانەوە بۆ هاتنە ناوەوەی تورکیا گوایە بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان. تەقاندنەوەی مزگەوتەکانی Bayraktar و Omeriye لە ٢٥/٣/ ١٩٦٢ لە نیقۆسیای پایتەختی قوبرس، کاری میت ی تورکی بووە، بەپێی دانپیانانی ژەنەڕاڵەکەی خۆیان، بەڵام لەوکاتەدا خرایە پاڵ EOKA کە هێزێکی بەرەنگاری قوبرسی بوون. چەند ساڵێک پێش ئەو رووداوەش تەقینەوەیەکی دیکە لەبەردەم باڵێۆزخانەی تورکیا هەر لە نیقۆسیا روویدا، پێکدادانی قوبرسیە تورکیەکان و یۆنانیەکانی لێکەوتەوە کە هەر کاری میت ی تورکی خۆی بوو.
لە ساتەوەختی دروستبوونی جوڵانەوە کوردییەکانیشەوە ئاراستەی میت راستەوخۆ گۆڕا، یەکێک لە کارە بنەڕەتییەکانی بەگژاچوونەوە و لێدان بووە لە خواستی کورد و سەربەخۆیی کورد و هەنگاوەکانی.
چ بە کوشتنی سەرکردە و کەسە دیارەکان یاخود بە ئاراستەکردنی رووداوەکان بە رێگەی هەڵەدا، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا و ناوچەکەش، بەڵکو لە ئەوروپا و دەرەوەش میت بەردەوام هەوڵیداوە کە بە جیهان بڵێت، کورد شایەنی دەوڵەت نییە و دانیان نەناوە بە هیچ ماف و ئازادییەکی تاکی کوردی و میللەتی کوردیشدا بەگشتی.
ئیدی لەپێش رووداوەکانی ١١ ی ئەیلولەوە دژایەتیکردنی کورد لەلایەن میت ەوە دەستپێدەکات، بەشێوەیەکی چڕوپڕ ئەوکات دژی پەکەکە دەستیان پێکرد. هەرچەندە لەساڵی ١٩٩٩ دەزگای هەواڵگری EYP ی یۆنانی عەبدوڵا ئۆجالان دووردەخاتەوە بۆ نایڕۆبی، پلانەکەیان بەشێوەیەکە کە لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا بهێڵرێتەوە، تاوەکو دەستگیرنەکرێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی هاوکاری میت ی تورکی دەکات و ع.ئۆجالان بەدیل دەگرن و دەیگەڕێننەوە بۆ تورکیا.
دوابەدوای ئەمە سەردەمێکی نوێ لە کارەکانی میت دەستپێدەکات، بەهۆی دەستبەکاربوونی هاکان فیدان(وەزیری دەرەوەی ئێستای تورکیا)، هاکان فیدان میت لە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریەوە، دەگوازێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوە. زۆربەی بەرپرسە دەستبەکاربووەکان لە وەزارەتی دەرەوەوە راپێچ دەکران لە سەردەمی فیداندا. بەپێچەوانەی پێشووتر کە زۆرینەی فەرمانبەرەکان سەربازی بوون و لە وەزارەتی بەرگریەوە دەنێردران بۆ میت. دواتریش لەساڵی ٢٠١٤ پەرلەمانی تورکیا دەسەڵاتێکی زیاتری دا بە میت، تاوەکو لەزۆر لایەنەوە سەربەخۆ کاربکات. هاکان فیدان پیاوی متمانەپێکراوی ئەردۆغان خۆی بوو، دەتوانین بڵێین متمانەی هەموو شتێکی پێدەکرد. تەنانەت ئەو ئەرکانەی کە هیچکام لە دامەزراوە حکومیەکانی تورکیا ئاگاداری نەبوون، لەلایەن ئەردۆغانەوە بە هاکان فیدان رادەسپێردرا. پاشانیش میت دەستیوەردایە شەڕی ناوخۆیی سوریا، ئۆپۆزسیۆنی سوریای چەکدار کرد، لەسەرویان جبهە تحریر الشام و چەند گروپێکی دیکەی پڕچەک کرد دژ بە حکومەتەکەی ئەسەد.
لەدوای کودەتا دروستکراوەکەی ساڵی ٢٠١٦ ش میت بەهێزتر بوو، وەک چۆن مایک پۆمپەیۆ دەڵێت؛ کودەتاکە بەرهەمهێن بوو بۆ تورکیا. بەهەمان شێوەش دەتوانین بڵێین، کودەتایەکە بەتایبەت بەرهەمهێن بوو بۆ خودی دەزگای میت. بەهۆی ئەوەی لەکاتی کودەتاکەدا باڵەخانەی دامەزراوەی میت بەئامانجگیرا، بۆیە باڵەخانەکە گوازرایەوە بۆ دەرەوەی ئەنقەرە و نازناوی “قەڵا” ی پێدرا، لەسەر رووبەری ٥٠٠٠ دۆنم و بە چوارچێوەی دیوارێکی ٣ مەتری، ئەم هەنگاوە ئەوەندەی دیکە میت ی سەربەخۆ کرد.
لە ٢٠١٧ تیمە تایبەتەکانی پەکەکە لە چالاکیەکی نهێنیدا دوو گەورە بەرپرسی میتیان خستە داوەوە و لە هاوینە هەواری دوکانیان فڕاندن، دەگوترێ نهێنی زۆریان ئاشکرا کردوە، ئەمەش وەک گورزێک دێتە ژماردن کە بەر دەزگای میت کەوتووە.
پاشان دژایەتیکردنی کورد دەستپێدەکات بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان، یەکەم ئۆپەراسیۆنیش ئۆپەراسیۆنی” (قەڵغانی فورات)بوو کە سوپای تورکیا بەناو هەستا بە دەرکردنی داعش لە باکووری سوریا، بەڵام لەراستیدا ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە عفرین بوو. لەپاش ئەو ئۆپەراسیۆنە سوپای تورکیا لەژێر چەتری میت دا دوو جاری دیکە ئۆپەراسیۆنی دژی کوردەکانی سوریا ئەنجام داوە، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٨-٢٠١٩ جگە لەوەی چەندین گروپی چەکداری سەر بە تورکیا لە سوریا هەن. لەوکاتەوە و تاوەکو ئێستاش کار بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکەن، نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە لیبیا و قەرەباخ لە ئەرمینیا و چەند وڵاتێکی دیکەش.
یەکێکی دیکە لە ئۆپەراسیۆنە دژ بە کوردەکانی سوریا ئۆپەراسیۆنی (چلە زیتون)بوو کە تەنها لە ١١ رۆژی ئۆپەراسیۆنە سێ مانگیەکەدا ٢٣٥ هاوڵاتی و ٢٢ منداڵ بوونە قوربانی، ٦٧٧ هاوڵاتیش برینداربوون کە سەرجەمیان کوردبوون. چۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان و جێگیرکردنی تورک و چەکدارەکانی کە بۆ بەرژەوەندی تورکیا شەڕیان دەکرد.
لەدوای ساڵی ٢٠٢٣ شەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی میت زیاتر پشت بەستووبوو بە فرۆکە بێفرۆکەوانەکان. نمونەش لە نیسانی ٢٠٢٣ دا لە باکووری سوریا، فڕندەیەکی سوپای تورکیا نزیک بوو لەوەی مەزڵوم کۆبانی بە ئامانج بگرێت کە لەو کاتەدا لەناو بنکەیەکی ئەمریکیدا بوو. پڕچەککردنی هۆزە عەرەبەکانی دێرەزور لەدژی کوردەکان، کاری دواتری میت بوو، کە پشێوی و ناسەقامگیری و قوربانی زۆری لێکەوتەوە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.
یەکێکی دیکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی میت لەناو کوردستان، تیرۆر کردنی ئەو کوردانەی باکورن لەبەر هەبوونی دۆسیەی سیاسی هاتوونەت باشوور نمونە تیرۆری شوکری سەرحەد، مەحمەد زەکی چەلەبی، ناگیهان ئاکار سەل، دەنیز جەودەت و …هتد. میت تەنها بەوە نەوەستاوە بەڵکو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخمور لە ساڵی ٢٠٢١ کە تێیدا سێ ئاوارە بوونە قوربانی. هێرشکردنە سەر گەشتیارەکان لە زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ کە تێیدا ٨ گەشتیار بوونە قوربانی.
هاکان فیدان لە ساڵی ٢٠٢٢ رایگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارە کوردییەکان هەوڵدەدەین بە هەموو شێوازێک دژیان بوەستینەوە وەکو میت، بەرێگەی هەواڵگری مرۆیی، هەواڵگری شەپۆلی، هەواڵگری ئەلکترۆنی وێنەکان و هەواڵگری مانگە دەستکردەکان، لەکۆتاییشدا پشت بەستن بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
دواتریش لەساڵی ٢٠٢٣ دا هێڵە فڕۆکەوانییەکانی تورکیا، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت. بەهۆکاری ئەوەی کە هەماهەنگی لەنێوان سلێمانی و پەکەکەدا بوونی هەبێت، لە ئەنجامدا خودی شاری سلێمانی زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری بەرکەوت، لەرووی داهاتی فڕۆکەخانەکەوە، بەڵام ئیرادەیەک پیشانی تورکەکان درا کە دەستبەرداربوونی کوردەکان لەیەکتر مەحاڵە.
کۆتا ئۆپەراسیۆنی میت دژی کورد لە رۆژی ٢٣/٨/٢٠٢٤ فڕندەیەکی تورکی ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی سەیدسادق بە ئامانج گرت کە لە ئاکامدا دوو رۆژنامەنووسی تێیدا شەهیدبوون، بەناوەکانی (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین).
بەم دواییەش ئیبراهیم کاڵن بوو بە سەرۆکی میت و فیدانی پارێزەری نهێنییەکانی ئەردۆغانیش رۆڵی بەرزکرایەوە بۆ وەزیری دەرەوە. لەبەرئەوەی هەماهەنگیەکی تەواو هەیە لەنێوان دوو دامەزراوەکەدا، بۆیە دەکرێت بڵێین، فیدان هێشتا کاریگەری بەسەر میت ەوە هەیە. کاڵن زیاتر بۆ دووبارە رێکخستنەوەی میت بوو، جیاواز لە فیدان کە کاری بۆ تیرۆرکردنی کەسیاتیە نەیارە دیارەکانی بۆ ئەردۆغان دەکرد.
لەکۆتاییدا دژایەتیکردنی کورد و دۆزی کورد، لەلایەن تورکیا و دەزگای میت ەوە بەردەوامە بە هەموو شێوەیەک. نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان و سوریا، بگرە لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوەش، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەرکی لەپێشینەی میت لێدانە لە کورد.