ئازا پرێس
ئەمڕۆ چوار شەممە ٣٠-١٠-٢٠٢٤ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەولێر لە دووەمین رۆژی دیداری مێری- دا کە بەناو نیشانی (پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین؟) بەشدار پانێلێک بوو لەسەر هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا بە پێشکەشکاری پ.د. دلاوەر عەلائەدین و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لەو دیدارە کە نزیکی کاتژمێرێکی خایاند، بافڵ تاڵەبانی وتی” یەکێتی تێبینی هەیە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا دەکەین، هەرگیزیش پەشیمان نابینەوە لەو بەڵێن و قسانەی کە کردوومانە، لەگەڵ ئەوەشداین خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەماوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی راستەقینە دروستبکەین نەک بیروبۆچوونی کەسێک دامەزراوەیەک بەڕێوەببات”.
بافڵ تاڵەبانی زۆر لەسەر وەزارەتی دارایی راوەستاو باسی لەوە کرد کە پرۆژەیان هەیە و دەبێت چاکسازی لەو بوارەدا بکرێت و، ئاماژەی بۆ نەبوونی چەند ساڵەی یاسای بوودجە کرد، هەروەها لە بارەی شەفافیەتی داراییەوە وتی” وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ داتایەکی فرۆشتنی نەوت نییە و کەس نازانێت پرۆسەی فرۆشتنی نەوت چۆنە، پێم وانییە بەباسکردنی داهاتی نەوت یەکڕیزی کورد تێکبچێت “.
لە بارەی یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەوە وتی ” یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستبوونی هێزێکی کوردستانی بەرنامەی مام جەلال بوو، بەڵام پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی ئەمەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت زاڵبێت بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا، کە ئەمە دژی ئەو رێککەوتنەوەشە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کردویانە”.
لە میانەی قسەکانیدا سەرۆکی یەکێتی ویشتی ” یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت و هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین”.
لەسەر دۆخی یەکێتی لە ئێستادا وتی “لەم سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی کە ماوەی دوو ساڵە هەیە، گۆڕانکاری گەورەمان کردووە و هاوسەنگی هێزمان رێککردووەتەوە و کۆتایمان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن هێناوە و سەردەمی ٥٠+١ کۆتایی هات و هەڵبژاردنێکی زۆر باش بەڕێوەچوو”.
راشیگەیاند:” وەک یەکێتی لەبانگەشەی هەڵبژاردن سەرکەوتوو بووین، ئێمە هانی هاووڵاتیانمان دا بۆ ئەوەی بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئازادانە دەنگ بدەن، لەوەش سەرکەوتوو بووین، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە هەموو وڵاتێک پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە”.
” یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت، بەڵام هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین و بارودۆخێک دروستبکەین کە لایەنەکان لەبری ئەوەی پێیان شەرم بێت بەشداری حکومەت بکەن، بێنە ناو حکومەت و گۆڕانکاری بکەن و ئێمە ئامادەی دانوستانین لەگەڵ لایەنەکان هەرچەندا ئاسان نییە”.( بافڵ تاڵەبانی وای وت).
سەرۆکی یەکێتی دوا بزماری خۆی بە کابینەی ٩ دا داکوتی و، وتی” هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی ٩ خراپ نەبوو، چونکە سیاسەتیكی هەڵەی تێدا جێبەجێکرا”.
لەکۆتایی قسەکانیشدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی:” یەکێتی ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەنێک رێکبکەوێت کە ئامانجی خزمەتکردنی میللەت بێت و هیوادارین رۆژێک پەرلەمان و حوکمەتێکمان هەبێت کە شانازی پێوە بکەین، رێکخستنەوە ئامانجی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و کاتی گۆڕانکارییە بۆ ئەمەش چاوەڕێی ئامادەی رێککەوتنین بەڵام چاوەڕێی کەسیش ناکەین”.
هەر لە دیدارەکە سەرۆکی یەکێتی چەند جارێک ناوی لایەنەکانیتری هێناو گوتی، ئێمە لە هێزی تر و لە ئۆپۆزسیۆن ناترسین وەک هەندێک لایەنیتر.
ئەوەشی بۆ زیاد کردوو وتی کاک شاسوار لەمەودوا سەرئێشەی زۆرتری بۆ دروستبێ.
بافڵ تاڵەبانی ئەمجارە باسی رووخانی پارتی نەکرد و گوتی، جابۆ پارتی بڕوخێنم باپیری خۆم دایمەزراندوە.
لە دەرەوەی دیدارەکەش لەبارەی فایلە دەنگییەکەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بڵاوکرایەوەو پارتی هەردووکیانی بە ئەنجامدەری تەزویر ناوزەد کرد، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند ” دەنگەکەی من و قوباد تەزویر کراوە، وازی لێناهێنین، دەچینە باشترین دادگا داوا تۆمار دەکەین”.
لە بارەی ” هەژماری من ” و” تەوتین” ی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، سەرۆکی یەکێتی وتی” لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر نەدراوە، تەنها پرێزەنتەیشن بووە، خەڵک ئازادە چی دەکات و کام هەژمار هەڵدەبژێرێت “.