سیاوەیش گۆدەرزی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گێرانەوەی بیرەوەرییەکان لە میدیاکانی پارتی
مەسعوودا بارزانی لە کتێبەکەیدا (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – شۆڕشی گوڵان) بەرگی چوارەم زۆر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەپاڵ هێرش و ڕەشداگەڕاندن تۆمەتی گەورەی بێ بنەما هاوکاری بەعسی عێراق دەخاتە پاڵ سێ کەسایەتی گەورەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوکتۆر قاسملو، مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی و کاک فواد مستەفا سوڵتانی.
ئەم سووکایەتییەی بارزانی بۆ پەڕاندنەوەی خۆی و حیزبەکەی لە باسی خەیانەتی قیادە مەوقەتە و کوشتاری خەڵکی سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت یان هەر چەشنە بیانوویەکی دیکە، ئەم گێڕانەوە پڕ لە درۆ و چەواشەکارانەی بارزانی ئێستا ئێمە چ بمانهەوێ یان نەمانهەوێ زمانی فەرمی و سەردەست و خوێندنەوەی ئێستای پارتییە لە ڕووداوەکانی دوای ساڵی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دید و بۆچوون لە سەر شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و کاک فواد و زیندوویاد مامۆستا شێخ عێزەدین.
لەو سۆنگەیەوە هەر کەسێک لە هەر میدیایەکی فەرمی و نافەرمی پارتی بە مەبەستی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەربکەوێ و بەرپەرچی ئەم سووکایەتی و چەواشەکارییانەی مەسعوود بارزانی نەداوەتەوە، ناڕاستەوخۆ قسەکان و ڕەوایەتی بارزانی دەسەلمێنێ و بەم شێوەیە ناڕاستەوخۆ لە چەواشەکارییەکاندا بەشدار دەبێ. لەوە خەراپتر ئەوەیە لە میدیای پارتییەوە دەربکەوی و بەتایبەتی باسی بیرەوەری و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە شەهیدان دوکتور قاسملو و کاک فواد و زیندوویاد مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی بکەی و پلارێک لە درۆ و تۆمەتەکانی بارزانی لە بەراوژوو نیشاندانی مێژوو نەدەی .
ئامانجی میدیای پارتی ئەوەیە بە بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داستان و ڕەوایەتی سەردەستی پارتی کە هەمان گێڕانەوەکانی مەسعوود بارزانییە لە قالب بدا. لە لایەک بێدەنگی لە حاست تۆمەتەکانی بارزانی، ڕەوایەتی درۆزنانەی بارزانی زیاتر دەچەسپێنێ و لە لایەکی دیکەش قیادەی مەوەقەتە لە خەیانەت قوتار دەکەن و لاپەڕەیەکی سپی بۆ هەڵدەدەنەوە. ئەویش بە هۆی کێ و بە هاوکاری کامانە؟ ڕاست بە دەستی ئەوانەی کە سەرەدمانێک بۆ خۆیان یان بنەماڵەکانیان یان حیزبەکانیان و ڕێبەرەکانیان قوربانی دەستی خەیانەتی پارتی و بارزانی بوون.
ئەگەر ئێمە ئەم پێناسەیەمان لە ئەخلاق لا پەسەند بێت کە ئەخلاق پێوەرێکە بۆ هەڵاواردنی چاک لە خەراپ. تێگەیشتن لەوەی شتێک ڕاستە یان هەڵەیە. یان ئەوەتا ئەخلاق تایبەتمەندییەکی چۆنایەتی لە هەڵوێست، کردەوە و دیاردەیە لای کەسێک کە چەندە وەفادار و پێبەندە بە نۆرمە ئیتیکی یان ئەخلاقییەکان. کەوابوو تەنانەت کارێکی دژە ئەخلاقییە لە میدیای پارتیدا دەربکەوی و ببێتە هۆی چەسپاندنی داستانێکی پڕ لە درۆی هەڵبەستراوی مەسعوود بارزانی، حیزبەکەی و میدیاکەی. بێجگە لەوە زوڵمێکیشە دەرحەق بە ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و کاک فواد و مامۆستا عێزەدینی حوسەینی و کۆی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدەکانی.