ئازا پرێس
میدیای بوار راگەیێنراوێکی بڵاو کردۆتەوەو دەڵێت، رۆژنامەنوسی دەزگاکەمان وریا عەبدولخالق لەلایەن بەرپرسێکی سەربازی یەکێتیەوە بریندار دەکرێت.
میدیا بوار دەڵێت لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسە سەربازیە بەناوی تەحسین تەها مەحمەد بەسزای یاسای بگات.
دەقی راگەیەندراوی میدیای بوار:
بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی، وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دیاری بوار بە سەختی بریندار دەکات
دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دیاری دەزگای میدیایی بوار و هەرێمی کوردستان لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتمانی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی بەشێوەیەکی مافیاگەرانەو دڕندانە پەلەماری ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن.
ئەو پەلامارە مافیاییەی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حوکمی و حیزبی لەناوچەکە چەند جارێک لەسەر هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لە عورف و کلتوری کوردی بەناوی ئەوەی کە سەردانی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکەن و داوای لێبوردنی لێدەن، کاتێک ئەو پاسەوانانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەگەن بۆ لای ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق بە چەقۆ و دەمانچە هێرش دەکەنەسەری و بە سەختی برینداری دەکەن.
ئێمە لەدەزگای میدیایی بوار، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت.
ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ئەندامی یەکێتی نیتشیمانی کوردستانە و ناوی ”تەحسین تەها محەمەد”ەو بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات.
لێرەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و کۆنسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسێکی دیاری کوردستانیان داوە.