شیکاری ئازا پرێس
بارودۆخی شەنگال و دەورو بەری تایبەتە چونکە لەلایەک بەهۆکاری کۆمەڵگەی ئێزیدی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، هەمانکات لە رۆژی ئەمڕۆش لەلایەن عێراق و پارتی و تورکیا و بە هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٩-١٠-٢٠٢٠ رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، لەوکاتەوە نائارامی و ئاڵۆزی لەشەنگال زیاتر بووە، چونکە ئەو ڕێککەوتنە زیاتر دەستی دەوڵەتی تورکیا کردەوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی پەرە پێبدات.
بارزانییەکان چۆن دەیانەوێ بەناوی سوپای عێراقەوە بگەن بە مەرامەکانیان؟
هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ بنەماڵەی بارزانی لەلایەک بەبۆنەی بابەکر زێباری وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی و لەلاکەی تر بەبۆنەی پەیوەندیە کۆنەکانیان لەگەڵ ئەفسەرانی گاردی کۆماری سەردەمی سەددام حسێن و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی حیزبی بەعس کە بەشێکیان بە شاراوەیی هەر لەم دواییانەدا لە شاری هەولێریش مردن، پارتی و ماڵی بارزانی پەیوەندیەکی تۆکمەیان لەگەڵ ئەفسەرانی عەرەبی سوننی – شۆڤێنی ناوەڕاستی عێراق پەیدا کردووە و هەمیشە بەرامبەر بە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و دیالە و کامپی مەخمور و شەنگال هەوڵیانداوە ئەو یەکانەی سوپای عێراقی بجوڵێنرێت کە وەک یەکەی سەربازی هەماهەنگی سوپای عێراقی و بنەماڵەی بارزانی دەناسرێن. بێگومان ئەو هێزانە زۆرترین گرنگیان پێدەدرێت و هەم لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هەم لەلایەن دەسەڵاتی پارتی لە هەولێرەوە و هەمیشە تەنسیقی تەواو و هاوکاری لۆجستی و دەرماڵەی تایبەتیان پێشکەش دەکرێت، بەتایبەتی کە بەرەو ناوچەکانی سەر بە یەکێتی لە کەرکوک یان کەمپی مەخمور و بەتایبەتیش ئەگەر بەرەو شەنگال جوڵەیان پێبکرێت.
ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لە شەنگاڵ کە سێ ڕۆژە جێگیرکراون، جگە لە سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی ئێزیدی هیچ ئەرکێکی تریان نیە و خۆیان ڕەنگە بە هەمان شێوەی داعش مەترسیبن بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال، چونکە لە ئێستادا شەنگال یەکێکە لە ئارامترین ناوچەکانی عێراق، ئەگەر سوپای تورکیا داگیرکەر و سیخوڕ و نۆکەرە خۆفرۆشەکانی پارتی وازیان لێبهێنن هیچ کێشەیەکی تر لەوێ بوونی نییە.
لەماوەی ئەم دوو مانگەی دوای، هێزەکانی سوپای عێراق بە دوو هۆکاری جیا لە شەنگال بڵاوەیان پێکرا، جارێکیان گوتیان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا بڕیاری لێبوردنی گشتی داوە بۆ گیراوانی داعش و زۆرینەیان عێراقین و دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، بەڵام ئەنجام هیچ شتێک رووینەدا.
ئەوەی ئەم سێ – چوار رۆژەش کە هێزێکی زۆری سوپا بڵاوەیان پێکردووە لە ناوەڕاستی شەنگال و رۆژئاواکەی، گوایە بەبۆنەی هەڕەشەکانی ئیسرائیلە بۆسەر عێراق، بەڵام هەموومان دەزانین ئیسرائیل پیلانی هێرشی زەمینی بۆسەر عێراقی نییە، بەڵکو پێگەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پەیوەست بەوانی دەستنیشان کردووە، ئەوانیش هیچیان لەشەنگال نیین، بەڵکو لە باشووری عێراقن.
ئەو لێدانەی ئەمڕۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی سڤیل و شەهید کردنی هاوڵاتیانی لێکەوتۆتەوە، گومان دروست دەبێ، ئەگەر جوڵەی سوپای عێراق بەو بارستایە گەورەیە هەیە و گوایە شەنگال لە فڕۆکەکانه سوپای ئیسرائیل دەپارێزن، بەڵام فڕۆکەکانی سوپای تورکیا هێرش دەکەن و سوپای عێراق دەستناکاتەوەو هیچ وەڵامێکیان نییە، ئەمە پرسیارە گەورەکە دروست دەکات، چوونی سودانی لە رۆژانی رابردوو بۆ لای ئەردۆغان بۆ ئەمە بوو؟ یان هۆکار چیە کە سوپای عێراق وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیا ناداتەوە؟؟