شیکاری ئازا پرێس
سەرۆکوەزیران مەحمەد شیاع سودانی دوێنێ ١٣-١١-٢٠٢٤ بەسەردانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. سودانی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا زۆرترین سەردانی هەرێمی کردووە، هەمانکات کەمترین ناکۆکیشی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم هەبووە. چ لایەنەکانی ناو دەسەڵات و چ ئەوانەی دەرەوەی دەسەڵات لە بەغدا کۆڕ و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سازدەکات، بەڵام بەڵێن بەکەس نادا، کەسیش لەخۆی بێ ئومێدناکا.
سەردانی سودانی بۆ هەرێم، سەردانێکی زۆر ئاسایە، چونکە هەرێم بەشێکە لە بەغداو هیچ کەس و لایەنێکیش نایەوێ هەرێم لەبەغدا داببڕێ. بۆیە هاتنی سودانی رووداوێکی زۆر گەورە نییە، سودانی ئەگەر شتێکی پێبکرێ، دەتوانێ لە بەغداش بیکات. لەلایەکیتریش لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەندە خۆیان بێچارە کردووەو هەمووشتێکیان بەستۆتەوە بە مووچە و بودجەوە، بۆیە سڵاوێکی سودانی و تەیف سامی و عەلی عەلاق، زۆرشت دەگۆرێت!!
بۆیە دەکرێ هاتنەکەی سودانی و سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسیەکان لە چەند خاڵێک کورتکەینەوە:
١-پێشوازی لە سودانی لاوازبوو، دەبوا وەک حکومەت ستافێک بۆ پێشوازی هەبووایە، نەک تەنها سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو.
٢-ئەو سێ خاڵە سەرەکیەیی لە جانتاکەی سودانی دابوون، کەس نەیتوانی بەڕاشکاوی بەڵێن لە سودانی وەربگرێ، بەتایبەت، مووچە، بودجە و سەرژمێری.
٣-سێ بارزانییەکە لەکاتی بانگێشەی هەڵبژاردن دەیانگوت تەنها کێشەی مووچەمان نییە لەگەڵ بەغدا، بەڵکو کێشەی نەتەوەیمان هەیە، بەڵام دیاربوو بەوشەیەکیش باسی کێشەی نەتەوەیان نەکردوە.
٤-هیچ بەڵێنێک یان کاغەزێکی واژۆکراو یان بڵاوکراوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت دەرنەچوو.
٥-بینینی سێ بارزانییەکە هەر دانەیەکیان بەجیا، لەگەڵ حیزبەکانی نزیک لە پارتی لە هەولێر، ئەوانیش تەنها باسی موچەیان کردبوو.
٦- مەسعود پزیشکیان بناغەکەی دانا، سودانیش هاتە سەری، وەک دوو پارچە هەڵسوکەوت کردن، بۆیە سەردانی سلێمانی و مەزاری تاڵەبانی بووە بە نەریت.
٧-لەگەڵ ئەوەی پارتی نەیتوانی هەموو لایەنەکان لەهەولێر پێکەوە لەگەڵ سودانی کۆبکاتەوە، حیزبەکانیش زۆرینەیان لە سلێمانی سودانیان بینی.
٨- ئەنجامی هەڵبژاردن و سکاڵاکەر و تۆراوەکانی هەندێکی ئاشتکردەنەوە.
٩-هەموو هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تەنها بینینی حیزبەکان بوو، بۆیە پەیامی خەڵک دیارنییە گەیشتوە بە سودانی یان نا؟
١٠-پێشوازی کردنی هەموو لایەنەکان بەشێوازێکی دۆستانە نەریتێکی کوردانە بوو، رتکردنەوەی دیدار لەلایەن بەرەی گەل و خودی لاهور شێخ جەنگی لە گەڵ نەریتی کوردەواری هاوتەریب نەبوو، دەستبەڕووی میوانن داهێنان لەناو ماڵی خۆت نامۆیە بەنەریتی کوردەواری.
١١- دەگوترێ سودانی پێویستی بەکوردە بۆ بوونەوەی بە سەرۆکوەزیران، بەڵام لەئێستاوە مالیکی و ئێران ئامادەکاری دەکەن کە سودانی مافی خۆ کاندید کردن و بەشداری هەڵبژاردنیشی نەبێ.
١٢-سەردانەکەی سودانی دوای تەلەفۆنەکەی ترامپ و چوونی بۆ لای ئەردۆغان، دەکرێ واتای زیاتربێ، لەلایەک رێگری بکات لە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، لەلایەکیتریش لەگەڵ تورکیا رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکەن، چونکە تورکیا دەیەوێ رێگری بکات لە هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەکە.
١٣- لەدوای کۆبوونەوەکەی ریاز و هاتن بۆ هەرێم، دەبێ ئەوەیان زیاتر قسە هەڵبگرێ، چونکە بارودۆخی عەرەب بەگشتی ئاڵۆزە، شیعەکان گورزیان خواردوەو سونیەکانیش پارچە و بڵاون.
١٤-سودانی لەو پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، ئامۆژگاری کردوون تاکو حکومەت لەماوەیەکی کورتدا پێکبێنن!!!
١٥- بەرلە سەرژمێری عێراق و کوردستان، ئەم هاتنە پاشخانی زیاتری هەیە، سودانی دەیەوێ سەرژمێری وەکو عێراقی بەهەموو نەتەوەو ئاینەکان بە قەبوڵکردن بدات، راستە گوتیان ئەوەی ناوچە جێناکۆکەکان دواتر ئەنجامی رادەگەێنن، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە سەرژمێری دەکرەێت، بەبێ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.
ئەنجام؛
کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر کردن باشە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە بە یاسا و دەستور چارەسەربن، چونکە سەرۆکوەزیرانی بێ هێزی وەک سودانی کە دیارنییە سبەی چی بەسەردێ وەک کازمی و ئەوانیتر، هیچ شتێک زامن ناکات وەک دەسکەوت بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.