ئازا پرێس
ئاژانسی مەعلومەی عێراقی سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەحمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردەوەو لەوبارەیەوە بڕیار و رێنمای پێویستیان دەرخستوە.
دەقی راپۆرتەکەی ئاژانسی مەعلومە:
دوای هەڕەشە نوێیەکان… عێراق بڕیار و ڕێکاری خێرا دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەوارەی زایۆنی
لە کۆبوونەوەی ئاوارتەی ئاسایشی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کە سێشەممە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، گرێدرا و، چەندین بڕیار و ڕێنمایی دەرچوو. ئەم کۆبوونەوە دوای ئەو سکاڵایە هات کە ئسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایش دژی حکومەتی عێراق تۆماری کرد، بە بیانووی پەلاماردانی لەلایەن بەرەی بەرگریی ئیسلامییەوە.
کۆبوونەوەکە چەندین ڕێنمایی بەپەلە و بڕیاری ئاسایشی دەربارەی ئامادەباشی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایش لە حاڵەتی هێرشی قەوارەکە بۆ سەر عێراق، دەرکرد. بڕیارەکان جەختیان لەسەر ڕێگەنەدان بە هەر چالاکییەکی سەربازی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کردەوە.
سودانی لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری دا لە بیانووەکانی قەوارەکە بۆ پاساودانی هێرشێکی پلان بۆداڕێژراو دژی عێراق و، داوای کرد ئامادەکاری ئەمنی پێویست بکرێت بۆ ئەگەری هەر هێرشێک.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی سەربازی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا کە’مەعلومة’ کۆپییەکی بەدەستکەوتووە، جەختی کردەوە کە “عێراق بە توندی سکاڵاکانی قەوارەی زایۆنی رەتدەکاتەوە” و ئەم تۆمەتانە تەنها بیانوون بۆ پاساوی هێرشێکی پلان بۆداڕێژراو.
هەیسەم خەزعەلی، شارەزای ئەمنی، لێدوانی بۆ’مەعلومة’دا و، بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی بە خۆپارێزی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بەرپرسیار دەکرێت لە هەر پێشێلکارییەکی نوێی قەوارەی زایۆنی بۆ کایەی ئاسمانی عێراق.
ئەو زیادی کرد کە “بڕیارەکانی کۆبوونەوە ئاوارتەکە ڕاستەوخۆ ئەمریکای بە تەواوی بە بەرپرسیار دانا لە هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە و، حکومەتی فیدراڵی ئەمەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان باس کردووە”. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە “سکاڵای ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی سەرەتاییە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ فشار خستنە سەر عێراق بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوە سەربازییانەی کە گروپەکانی بەرگریی عێراقی لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامی دەدەن”.
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی پێرێ سێشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئاوارتەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد، تێیدا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا.