دڵشاد ئەنوەر
بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بە ئەگەرێکی بەهێز ناودەبەن و جوڵەکانی سودانی کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ فەرماندەکان ئاماژەن بۆ ئەو ترسەی کە لە دۆخەکە هەیەتی،بەڵام گەر هێرشەکانیش ئەنجام بدرێن پێدەچێت هێرشی سنوردار بن، نەک هێرشی گشتگیرو فراوان، هەرچەندە تا ئێستا ڕوودانی هێرش هەر لە چوارچێوەی ئەگەردایە.
ئیسرائیل چەند جارێک ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادارکردووەتەوە لەو هێرشانەی لەلایەن هێزە عێراقییەکانە دەکرێنە سەری، بەرپرسانی عێراق پێیانوایە ئەم ئاگادار کردنەوانە زەمینەسازی ئیسرائیلن بۆ هێرشکردنە سەر خاکی عێراق.
جیاواز لەوەی ئاگادارکردنەوەکانی ئیسرائیل بە زەمینەسازی هێرش دادەنرێن، بەڵێنەکانی ترەمپیش بۆ بەرپاکردنی دانوستان و دامرکاندنەوەی شەڕ هەمان شتیان لێدەخوێنرێتەوە، بەوەی ئیسرائیل بیەوێت پێش هاتنی ترەمپ جم و جۆڵەکانی چڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی گەر لەکاتی هاتنی ترەمپ دا دانوستان دروستبوو، ئەم بە بەهێزی و نەیارەکانی بەلاوازی بچنە سەر مێزی دانوستان.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزی دۆخەکەو ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ، دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکردو ئەوروپاش پابەندی خۆیان بە بڕیارەکە ڕاگەیاند.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بڕیارەکە بڕیارێکی ئاساییە یاخود کۆ دەنگی نێودەوڵەتی لەسەرەو ئامادەکارییە بۆ قۆناغی دواتر؟
بەتایبەت سەرباری پشتگیری رۆژاوا بۆ ئیسرائیل ، بەڵام لە هەڵسوکەوت و سیاسەتی نەتەنیاهۆ ڕازی نین، ئەمە جگە لەوەی لەناوخۆی ئیسرائیل نەتەنیاهۆ نەیاری زۆرە.
ئەو دیوەی سەرەوە هەموو شتێک نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق نایەوێت وڵاتەکەی ببێتە بەشێک لەشەڕو گروپەکانیش گوێڕایەڵی ناکەن، بۆیە سەرۆکوەزیران فەرمانی بۆ ڕێگەگرتنی لە چالاکییە سەربازییەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت دەرکردووە.
خۆی نێوان سودانی و لایەنە شیعەکان ئاڵۆزە، ئەم ناکۆکییەشی لە سەر بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنی دەرەکی هاتە سەر، بۆیە پێدەچێت ناکۆکییەکان هێندەی تر قوڵتر ببنەوەو دیار نییە ململانێکان تا کوێ دەچن؟ کام لایان براوە دەبێ؟.
ئەمەریکا بەری بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گرتووە، ئەرکی کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سپاردووەتە حکومەتی عێراق، ئەمەش مایەی ئیحراجییەکی گەورەیە بۆ حکومەتەکەی سودانی، بەوەی گەر ڕێگری لەو گروپانە بکات، واتە دەچێتە شەڕەوە لەگەڵیان، گەر نەشیکات لای دونیای دەرەوە حکومەتەکەی بەلاواز دەردەکەوێ.
بۆیە ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئەو پرسیارە دەوروژێنرێت؛ ئایا هێرشی هێزە چەکدارەکان تەحویل دەبێت بۆ ئاڵۆزی نێوان ئەو هێزانەو سوپای عێراق؟ ئایا ئەو هێزانە ڕێگە دەدەن سودانی هەروا بەردەوام بێت لەبەربەرەکانێ کردنیان؟
هێرشی هێزە شیعەکان بۆ سەر ئیسرائیل زیانی گەورەیان نەبووە، بەڵام ئیسرائیلیان بێزار کردووە. ئیسرائیل زیاتر سەرقاڵە بە غەزەو لوبنان و سوریاوە و نایەوێت بەرەی جەنگ فراوان بکات، بۆیە تا ئێستا هێرشەکانی عێراقی پشتگوێ خستووە. لەکاتێکدا حوسییەکان و هێزەکانی عێراق دڵنیان لەوەی پلانی ئیسرائیل نینۆک کردنی هەموویانە بە زنجیرە، بۆیە دەیانەوێ ئیسرائیل ڕابگرن و لەهەموو لاکانەوە لێی بدەن و ڕێگری بکەن لە زیادەڕۆیی کردنی و گەیشتنی تینی ئاگرەکە بەوان.
ئیسرائیل غەزەی وێران کردو حیزبوڵاشی ماندوو کرد، لەمەودوا پلانەکانی ڕوونتر دەبنەوە بەوەی نیازی چی تری هەیە، هەرچەندە لە ئێستاوە دیارە سوریاش لەم کێشمەکێشە دەربازی نابێت، بەڵام پێناچێت جەنگ بە قوڵی و وەکو ئەوەی هەندێک چاودێر تەپڵی بۆ لێدەدەن عێراق بگرێتەوە، هەرچەند وەک ئاماژەم پێکرد لەسەرەتاوە هێرشی ئاسمانی سنوردار پێشبینی بۆ کراوە.