بڕوا ستارە
ئەمڕۆ بەیانی، برادەرێک نووسینێکی بەڕێز (دکتۆر شێرکۆ کرمانج)ی بۆ ناردم، کە تێیدا ترسەکانی خۆی بەرامبەر ئەو سەرژمێرییەی عيراق باس دەکات و کۆمەڵێک داتا و بابەتی هێناوەتەوە، کە هەڵە و پەڵەی تێدایە.
من لێرەدا نامەوێ لە خواست و دڵسۆزی ئەو بۆ پرسی «سەربەخۆیی» کەم بکەمەوە، بەڵام دەمەوێت؛ ڕاشکاوانە لە هەمبەر دید و تێڕوانینە نازانستییەکانی ئەو وتارەی بەڕێزیان، بنووسم و بیخەمەبەر نەشتەری ڕەخنە.
سەرەتا ئەو باس لەوە دەکات، گوایە پلانێکی نەتەوەیی (عروبەیی) و مەزهەبی (شیعی)، لە پشتی ئەم سەرژمێریەدایە و چەند هۆکارێکی بۆ لادانی پرسیاری نەتەوەیی بە خاڵ باس کردوون، ئەم ترسەشی بۆ لەقاڵبدانی کورد و بچوککردنەوە ناسنامەی کوردی لە عێراق گەڕاندووەتەوە.
– لە یەکێک لە هۆکارەکان، بەڕێزیان بەبێ وردکردنەوەی بابەتەکە و نیشاندانی مەترسییەکە بە ڕێگەیەکی زانستی و یاسایی باس لەوە دەکات، بوونی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بتوانن بچنە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم و کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی.
بوونی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لەخۆڕا نییە و هۆکار و پاڵنەری هەیە، هۆکارەکەی بریتییە لە بوونی جەنگ و ناسەقامگیری لە شارەکانی تری عێراق و هۆکاری ئابووری و بازرگانی، کە ئەمەش دۆخێکی ئاساییە و لە زۆربەی وڵاتان ڕودەدات. لە ئەگەری گەڕانەوەی سەقامگیری و بەدەستهێنانی هەلی باشترکردنی دۆخی ئابووری عێراق، زۆرینەیان دەگەڕێنەوە، بۆ ئەمەش داتا لەبەردەستن، بە جۆرێک لە ئێستادا کۆچی پێچەوانە دەستیپێکردووە و بە دەیان هەزار کورد بە مەبەستی خۆبژێوی و کارکردن و باشتربوونی دۆخی دارایی، لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەژین.
بەهۆی لاوازی و نەبوونی هیچ ئارگیۆمێنتێک لە هۆکارەکانی تر، پێم باشە هۆکارەکان وازلێبێنم و بچمە سەر ئەو هەڵە و پەڵانەی کە بەڕێزیان ڕیزیان کردووە.
لە نووسینەکەیدا، دکتۆر شێرکۆ، ئاماژە بە یەکەمین سەرژمێری عێراق دەکات و تەواوی وتارەکەشی لەژێر ڕۆشنایی ئەو سەرژمێرییەدا داڕشتووە، لە کاتێکدا ئەو سەرژمێریەی ئەو باسی دەکات، کە گوایە یەکەمین سەرژمێری بووە، هەڵەیە!، چونکە لە عێراقدا بۆ یەکەمینجار لە ١٩٢٠ و لە سەردەمی ئینتدابی بەریتانی لە عێراق، سەرژمێری بە شێوەیەکی فەرمی و لەژێر چاودێری کۆمەڵەی گەلان بەڕێوەچوو، بەڵام ئەم یەکەم سەرژمێرییە گشتگیر نەبوو. (بڕوانە کۆمێنتی یەکەم)
زانیارییەکەی بەڕێزییان کاتێک ڕاست دەبوو، بیوتایە (یەکەمین سەرژمێری گشتگیر)، چونکە بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەمین سەرژمێری شێوە گشتگیر لە عێراقدا، لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا، کە شێوازەکەی لەگەڵ ئەوەی ١٩٢٠ جیاوازە، ڕەنگە بۆ خوێنەر جیاوازییەک درووست نەکات، بەڵام بۆ کەسێکی ئەکادیمی ئەمە بابەتی جیایە و بە جیاوازیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. (بڕوانە کۆمێنتی دووەم)
بەڕێز دکتۆر شێرکۆ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەم سەرژمێریەدا، نەبوونی پرسیاری نەتەوەیی بە مەترسی دەزانێت، لە کاتێکدا ئەم سەرژمێرییە بە تەواوی لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت و هیچ ئامرێزێکی کلاسیکی تێدا بەکارنەهاتووە، ئەمەش ئەم مەترسیەت بەڕێزیان دەڕەوێنێتەوە، چونکە بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی عێراق بە پێکهاتەکانییەوە، شوێنی لەدایکبوون و نیشتەجێبوون لەگەڵ ناوی خێزان هاوتەریب دەکرێت، بەمەش لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت، بە ئاسانی بزانرێت کە چەند خێزانی عێراقی ڕەسەن لە پارێزگایەکی دیاریکراودا هەن.
با ڕوونتری بکەینەوە، بۆ نموونە؛ ئەگەر لە سیستمی گەڕانی داتابەیسەکەدا و لە شوێنی هاوڵاتی ڕەسەن بنووسی هەولێر، ئەوا هەموو ئەو خێزانانە لە فۆڵدەرێکدا کۆدەکاتەوە کە دانیشتووی ڕەسەنی هەولێرن، بەمەش زانینی دانیشتووانی ڕەسەنی هەولێر، کە زۆرینە کوردە ژمارە و قەبارەکەی دەردەخات، ئەگەر مەترسییەکە کەرکوک و ئەو ناوچانەیە کە پێکهاتەکەی فرەنەتەوەییە، ئەوا ئەوەشیان ئاسانە، چونکە بە هەوڵێکی بچوکی حکومەتی هەرێم دەزانرێت، کە دانیشتووی کوردی بۆ نموونە شاری کەرکوک چەندە، چونکە لەپاڵ شارەکە، ناوی خێزانەکان بە کۆکراوەیی نیشان دەدات.
با ڕوونتری بکەینەوە، بۆ نموونە ئەگەر تەنها ناوی خێزانێک بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ئەوا بە ئاسانی هەرچی خزم و کەسی هەیە دەدۆزرێتەوە و دەتوانرێت بەم ڕێگەیە لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی کوردانی کەرکوک جیا بکرێنەوە، چونکە کوردانی ئەو ناوچانە، لەلایەن دەستەی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە حکومەتی هەرێمدا تۆمار کراون.
لە شوێنێکی تردا دکتۆر شێرکۆ، بەبێ نیشاندانی هیچ فاکتێکی زانستی، پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک دەبەستێتەوە بە کەمی ژمارەی خێزان و وەچەخستنەوە، کە تەنانەت بەڵگەشی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکەی نەهێناوەتەوە، هیوادارم چەند نموونەیەک لەمبارەیەوە بخاتەڕوو.
لەپێناو درێژنەبوونەوەی نووسینەکە، لێرەدا نووسینەکە کۆتایی پێدەهێنم و هیوادارم بە دڵێکی پاکەوە لێم وەرگرێت.
وێڕای ڕەخنەگرتن، دەستخۆشی و پێزانینی زۆرم بۆ کارەکانی دکتۆر شێرکۆ کرمانج هەیە و بە مرۆڤێکی دڵسۆز و خەمخۆرێکی گەلەکەی دەزانم.